رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا بڵاویکردەوە، مارک ساڤایای وەکو نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق دیاریکردووە. دەشڵێت، ئەو تێگەیشتنێکی باشی لە پەیوەندییەکانی واشنتن و بەغدادا هەیە.
رۆژی یەکشەممە، 19ی تشرینی یەکەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تروس سۆشیال بڵاویکردەوە، "دڵخۆشم رایدەگەیێنم مارک ساڤایا، بووە نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کۆماری عێراق". دەشڵێت، "تێگەیشتنە زۆرباشەکەی لە پەیوەندییەکانی عێراق-ئەمریکا و پەیوەندییەکانی لە ناوچەکە یارمەتیدەر دەبێت لە پێشخستنی بەرژەوەندیی هاووڵاتییانی ئەمریکا".
مارک ساڤایا یەکێکە لەو کەسانەی رۆڵێکی کاریگەری لە ئازادکردنی ئیلیزابێس تسورکۆڤدا هەبووە. ئەو بارمتەیەکی ئیسرائیلی بوو کە 9ی ئەیلوولی ئەم ساڵ دوای چەند ساڵێک لە بارمتەبوونی لەلای گرووپە چەکدارەکانی عێراق ئازاد کرا.
رۆژی 3ی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ، تسورکۆڤ لە ئێکسەکەیدا نووسی، "زۆر سوپاسگوزاری ئادەم بۆیلە، نێردەی تایبەت بۆ کاروباری بارمتەکان، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مارک ساڤایا و میک بیرگمان دەکەم بۆ ئەو هەوڵانەی دایان بۆ ئازادکردنم".
سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی، "مارک کارەکتەرێکی سەرەکیی کەمپەینەکەم بوو لە میشیگن، کە تێیدا ئەو و کەسانی دیکەش هاوکاربوون لە بەدەستهێنانی دەنگی موسڵمانان (لەو ویلایەتەدا). پیرۆزە مارک!"
لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکادا کە 5ی تشرینی دووەمی رابردوو کرا، دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان 49.7٪ی دەنگی ویلایەتی میشیگنی بەدەستهێنا و کامالا هاریس، بەربژێری دیموکراتەکانیش 48.3٪ی دەنگەکانی بردەوە. نزیکەی 5٪ی دانیشتووانی ویلایەتەکە موسڵمانن.
مارک لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکادا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بانگەشەیەکی زۆری بۆ ترەمپ کرد و داوای لە هاووڵاتییان دەکرد دەنگی پێبدەن.
ئەو چەند جارێک لەگەڵ هەریەک لە دۆناڵد ترەمپ، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردە کۆمارییەکان دەرکەتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ