سائیروون و فەتح هاوپەیمانییان راگەیاند

12-06-2018
نەهرۆ محەممەد
نیشانەکردن سەدر عامری
A+ A-

رووداو-هەولێر

هاوپەیمانی سائیروون بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر و هاوپەیمانی فەتح بە سەرکایەتی هادی عامری هاوپەیمانییان راگەیاند.


ئێوارەی رۆژی سێشەممە 12ی حوزیرانی 2018هاوپەیمانی سائیروون، کە لەلایەن موقتەدا سەدر پشتوانی دەکرێت و هاوپەیمانی فەتح بەسەرۆکایەتی هادی عامری بۆ پێکهێنانی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی هاوپەیمانێتییەکیان راگەیاند. موقتەدا سەدر رابەری رەوتی سەدر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لەگەڵ هادی عامری لە ماڵەکەیدا لە شاری نەجەف رایگەیاند" هاوپەیمانی نێوان فەتح و سائیروون لە چوارچێوەیەکی نیشتمانی دایە".

رابەری رەوتی سەدر کە پشتیوانی لە هاوپەیمانی سائیروون دەکات و بە سەرۆکی ئەو هاوپەیمانییە دادەنرێت گوتی: "پارێزگاری لە هاوپەیمانی سێ قۆڵیان لەگەڵ رەوتی حیکمە (بەسەرۆکایەتی عەممار حەکیم) و ئیئتلافی وەتەنییە ( بەسەرۆکایەتی ئەیاد عەلاوی) دەکەن".

لەبارەی رووداوی ئاگرکەوتنەوەکە لە کۆگای سندووقەکانی دەنگ لە رەسافەی شاری بەغدا، سەدر گوتی، ئەوەی لەبارەی سندووقەکانی دەنگدان کراوە تاوانێکی ئیدانەکراوە و دوای راگەیاندنی ئەنجامەکان هەڵوێستیان دەبێت.

لای خۆیەوە، هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا گوتی "کێشەیان لەگەڵ ئەژمار و جیاکردنەوەی دەستی دەنگەکان نییە ، بەڵام نابێت لە نێوان 5 بۆ 10% تێپەڕ بکات".

لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا، هاوپەیمانی سائیروون بەسەرۆکایەتی موقتەدا سەدر بە بەدەستهێنانی 54 کورسی پلەی یەکەمی بەدەستهێنا. هاوپەیمانی فەتح بەسەرۆکایەتی هادی عامری بە 47 کورسی پلەی دووەم و هاوپەیمانی نەسر بەسەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی، بە 42 کورسی پلەی سێیەمی بەدەستهێناوە. بەڵام بەشێک لەلایەنەکان بەتایبەتی ئەوانەی دەرنەچوون یاخود دەنگی کەمیان هێناوە، ئەنجامەکانی هەڵبژاردن رەتدەکەنەوە و دەڵێت ساختەکاری کراوە.

ریزبەندی و ژمارەی کورسییەکانی لیستە گەورەکان لە عێراق بەمشێوەیە:

 هاوپەیمانێتیی سائیروون بە سەرۆکایەتیی موقتەدا سەدر 54 کورسی
 هاوپەیمانێتیی فەتح بە سەرۆکایەتیی هادی عامری 47 کورسی
 هاوپەیمانێتیی نەسر بە سەرۆکایەتیی حەیدەر عەبادی 42 کورسی
 هاوپەیمانێتیی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی 26 کورسی
 پارتی دیموکراتی کوردستان 25 کورسی
هاوپەیمانێتیی وەتەنییە بە سەرۆکایەتیی ئەیاد عەللاوی 21 کورسی
 رەوتی حیکمە بە سەرۆکایەتیی عەممار حەکیم 19 کورسی
 یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 18 کورسی
 هاوپەیمانێتی قەرار بە سەرۆکایەتیی ئوسامە نوجێفی 15 کورسی

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە