ئەنجوومەنی وەزیران: پێویستە مووچەخۆران مانگانە بێ کێشە لەڕێگەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە مووچەیان وەربگرن

11-10-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن مووچە بودجە ئەنجوومەنی وەزیران
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا رایگەیاند "پێویستە مووچەخۆرانمان مانگانە بێ کێشە و ئاستەنگ، لەڕێگەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە مووچەیان وەربگرن.'
 
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا گوتوویەتی "لەناو خشتەکانی بودجەی فیدراڵی بڕە پارەی پێویست بۆ مووچەخۆرانی هەرێم تەرخانکراوە و بەهانەی فرۆشتن و هەناردەکردنی نەوتی هەرێمیش نەماوە تاوەکو (بەهۆیەوە لەلایەن حکومەتی عێراق) شایستەکانی هەرێم رابگرن'.
 
کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیران، ئەمڕۆ (چوارشەممە، 11-10-2023) بەسەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری کرا، تێیدا بەگوێرەی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی مووچە، نەوت و رەوشی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان کراوە.
 
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە؛ لەلایەن عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، دوا هەنگاو و بەرەوپێشچوونەکانی کاری وردبینکردنی خشتەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، لەلایەن تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان خرایەڕوو، کە ماوەی هەفتەیەکە دەستبەکار بوون، "ئەم هەنگاوەش، دەستپێشخەریی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو بە سەرۆکایەتيی سەرۆکوەزیران لە دوا سەردانیدا بۆ بەغدا."
 
'حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەرکی خۆی جێبەجێ کردووە و ئیدی ئەرکی حکومەتی فیدراڵە'
 
ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەکەیدا جەخت دەکاتەوە لەوەی؛ وەزارەت و دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەماهەنگ بوون و سەرجەم زانیاریی پێویست خراوەتە بەردەست لیژنە هاوبەشەکە، 'بەم جۆرەش، ئەوەی لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستانە جێبەجێ کراوە و ئیدی ئەرکی حکومەتی فیدراڵە، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەڕێگەی دامەزراوە فەرمییەکانی حکومەتی هەرێم، وەک شایستەی دارایی خۆیان دابین بکات و وابەستە نەکرێت بە ناکۆکیی و کێشە سیاسیيەکان و پابەندییەکان و پێویستە بەیەک چاو سەیری سەرجەم مووچەخۆران بکرێت لە سەرتاسەری عێراقی فیدراڵ.'

 

 
"لەناو خشتەکانی بودجەی فیدراڵی، پارە بۆ مووچەخۆرانی هەرێم تەرخانکراوە و بەهانەی فرۆشتن و هەناردەکردنی نەوتی هەرێمیش نەماوە"
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا دووپاتی کردەوە "حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشتر هەموو داتا و زانیارییەکانی تایبەت بە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی زۆر روون و شەفاف و تۆمارکراو لە سیسته‌مێکی ئەليکترۆنیى پێشکەوتووی بایۆمەتریی، پێشکەشی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ کردووە و، بەردەوامیشە لەم هەماهەنگییە لە چوارچێوەی سنوور و دەسەڵاتەکانی هاتوو لە دەستووردا و بەگوێرەی پێداویستيیەکانی سیستەمی فیدراڵی لە بواری دارایی. حکومەتی هەرێم درێخی ناکات لە هەوڵەکانی لەم بارەیەوە و بە ئەرکی لەپێشینەی دەستووریی و یاسایی خۆی دەزانێت، لەبەرانبەردا ئەرکی حکومەتی فیدراڵە کە پابەندیی دەستووریی خۆی جێبەجێ بکات، بەتایبەتیش کە زانیاریی تەواو لەسەر ژمارەی مووچەخۆران و بڕی مووچەکانیان و ئەو یاسا و رێنماییانەی کە پەیوەندیدارن هەیە".
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هەروەها جەختی کردووەتەوە لەوەی، "لەنێو خشتەکانی بودجەی فیدراڵیشدا بڕە پارەی پێویست بۆ مووچەخۆرانی هەرێم تەرخانکراوە و بەهانەی فرۆشتن و هەناردەکردنی نەوتی هەرێمیش نەماوە تاوەکو شایستەکانی هەرێم رابگرن. بۆیە پێویستە مووچەخۆرانی هەرێم، وەک هەموو مووچەخۆرانی پارێزگاکانی عێراق، مانگانە بێ هیچ کێشە و ئاستەنگێک، مووچەکانیان لەڕێگەی دامەزراوە فەرمییەکانی حکومەتی هەرێم وەربگرن."

 

حکومەتی عێراق رایگەیاندووە، بۆ تەواوی ئەمساڵ، سێ قەرزی 700 ملیاری بۆ مانگەکانی 9، 10 و 11ـی 2023 بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت، بەڵام وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەو پارەیە مووچەی مانگەکانی تەممووز و ئاب و ئەیلوول دەدات. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەنجێک لە عەلوەی سلێمانی خەریکی کارکردنە

عەلوەی سلێمانی: بەهۆی گرانیی کارەباوە رۆژانە 3 بۆ 4 تۆن سەوزە و میوە فڕێ دەدەین

بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی دەڵێت، بەهۆی گرانیی نرخی کارەباوە ناتوانن ساردکەرەوەکان کارپێبکەن، بەو هۆیەشەوە رۆژانە سێ بۆ چوار تۆن سەوزە و میوەیان خراپ دەبێت و فڕێی دەدەن