قەرزی بانكی رافیدەینی عێراق هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە

23-06-2018
ئاسۆ سەراوی
نیشانەکردن بانک
A+ A-

رووداو-هەولێر

هەرچەندە بانكی رافیدەینی عێراق رایگەیاندووە بۆ دروستكردنی خانوو ‌و هەیكەلی خانووی تەواونەكراو، بڕی 50 ملیۆن دینار قەرز بە خەڵك دەدات، بەڵام پەرلەمانتارێک پێیوایە ئەو مەرجانەی بۆ پێدانی قەرزەکە دیاریکراون زۆر قورسن و هاووڵاتییان ناتوانن سوودی لێ وەربگرن.


مەسعود حەیدەر، پەرلەمانتار لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بانكی رافیدەینی عێراقی، مەرجی زۆر قورسی داناوە بۆ پێدانی قەرز بۆ تەواوكردنی خانوو، بەجۆرێک مەرجەكان هێندە قورس ‌و بێزاركەرن هەندێ‌ جار خەڵك ناچاردەكەن واز لە وەرگرتنی بهێنن.

ئەو پەرلەمانتارە جەختی لەوە كردەوە، کە راگەیاندنی پێدانی ئەو قەرزانە تەنیا بۆ خۆڵکردنە چاوی سندووقی دراوی نێودەوڵەتییە ‌و گوتی "سندووقی دراوی نێودەوڵەتی ئەوەی كردووەتە مەرج بەسەر عێراقەوە، كە بانكەكانی بۆ جووڵەخستنە بازاڕەوە قەررز بە خەڵكی بدەن، بەڵام بەو جۆرە دەیدەن كە خەڵكی بێزار دەكەن".

لەبارەی ئەوەش ئەو قەرزە، هاونیشتمانیانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە مەسعود حەیدەر گوتی "گرفتێكی دیكەی ئەو قەرزە ئەوەیە، خەڵكی هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە، ئێمە قسەمان لەگەڵ كردوون دەڵێن "ناتوانین پارەكە وەربگرینەوە بۆیە نایدەین".

ئەمڕۆ شەممە 23-6-2018 ، لە راگەیێندراوێكدا بانكی رافیدەینی عێراقی رایگەیاند بڕی 50ملیۆن دینار قەرز بە خەڵكی دەدەن بۆ دروستكردنی خانوو ‌و هەیكەلی خانووی تەواو نەكراو، بەمەرجێك خانووەكە لە 50مەتر كەمتر نەبێت.

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە