ئەشکەوتی بێستون :
لەسەر چیای برادۆست و باکووری خۆرئاوای شاری هەولێر بە دووری (97کم ) بە دوو رێگای قیرتاو کراو دەگەیتە ئەم ئەشکەوتە یەکێکیان لە بەرزایی چیای سپیلک بەرەو دۆڵی خەلان و بناوێ لەوێشەوە بەرەو بەرزایی چیای برادۆست. دووەمیان لە کۆتایی گەلی علی بەگ بە رێگایەکی کە بەرەو خۆرئاوا دەڕوات لە نێوان (هاودیان _سارداو) دا رێگایەکی لاوەکی بەرەو بەرزایی چیای برادۆست سەردەکەوی تا دەگەیتە ئەشکەوتی بێستون. دەکەوێتە سەر رێگاکەو دەرگاکەی نزمەو لە ژوورەوە زۆر فراوانە کۆتایی دیار نییە ، لەسەر ئەشکەوتەکەشدا کونێک هەیە رووناکی دەداتە بەشێکی ئەشکەوت، زیاتر لە 100م درێژ و 40م پان و 10م بەرز دەبێت، سەدان بلوری کریستالی لە ناویدا شۆربوونەتەوە و بەسەرکەوتوون، کریستالەکان جۆراو جۆرن و دیمەنێکی سەرنجراکێشیان دروست کردووە.
ئەشکەوتی (دیان و بێستون) بۆ یەکەم جار (هێنری فیلد) لە ساڵی (1934ز) سەردانی کردووە ، بەڵام هیچ بەڵگەیەکی نەدۆزیوەتەوە بۆ دەست نیشانکردنی مێژوو و سەردەمەکەی. دووبارە لە ساڵی (1950ز) (هێنری فیلد) لەگەڵ (فۆاد سەفەر) سەردانیان کردووەتەوە و هەڵکۆلینیان تێدا ئەنجام داوە و چەند کەلوپەلێکی فخاریان دۆزیوەتەوە کە مێژوویەکەی دەگەڕێتەوە بۆ چاخی بەردینی نوێ. لە قولایی ئەشکەوتی بێستوندا چەند گۆمێکی ئاو دەبینرێت لەگەڵ چەندان چوڕاوگەی کلسی کەبەشێوەی سەرنج راکێش شۆر بونەتەوە. ئەم ئەشکەوتە بە ئەشکەوتی ( بێ بن ) ناسراوە، کە هەندێک گەڕیدەی جیۆلۆجی بۆ چەند سەعاتێک رویشتوونەتە ناو قوڵایی ئەشکەوتەکە و نەگەیشتوونەتە کوتایی.
لە نێو ئەو ئەشکەوتە چەندین بۆشایی فراوان هەیە کە جێگای دەیان کەس دەبێتەوە و تا ئێستا لێکولینەوەی زانستی بۆ نەکراوە .
بە گەورەترین ئەشکەوتی پارێزگای هەولێر دادەنرێت .
ئەوەی ماوە کە بگوترێت ئەوەیە کە جێگای ئەسەفە کە تاکو ئێستا حکومەتی هەرێم ، گەشت وگوزاری هەرێمی كوردستان نەیتوانیوە سوود لەم ئەشکەوتە گەورەیە وەربگرێت وەکو وڵاتانی جیهان ،بەنموونە وڵاتی مەکسیک کە ئەشکەوتێکی هاوشێوەی هەیە و ساڵانە بەسەدان گەشتیار ڕوی تێدەکەن ، ئەم ئەشکەوتە بکاتە شوێنێکی گەشتیاری کە داهاتێکی باشی دەبێت بۆ کوردستان ...
سەوری نصرالدین شێمەت
27/2/2014 پێنج شەممە