ئەم هەفتەیە بە سیستەمی نوێ دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت

01-04-2018
سەنگەر عەبدولڕەحمان
سەنگەر عەبدولڕەحمان @sangarrudaw
رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لەبارەی دابەشکردنی مووچە قسەی کرد
رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لەبارەی دابەشکردنی مووچە قسەی کرد
نیشانەکردن مووچە رێباز حەملان
A+ A-

رووداو - هەولێر

ئەم هەفتەیە بە سیستەمی نوێ دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت، وەزیری دارایی و ئابووریش دەڵێت: "دەتوانین لەم هەفتەیە خشتەی نوێی مووچە بەپێی سیستەمی نوێ ئامادەبکەین، بەڵام دابەشکردنی دەکەوێتە سەر وەزارەتەکان کەی لیستی مووچەمان بۆ دەنێرن".

سەنگەر عەبدولڕەحمان، پەیامنێری رووداو لە هەولێر، رۆژی یەکشەممە 1ی نیسانی 2018 رایگەیاند، ئەم هەفتەیە سیستەمی نوێی مووچە جێبەجێدەکرێت، بەپێی سیستەمە نوێیەکەش دەست بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران دەکرێت.

هاوکات رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "ئەمڕۆ لەگەڵ بەڕێوەبەری گەنجینەکان کۆبوومەوە. سەرجەم گەنجینەکان بڕیاریان دا لەم دوو بۆ سێ رۆژەدا پێداچوونەوە بە سەرجەم ئەو لیستانەدا بکەن کە پێویستن بۆ دابەشکردنی مووچە بە سیستەمی نوێ و ئامادەیان بکەن. هەر ئەمڕۆ لەگەڵ وەزیری پەروەردە و وەزیری تەندروستی قسەمکرد و پێمگوتن دەتوانین لەم هەفتەیە خشتەی نوێی مووچە ئامادەبکەین، بەڵام دەکەوێتە سەر ئێوە لیستی مووچەمان بۆ بنێرن. داوام لە هەردوو بەڕێزان و سەرجەم وەزارەتەکانی دیکەش ئەوەیە، لیستی مووچەمان بە هەماهەنگی لەگەڵ گەنجینەکانی وەزارەتی دارایی بۆ ئامادەبکەن، ئێمە بەپێی ئەو داهاتەی لەبەردەستمانە مووچەی داهاتوو دابەشدەکەین".

لەبارەی بەردەستبوونی پارەکەش رایگەیاند: "وەزارەتی دارایی بەشێکی داهاتی ئامادەکردووە و رادەستی کردووین، ناگاتە ئەو بڕەی کە لەسەری رێککەوتووین و 378 ملیار دینارە، بەڵام بەشێکی باش لەو پارەیە ئامادەکراوە. ئەوەی دیکەشی دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی بەغدا وەجبەی دووەمی پارەکەمان بۆ بنێرێت کە بڕەکەی 317 ملیار دینارە. لەگەڵ 25 ملیار دینارەکەی ئەمریکاش کە مانگانە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دابینی دەکات".

وەزیری دارایی هەر لە کۆنگرەکەدا پەیامێکی ئاراستەی خۆپیشاندەران کرد، داوای لێکردن بایکۆت بشکێنن و دەست بە دەوام بکەنەوە. ناوبراو رایگەیاند: "ئەوەی بەلامانەوە مەبەست بوو خوێندنی ئەمساڵ کاتێکی کەمی ماوە، لەپێناوی خوێندکاران و قوتابیانی وڵاتەکەمان بۆئەوەی ئەمساڵی خوێندیان نەفەوتێت، هەروەها لەپێناو هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان کە بەشێکی زۆری نەخۆشخانەکان داخراون، بۆئەوەی ئەوانیش بکرێنەوە، داواکارین لە خوشک و براکانمان لە وەزارەتەکانی پەروەردە و تەندروستی، ئەو هەموو خۆڕاگرییەی لە چەند ساڵی رابردوودا دەریان بڕی، ئێستاش "بەردەوامبن، ئێمە ئەوە بە نەزەری ئیعتیبار و بە سوپاسێکی گەورە لێیان وەردەگرین، 

حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی 28-3-2018 سیستەمی نوێی مووچەی بۆ فەرمانبەرانی مەدەنی راگەیاند، بەپێی سیستەمە نوێیەکە زۆرترین رێژەی پاشەکەوت 30% دەبێت، بەڵام ئەم سیستەمە پلەباڵاکان ناگرێتەوە، ئەوان هەر بە سیستەمە کۆنەکە مووچە وەردەگرن و 75%ی مووچەیان لێ دەبڕدرێت.

تاوەکو ئێستا دەستکاری مووچەی وەزارەتەکانی پێشمەرگە و ناوخۆش نەکراوە، بەڵام حکومەت بڕیاری داوە مانگانە بڕی 22 ملیار دیناری دیکەیان بۆ خەرجبکات. وەزیری دارایی لەمبارەیەوە رایگەیاند: "هەر ئەمڕۆ لەگەڵ کەریم شنگالی، وەزیری ناوخۆ و وەزیری پێشمەرگە بەوەکالەت قسەمکرد، تاوەکو ئەوانیش خۆیان ئامادەبکەن بۆ ئەوەی لەسەر خواستی خۆیان 10 ملیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ و 12 ملیارەکەی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ کەمکردنی رێژەی پاشەکەوتی مووچە خەرجبکرێت".

رێباز حەملان راشیگەیاند: "ئەوان کێشەکانی خۆیان باشتر دەزانن، بۆیە پێمانباشبوو خۆیان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی بڕیاربدەن، داوام لێکردوون فەرمانبەرانی ئەو دامەزراوانەی لەنێو هەردوو وەزارەتەکە رێژەیەکی زۆری مووچەیان لێ بڕاوە، بەسەر ئەوانی دابەش بکەنەوە، بۆنموونە فەرمانبەرانی مەدەنی وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانبەرانی سەر بە یەکی پاسەوانی مەدەنی، لە ئاسایش و وەزارەتی پێشمەرگەش بەهەمانشێوە".

لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەی رێباز حەملان، وەزیری دارایی و بەڕێوەبەری گەنجینەکانی کوردستان، پەیامنێری رووداو رایگەیاند: کۆبوونەوەکە بۆ دوو بابەت بوو، یەکەمیان چۆن دەست بە جێبەجێکردنی سیستەمی نوێی مووچە بکرێت، دووەمیشیان چۆن دەستکاری مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایش و ناوخۆ بکرێت، کە جیاواز لە فەرمانبەرانی مەدەنی بڕیاریان بۆ دەرچووە". 

پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوەش کرد کە بڕیاربوو دوای ئەم کۆبوونەوەیە وەزارەتەکانی دارایی و وەزارەتی ناوخۆ کۆببنەوە، بەڵام کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ ناکرێت و بۆ یەک دوو رۆژی داهاتوو دواخراوە.

داڕشتنەوە: دەرباز ساڵح

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە