ڤیدیۆ؛ ئەمریکییەکان یاری بۆ حەشدی شەعبی دەکەن

01-04-2024
ئیحسان تاهیر
یاریزانانی ئەمریکیی یانەی حەشدی شەعبی
یاریزانانی ئەمریکیی یانەی حەشدی شەعبی
نیشانەکردن یانەی حەشدی شەعبی یاریزانانی ئەمریکی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە وەرزشدا یان مەحاڵ نییە، یان دەبێت بڵێی وەرزش جیهانێکی سەربەخۆی دوور لە سیاسەتە.
 
کێ بڕوای دەکرد سێ یاریزانی ئەمریکی یاری بۆ یانەی حەشدی شەعبی عێراق بکەن، کە هەندێک لە میلیشیاکانی حەشد تۆمەتبارن بە هێرشکردنە سەر بنکە و بارەگاکانی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و تەنانەت دەستیان سوورە بە خوێنی سەربازە ئەمریکییەکان.
 
تیپی باسکەی یانەی حەشدی شەعبی عێراق پشت بە سێ یاریزانی ئەمریکی دەبەستێت، کە لە رووی وەرزشییەوە ئاساییە ئەمریکییەک یاری بۆ حەشدی شەعبی بکات، بەڵام لە روانگە سیاسییەکەوە پرسەکە ئاڵۆزترە.
 
ئۆسینا ئیرۆگبۆ، تەمەنی 27 ساڵە، ئەو پێشتر لە خولەکانی نایجیریا و قەتەر یاری کردووە و مانگی رابردوو گرێبەستێکی لەگەڵ حەشدی شەعبی کردووە و لەگەڵیدا بەشداری لە خولی نایابی باسکەی عێراق دەکات، ئەو دەڵێت بیر لە سیاسەت ناکاتەوە و تەنیا بیری لای باسکەیە
 
ئۆسینا ئیرۆگبۆ، دەڵێت "هەموو هاوڕێکانم هەندێک شارەزاییان لە زمانی ئینگلیزی هەیە، بەڵام لەنێو یاریگەدا زمانێکی دیکەی بێدەنگ هەیە، زمانی باسکە کە هەمووان لێک تێدەگەن. ئاستی باسکە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست باشە، بێگومان بەراورد ناکرێت بە ئەمریکا کە یەکەمی جیهانە، بەڵام بەرەوپێشڤەچوونێکی باش بەخۆیەوە دەبینێت، بە عێراقیشەوە". 
 
یاریزانە ئەمریکییەکان نایانەوێت سیاسەت تێکەڵ بە وەرزش بکەن، هەر یەکێکیان وەک وەرزشوانێکی پیشەگەر مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا دەکات.
 
ئیسحاق بانكس، یاریزانێکی دیکەی ئەمریکییە لە یانەی حەشدی شەعبی، ئەو لە ئینگلتەرا، جۆرجیا، لۆکسمبۆرگ، ئۆکراینا و سوریا یاری کردووە، پەسنی عێراقییەکان دەدات و دەڵێت "عێراقییەکان بە یاریزان و هاندەرانەوە پێشوازییەکی جوانیان لێکردین و ئێمەیان خۆش دەوێت، دەست لە پرسە سیاسی و ئەمنییەکان وەرنادەم، شەوان لە هۆتێل دەخوێنمەوە یان مەشق دەکەم بۆ ئەوەی ئاستێکی باش پێشکێش بکەین".
 
هەندێک لە میلیشیاکانی حەشد بە درۆن هێرشیان کردە سەر بارەگاکانی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و ئوردن، ئەمریکاش وەڵامی تووندی هەبوو، بەڵام پێناچێت ئەمە کاریگەری بەسەر وەرزشەوە هەبێت وەک عەقیل نەجم، راهێنەری یانەی حەشدی شەعبی باسی دەکات و دەڵێت"یانەکە رێکخراوێکی مەدەنییە و ئێمە مامەڵە لەگەڵ خەڵکی مەدەنی دەکەین، بۆیە پەیوەندی بە سیاسەتانەوە نییە. من خۆم کەسێکی مەدەنیم و بە گرێبەستێک بوومەتە راهێنەری یانەکە"
 
یاریزانانی ئەمریکی مانگانە 5 تاوەکو 6 هەزار دۆلار بە مووچە وەردەگرن و شوێنی مانەوەشیان بۆ دابین دەکرێت، کە ئێستا زیاتر لە 20 یاریزانی ئەمریکی یاری بۆ یانەکانی عێراق دەکەن.
 
سەرۆکی یانەکە و هاندەران هیوایان زۆرە بە تیپەکەیان کە تاوەکو ئێستا لە 10 یارییدا 10 سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە و بێگومان ئەمریکییەکان رۆڵێکی سەرەکییان هەبووە لەو سەرکەوتنانەدا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە