قایمقامی قەڵادزێ‌: بەشێوەیەکی کاتی کێشەی ئاو چارەسەرکرا

25-06-2017
ئاسۆ سەراوی
نیشانەکردن قەڵادزێ‌
A+ A-

رووداو - قەڵادزێ

قایمقامی قەڵادزێ‌ دەڵێت، دوای ئەوەی بەهۆی دروستكردنی بەنداوێك لە رۆژهەڵاتی کوردستان كێشە بۆ ئاوی خواردنەوەی قەزاكەیان دروست بوو، بە دروستكردنی بەنداوێكی بچووك بەشێوەیەکی کاتی گرفتەکەیان چارەسەرکردووە. ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات لە ئێرانەوە بەڵێنی ئەوە دراوە چارەسەرێکی مامناوەند بۆ کێشەکە بدۆزرێتەوە.

بەكر بایز، قایمقامی قەڵادزێ‌ بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، دوای ئەوەی ئێران لەسەر ئاوی زێی بچووك لە شاری سەردەشت بەنداوێكی دروستكرد و بووە هۆی كەمبوونەوەی ئاو لە قەزاكەیاندا، بە هەوڵی هەموو لایەكی ناوچەكە،بەنداوێكی بچووكیان لەسەر زێیەكە دروستكردووە.

وەک بەكر بایز باسیکرد، بەوجۆرە توانراوە ئاو بگەیێنرێتە تەواوی دانیشتووانی قەڵادزێ‌ ‌و، لەم جەژنەدا بەشێوەیەكی كاتی گرفتی كەمی ئاوی خواردنەوەیان چارەسەركردووە.


وردەکاریی گرتنەوەی ئاوی قەڵادزێ


قایمقامی قەڵادزێ‌ ئەوەشی خستەروو، هەرچەندە كەمی ئاو بەردەوامە ‌و 70% ی ئاوی زێیەكە كەمیكردووە، بەڵام گوتیشی "هەموو هەوڵێكمان بۆ چارەسەركردنی ئ خستووەتەگەڕ و لە هەوڵەكانیشمان بەردەوامین، ئەوەندەی بە ئێمەش گەیشتووە بەرپرسانی پەیوەندیدار لە ئێران بەڵێنێكی وەهایان داوە چارەسەرێكی مامناوەندی كێشەکە بكەن".

كۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر زێی بچووك لە شاری سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەنداوێكی دروستكردووە ‌و ئاو بۆ دەریاچەی ورمێ دەگوازێتەوە، بەو هۆیەشەوە لە رۆژی شەممە 24-6-2017 كێشەی كەمئاوی لە قەڵادزێ‌ دروست بووە، بەتایبەت ئاوی خواردنەوە کەمیکردووە، چونكە لەسەر زێی بچووك پڕۆژە ئاوی خاس دروستكراوە و ئاوی خواردنەوە بۆ دانیشتووانی قەزاكە دابین دەكات.

پێداچوونەوە: دەرباز ساڵح

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە