رووداو - هەولێر
شاندێکی بازرگانی ئەمریکا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و لەگەڵ ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر کۆدەبێتەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ شاندێکی بازرگانی ئەمریکا سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد، کە لە نوێنەرانی 25 کۆمپانیا و بازرگانی ئەمریکی پێکهاتوون. بڕیارە کاژێر 6:00ی ئێوارە شاندە ئەمریکییەکە دیدارێکی بازرگانی لەگەڵ یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی کوردستان ئەنجامبدات.
ئەسکەندەر محەممەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان راگەیاند "گرنگی ئەم سەردانە لەوەدا خۆی دەبینێتەوە کە ژمارەیەکی بەرچاو لە کۆمپانیا و بازرگانانی ئەمریکی لەگەڵ بازرگانانی کوردستان لە دیدارێکدا گفتوگۆ دەکەن، بۆ ئەوەی بگەن بە چەند خاڵێکی هاوبەش و پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوانیان بەهێز بکەن".
بەگوتەی ئەسکەندەر محەممەد، بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ ئەمریکا و هاتنی سەرمایەی ئەمریکی بۆ کوردستان، "دەبێتە هۆکارێکی باش و فاکتەرێکی بەهێز بۆ پاڵپشتی هەرێمی کوردستان، لە داهاتووشدا دەبێتە پاڵپشتی سیاسیش".
بەڕێوەبەری راگەیاندنی یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی گوتیش بەستنی دیدارێکی لەم شێوەیە و بەو بەرفراوانییە بۆ یەکەمجارە لەگەڵ ئەمریکییەکان دەکرێت. پێشتر دیدارێکی دوو لایەنە و چەند لایەنە ئەنجامدراوە، بەڵام یەکەمجارە بەشێوەیەکی فراوان ئەنجامبدرێت".
رۆژی دووشەممەی هەفتەی رابردوو شاندێکی بازرگانی تورکیا سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد و لەگەڵ ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر کۆبوونەوە، کە لە نوێنەرانی 12 کۆمپانیا لە بوارە جیا جیاکان پێکهاتبوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ