نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ عێراق: پێویستە گرووپە چەکدارەکان بخرێنە ژێر کۆنترۆڵی حکومەت

رووداو دیجیتاڵ

نێردەکەی ترەمپ بۆ عێراق، لە راگەیێندراوێکی فەرمی دا، جەختی لە پشتیوانییەکانی واشنتنی بۆ عێراق کردەوە و رایگەیاند: پێویستە گرووپە چەکدارەکان بخرێنە ژێر کۆنترۆڵی حکومەت لە پێناو داهاتوویەکی باشتر دا.
 
مارک ساڤایا، نێردەیەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایە بۆ عێراق، بەرەبەیانیی 31ـی تشرینی یەکەمی 2025 راگەیێندراوێکی فەرمی لەبارەی هاتنی بۆ عێراق بڵاوکردەوە.
 
ساڤایا باسی لەوەکرد، سەرکردایەتیی عێراق لە سێ ساڵی رابردوودا "هەنگاوی گرنگی ناوە بۆ گەیاندنی وڵاتەکە بە ئاراستەیەکی دروست، چ لەڕووی سیاسی و چ لەڕووی ئابووریشەوە."
 
عێراق دەستی کردووە بە "دووبارە دەرکەوتنەوە وەک دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری، هەوڵی کەمکردنەوەی کاریگەرییە دەرەکییەکان، خستنە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی شەرعییەوە و کردنەوەی بازاڕەکانی بەڕووی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکاندا بۆ یارمەتیدان لە ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی ژێرخانی لاوازی وڵاتەکە." مارک ساڤایا وایگوت.
 
هاوکات گوتیشی،"هێشتا تەواو نەبووە، و عێراق هێشتا پێویستی بە پشتیوانیی بەردەوامە بۆ مانەوە لەسەر ئەم رێچکەیە." نێردەکەی ترەمپ رایگەیاند: "حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڕوونی رایگەیاندووە کە هیچ شوێنێک نییە بۆ گرووپە چەکدارەکان کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت کار بکەن."
 
مارک ساڤایە دەڵێت، "سەقامگیری و خۆشگوزەرانیی عێراق پەیوەستە بە هەبوونی هێزێکی ئەمنیی یەکگرتوو لەژێر فەرماندەیی یەک حکومەت و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، یەکگرتوو لەژێر یەک ئاڵا دا کە نوێنەرایەتیی هەموو عێراقییەکان بکات. بەبێ ئەم یەکێتییە، سەروەری و پێشکەوتنی عێراق لە مەترسی دا دەمێنێتەوە."
 
لە پەیامەکەی دا نێردەکە داوای عێراقێکی "تەواو سەروەر، دوور لە دەستێوەردانی دەرەکیی زیانبەخش، لەوانەش ئێران و میلیشیاکانی" کرد و، گوتی کە ئەمە "پابەندبوون بە خزمەتکردنی هاوڵاتییانی و ژیان بە ئاشتی لەگەڵ دراوسێکانیدا" دەگرێتەوە. بۆ دڵنیابوون لە "ئاسایشێکی درێژخایەن، گەشەی ئابووری، و یەکگرتوویی نیشتمانی."
 
لە راگەیێندراوەکەدا مارک داوای "یەکێتی و هاوکاریی نێوان دەسەڵاتدارانی فیدراڵی و هەرێمیی عێراق" دەکات. ئەمەش ئاماژەیەکی گرنگە بۆ پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی ناوەند و حکومەتی هەرێمی کوردستان."
 
نێردەکەی ترەمپ باس لەوە دەکات کە "عێراق وڵاتێکی محوەرە لە ناوچەکەدا و دەبێت رۆڵی سرووشتیی خۆی بگێڕێت لە برەودان بە ئاشتی، ئاسایش و، سەقامگیریی هەرێمایەتی." 
 
"نابێت بگەڕێتەوە بۆ رابردوو یان شێوازێک بگرێتەبەر کە رێگر بێت لە پێشکەوتن و یەکێتی." مارک ساڤایە وای گوت و لە کۆتایی راگەیێندراوەکەشدا نێردە تایبەتەکە پشتڕاستی کردەوە کە "ئەوە ئەرکی منە، لەبری سەرۆک ترەمپ، بۆ بەشداریکردن لەگەڵ عێراق و پشتگیریکردنی بەردەوامبوونی لە پەیڕەوکردنی سەقامگیری، سەروەری، و خۆشگوزەرانی."
 
ئەو نێردەیەی ترەمپ لە کۆتایی دا رایگەیاندووە: "عێراق هێشتا بایەخێکی زۆری هەیە بۆ ناوچەکە و بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانیش. بە یەکێک لە بەهێزترین و بەنرخترین هاوبەشەکانی ئەمریکا دەمێنێتەوە، و من پابەندم بە زیاتر بەهێزکردنی ئەم پەیوەندییە لەگەڵ وەرگرتنی ئەم رۆڵە شەرەفمەندانەیە وەک نێردەی تایبەت."
 
راگەیێندراوەکەی بە دروشمی "با عێراق دووبارە گەورە بکەینەوە" (MAKE IRAQ GREAT AGAIN) کۆتایی هاتووە.