وردەکاریی رفاندن و کوشتنی هاونیشتمانییەک لە نزیک قەرەچووخ

19-07-2018
هێڤیدار ئەحمەد
"پێنج چەکدار هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەی"
"پێنج چەکدار هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەی"
نیشانەکردن قەرەچووخ
A+ A-

رووداو - مەخموور

ئەمڕۆ (پێنجشەممە 19-7-2018) تەرمی هاونیشتمانییەک بەناوی "مەجید عەلی" لە دەوروبەری گوندی قەراجی سەر بە مەخموور دۆزرایەوە. هەشت فیشەک بە جەستەیەوە بوو. 

درەنگانێکی شەوی چوارشەممە، پێنج چەکدار بە جلی کوردییەوە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی مەجید عەلی و رفاندوویانە. هاوژین و منداڵەکانی بەگریانەوە رێگرییان لێکردووە، چەکدارەکان تەنیا گوتوویانە "بۆچی سوپا هاتوونەتە ماڵتانەوە و نانیان خواردووە". 

فەخریە حوسێن، هاوژینی مەجید بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە دەڵێت "زۆر تکامانکرد و رێگریمانکرد، بەڵام چەکدارەکان لە ژوورێکی ماڵەکەدا خۆم و شەش منداڵەکەمیان بەندکرد و دەرگایان لەسەر داخستین، ئیدی مەجیدیان رفاند".

برایەکی رفێندراوەکە چەند کاژێرێک پێش کوشتنی پەیوەندی بە مەجیدەوە کردووە، هەر ئەوەندەی گوتووە کە رفێندراوە و ناتوانێت قسەبکات.

خەڵکی ناوچەکە دەڵێن، لە دەوروبەری چیای قەرەچووخ زیاتر لە 100 چەکداری داعش هەن، کە عەرەب و کورد و بیانییان تێدایە، بەڵام هێزە ئەمنییەکان نەیانتوانیوە لەنێویانبەرن.

مەجید عەلی خەڵکی گوندی پیرداودە لە دامێنی چیای قەرەچووخ، بۆ کشتوکاڵ و مەڕداری لەوێ بووە. شەش منداڵی لەدوای خۆی بەجێهێشت. 

چەند رۆژی رابردوو هێزەکانی پێشمەرگە بە پشتیوانی فڕۆکەکانی هاوپەیمانان ئۆپەراسیۆنێکیان لە چیای قەرەچووخ دژی داعش ئەنجامدا. لەو شەڕەدا لانیکەم 14 چەکداری داعش کوژران، بەڵام شەش پێشمەرگەش شەهیدبوون.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە