رووداو - هەولێر
مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە هەڤپەیڤینێكی رۆژنامەڤانیدا لەگەڵ رۆژنامەی شەرقلئەوسەت، تیشک دەخاتە سەر كۆی پرس و دۆسیە نێوخۆیییەکانی عێراق و ناوچەکە. بارزانی لەبارەی ئەگەری گەڕانەی مالیكی بۆ دەسەڵات هۆشدارییەكی تووند دەداتە بەغدا و رایدەگەیێنێت یەكسەر و بێ گەڕانەوە بۆ هیچ كەسێك سەربەخۆیی رادەگەیێنێت.
لەبارەی دوورخستنەوەی هۆشیار زێباریش لە پۆستی وەزیری دارایی عێراق، بارزانی دەڵێت "ئەو کارە دژ بە خودی من نەبوو، بەڵام دژ بە عەبادی و دژی ئۆپەراسیۆنی موسڵیش بوو، بۆیە من گوتم پیلانێک هەیە، ئەوان وایانزانی من کاردانەوەی تووندم دەبێت و پەیوەندیم لەگەڵ عەبادی و بەغدا دەپچڕێنم، بەڵام بەپێچەوانەوە، من چووم بۆ بەغدا و بڕیارمدا پشتگیری عەبادی بکەم".
لەبارەی ئەگەری پێکدادان لەنێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق ئەگەر هاتوو دوای كۆنترۆڵكردنەوەی موسڵ نەبوونە دراوسێیەكی باش، بارزانی رایگەیاندووە "لەوە دەترسم و هیوادارم لە ئایندەدا ئەوە روونەدات".
"ناکرێت پێشبینی بۆ كاتی کۆتاییهاتنی شەڕی موسڵ بکەین"
بارزانی لەبارەی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ رایگەیاندووە "بەری چەپی موسڵ کۆنترۆڵکراوەتەوە و ئەوەش گورزێکی کەمەرشکێنە بۆ داعش، موسڵ گرنگترین شوێنە بۆ داعش و ئەوان ئامادەی شەڕی قورسن بۆ بەرگریکردن لە پێگەی خۆیان، بۆیە ناکرێت پێشبینی کاتی کۆتاییهاتنی شەڕەکە بکەین".
پێشمەرگە هەزار و 668 شەهید و نۆ هەزار و 725 برینداری داوە
سەبارەت بە زیانەکانی هێزی پێشمەرگە بارزانی رایگەیاندووە "بەداخەوە لەڕووی ژمارە و جۆرەوە زیان بە هێزەکانی پێشمەرگە کەوتووە، لە ساڵی 2014 ەوە تاوەکو ئێستا ژمارەی شەهیدەکانی پێشمەرگە 1668 شەهید و 9725 بریندارە".
زۆرتر لە 15 هەزار چەكداری داعش كوژراون
بارزانی ژمارەی كوژراوانی داعشی ئاشكراكردووە و گوتوویەتی "بەگوێرەی هەموو زانیارییەکان ژمارەی کوژراوان لەنێو ریزەکانی داعش لە 15 هەزار کوژراو زیاترە".
سەبارەت بە هاوکارییە سەربازییەکان لەلایەن وڵاتانی دەرەوە، بارزانی ئاماژەی بەوە كردووە، لەڕووی پشتگیری ئاسمانییەوە هاوکاری باشی هێزەکانی پێشمەرگە کراوە، بەڵام لەڕووی پڕچەککردنی هێزەکانی پێشمەرگە لە ئاستی خوازراودا نەبووە.
"تا ئێستا هاوپەیمانان یەك هاووڵاتی سڤیلیان نەكوشتووە"
سەبارەت بە ئاستی هەماهەنگی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزی هاوپەیمانان، بارزانی رایگەیاندووە "هەماهەنگی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی زۆر باش بوو، تاوەکو ئێستاش هیچ ئامانجێکی سڤیل نەكراوەتە ئامانج و یەک کەسی سڤیل نەکوژراوە، ئەوەش بەدرێژایی مێژووی شەڕە سەربازییەکان تاوەکو ئێستا رووینەداوە".
"هیچ شتێك لەبارەی شوێنی بەغدادی نازانین"
سەبارەت بە زانیاری تایبەت بە شوێنی بەغدادی، بارزانی رایگەیاندووە "کوردستان دەزگایەکی هەواڵگری بەهێزی هەیە و رۆڵێکی گرنگی لەم شەڕەدا گێڕا، بەڵام تاوەکو ئێستا زانیاری لەسەر شوێنی بەغدادی نییە و هیچ شتێك لەبارەیەوە نازانین".
"موسڵ پێویستی بە چارەسەرێكی تایبەت هەیە"
دەربارەی ئایندەی موسڵ لە قۆناخی دوای داعش، بارزانی رایگەیاندووە "موسڵ شارێكە لە شارەکانی دیکەی عێراق جیاوازە، چ ناوەندی شارەکە بێت یاخود هەموو پارێزگاکە. موسڵ شارێکە فرەنەتەوەییە، پێش داعش 300 هەزار کورد لەو شارەدا دەژیان، ئێستا زۆربەیان ئاوارە بوون. پێشتر مەسیحی، تورکمان و کوردی شیعەی تێدابوو، پێموایە عەرەبی شیعەش هەبوون، بۆیە پێموایە موسڵ پێویستی بە چارەسەرکردنێکی تایبەت بەخۆی هەیە".
"دەبووایە پلانمان بۆ قۆناخی دوای رزگارکردنی موسڵیش داڕشتبا"
بارزانی دەڵێت "دەبوایە کاتێك لەگەڵ بەغدا و ئەمریکییەکان پلانمان بۆ شەڕی موسڵ دادەنا، پلانێکی تەواومان بۆ قۆناخی دوای رزگارکردنی موسڵیش داڕشتبا، بەڵام پەلەکردنێك لە جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکە هەبوو، ئەوەبوو لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵا رێککەوتین بەمەبەستی چارەسەركردنی ئەو کێشانەی لەوانەیە دوای رزگارکردن سەرهەڵبدەن".
"رازی نابین هەندێك ناوچە سەر بە موسڵ بمێننەوە"
بارزانی دەڵێت "بێگومان لە موسڵ هەندێ ناوچە هەیەن سەر بە هەرێمن، وەک شنگال کە زۆرینەی کوردی تێدایە، هەروەها شێخان، تەنانەت قەزای عەقرە، هەموویان لەسەردەمی بەعسدا دابڕێندراون و هیچ لۆجیک نییە ئێمە بەوە رازی بین هەر بەوجۆرە بمێننەوە، چونکە چۆن دەبێت لەلایەک بڵێن سەرجەم بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕش و بەعس هەڵوەشێندراون، بەڵام لەبەرامبەردا بڵێن ئەو بڕیارانە وەک خۆیان دەمێننەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە هێشتا لەگەل ئەنجامدانی گشتپرسیداین".
لە هەڤپەیڤینەكەدا بارزانی لەبارەی بەراوردكردنی سەددام حوسێن و ئەبوبەكر بەغدادی گوتوویەتی "ستەمکاران و بێبەزەییەکان زۆرن و هەر یەکێک لەوانە نوێنەرایەتی قۆناخێکی تایبەت دەکات".
"داعش پلانی هەبوو هەولێر و شارەکانی دیکە داگیر بکات"
لەبارەی پلانەکانی داعش بۆ داگیرکردنی کوردستان بارزانی رایگەیاندووە "بێگومان ئەوان ئامانجی ئەوەیان هەبوو هەولێر و شارەکانی دیکەی کوردستان داگیر بکەن، بەڵام پلانەکانی ئەوان پیشانی دەدات پلانیان هەبووە بۆ داگیرکردنی زەوی لە هیندستانەوە تاوەکو ئیسپانیا و کوردستان".
لەبارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە "لە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی موسڵدا هەماهەنگی باش لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقدا هەبوو، دەکرێت لەسەر بنەمای ئەوە پەیوەندیییەکانمان لەگەڵ بەغدا دابنێین. بەڵام لە بوارەکانی دیکەدا بەرەوپێشچوون لە پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا نییە".
"لە بەغدا گوتم با دراوسێیەکی باش بین"
بارزانی گوتوویەتی "لە دوایین سەردانم بۆ بەغدا لە مانگی ئەیلوولی رابردوودا، بە راشکاوانە پێمگوتن بەداخەوە لە دروستکردنی هاوبەشی راستەقینە شکستمان هێنا، بۆیە پێویستە بەدوای شێوازێکی نوێدا بگەڕێین، با دراوسێیەکی باش بین"، وەك بارزانی خۆی باسی كردووە، ئەو قسەیەی بە حەیدەر عەبادی و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیش راگەیاندووە و ئەوان تێگەیشتنیان بۆ ئەوە هەبووە.
سەبارەت بە بودجەی هەرێمی كوردستان لە بەغدا، بارزانی رایگەیاندووە "دەبێت پرسیار لە بەغدا بکرێت، ئەوان ئیدیعای ئەوە دەکەن گوایە ئێمە بەبێ ئەوان نەوت هەناردە دەکەین و بودجەی هەرێم لەسەر ئەو بنەمایە بڕدراوە، بەڵام راستییەکەی ئەوەیە هەرێمی کوردستان لەدوای بڕینی بودجە دەستی بە هەناردەکردنی نەوتەکەی كرد". گوتووشیەتی: "بەڵێنی زۆر هەیە بە چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە کە هیچیان جێبەجێ نەکراون".
"پیلانگێڕی دژی عەبادی هەیە"
سەبارەت بە دەسەڵاتی حەیدەر عەبادی بارزانی گوتوویەتی "پێموایە کۆسپ و گوشار و پیلانگێڕی دژی عەبادی هەیە بەمەبەستی شکستپێهێنانی. تەنانەت لە رزگارکردنی موسڵیشدا، ئەوانەی کە موسڵیان رادەستی داعش کرد و شکستیانهێنا، بە چەندین رێگە و شێواز هەوڵیان دا شکست بە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی موسڵ بهێنن".
"وەڵامی هەر كەسێك دەدەینەوە دەستدرێژی بكاتە سەر هەرێم"
سەبارەت بە مەترسی حەشدی شەعبی لەسەر هەرێمی کوردستان و لێدوانی هەندێ سەرکردەی دەستەكە دژی هەرێـمی کوردستان، بارزانی دەڵێت "ئێمە هەندێجار لێدوانی نابەرپرسانە دەبیستین، بێگومان لە حەشد کەسانێک هەن هەست بە بەرپرسیاریەتی دەکەن، ئێـمە دەمانەوێت لاپەڕەی شەڕەکان دابخەین و خۆمان بۆ پەرەپێدان و باشترکردنی باری گوزەرانی خەڵک تەرخان بکەین".
دەشڵێ "بێگومان ئەو لێدوانانە جێی نیگەرانی ئێمەن، بەڵام بێگومان هەر کەسێك دەستدرێژی بكاتە سەر هەرێم، ئەوا وەڵامی یەکلاییکەرەوەی پێدەدرێت و هیوادارین دۆخەکە نەگاتە ئەو قۆناخە".
"پەیوەندی نایابمان لەگەڵ توركیا هەیە"
هەماهەنگی نێوان هەرێمی کورستان و ئێران تەوەرێكی دیكەی هەڤپەیڤینەكە بووە و بارزانی رایگەیاندووە "هەرێم تەنیا لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هەماهەنگی کردووە، بەڵام حەشدی شەعبی هەماهەنگی لەگەڵ ئێران دەکات".
لەبارەی پەیوەندی هەرێمی کوردستان و تورکیاش بارزانی گوتوویەتی "پەیوەندی نێوان هەردوولا نایابە و پەیوەندیمان لەگەڵ تورکیا لەسەر حیسابی ئێراندا نییە".
"ئێران خاوەنی گەورەترین هەژموونە لە بەغدا"
لەبارەی هەژموونی ئێران لەسەر بەغدا و هەرێم، بارزانی رایگەیاندووە "پێموانییە ئێران خاوەن یەکەم و دوا قسە بێت لە بەغدا، بەڵام بێگومان خاوەنی گەورەترین هەژموونە لە بەغدا".
لەبارەی توانای هەولێر لە رێککەوتن لەگەڵ بەغدا بەبێ لێكتێگەیشتن لەگەڵ تاران، بارزانی رایگەیاندووە "ئێران خاوەن گەورەترین هەژموونە لە بەغدا و هەرلەیەک تێگەیشتنێک کە لەنێوان بەغدا و هەولێردا بکرێت، پێم وا نییە بەبێ رەزامەندی ئێران سەربگرێت".
"گەورەترین كێشەی عەرەبە سوننەكان نەبوونی مەرجەعیەتی ئایینی و سیاسییە"
سەبارەت بە دۆخی عەرەبە سوننەکان، بارزانی رایگەیاندووە "عەرەبە سوننەکان لە باشترین رۆژانی خۆیاندا نین، کێشەی سەرەکی بەداخەوە ئەوەیە مەرجەعیەتی ئایینی و سیاسییان نییە، ئەوەش کێشەی هەرە گەورەی ئەوانە. ئەوان لەیەک دابڕاون و لەنێوان خۆیاندا کۆک نین". هەروەها بە بۆچوونی بارزانی، بێ گومان باڵانسی هێز لەنێوان شیعە و سوننە لە بەرژەوەندی سوننەدا نییە.
بارزانی چی بە سوننەكان گوتووە؟
سەبارەت بە پرسی فیدراڵیەت و دروستکردنی هەرێمەکان لە عێراق لەدوای رووخانی رژێـمی سەددام، بارزانی رایگەیاندووە "با راشکاوانە پێتان بڵێم، من لەگەڵ سەرکردە و نوێنەرانی عەرەبە سوننەکان قسەم کرد و پێمگوتن عێراق گۆڕا و هەرێمیش گۆڕا و جیهانیش گۆڕا، ئێوەش دەبێت بیرکردنەوەتان بگۆڕن و ئەگەر پێتانوایە شیعە یان کورد ستەمتان لێدەکەن یان غەدرتان لێدەکەن، ئەوا من بەڵێنتان پێدەدەم پشتیوانی ئێوە دەبم، بەڵام ئەگەر پێتان وابێت رابردوو دەگەڕێتەوە، ئەوا ئێوە لە خەیاڵدا دەژین. فیدراڵیەت پەسند بکەن، بەڵام بەداخەوە ئەو بابەتەیان پشتگوێخست، چونکە ئەوان لەژێر هەژموونی کولتووری تاکە حیزبدا دەژیان".
پەیوەست بەم بابەتە بارزانی زیاتر روونكردتەوەی داوە و گوتوویەتی "ئەو کاتە شیعەکان بە دروستکرنی هەرێمی سوننی رازی بوون و عەرەبە سوننەکان رازی نەبوون، بەڵام ئێستا هاوکێشەکە گۆڕاوە، سوننەکان رازین بەڵام شیعەکان رازی نین، دۆخی سوننەکان زۆر قورسە، ناوچەکانیان وێرانن و ژمارەی ئاوارەکانیان زۆرە و هیچ مەرجەعییەتێکیان نییە".
بارزانی پێشبینی دەكات ترەمپ هاوكاری زۆرتری كورد بكات
لەبارەی هاتنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی نوێی ئەمریکا و ئەگەری گۆڕینی رەفتاری ئەو لەبەرامبەر دۆسیەی عێراق، بارزانی لە هەڤپەیڤینەكەدا گوتوویەتی "هەمووان پێشبینی دەکەن سیاسەتی ئەمریکا بەتەواوەتی بگۆڕدرێت، نەک تەنیا بەرامبەر عێراق".
لەبارەی ئەگەری پشتگیری ترەمپ بۆ کورد بارزانی پێشبینی دەکات ترەمپ زیاتر پشتگیری کورد بکات. بارزانی هەروەها دەڵێت:" پەیوەندی باشمان لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمریکادا هەیە و بەباشی دەیانناسین، هەندێکیشیان لە ناوچەکە کاریان کردووە یان سەردانی کوردستانیان کردووە و، شارەزایی باشیان لە دۆخی ئێمەدا هەیە. مەبەستم تیمی بەرگری و ئاسایش و هەروەها وەزیری دەرەوەی ئەمریکاشە، ئەوكاتەی سەرۆکی کۆمپانیای ئیکسۆن مۆبیل بوو، من چەندینجار چاوم پێیکەوتووە و بەباشی دەیناسم".
"گەڕانەوەی عێراقێكی یەكگرتوو زۆر قورسە"
سەبارەت بە ئەگەری گەڕانەوەی عێراقێکی یەکگرتوو، بارزانی رایگەیاندووە "ئەوە قورسە، زۆر قورسە". لەبارەی هەرەسهێنانی پێکەوەژیانی کورد و عەرەبیش بارزانی گوتوویەتی "ئەگەر بەتەواوەتی هەرەسی نەهێنابێت، ئەوا بەداخەوە گەیشتووەتە قۆناخێکی پێشکەوتوو لە خراپی، برا عەرەبەکان بەوە رازی نەبوون ببنە هاوبەشێکی راستەقینە لەگەڵ کورد".
"مالیكی ببێتەوە سەرۆكوەزیران یەكسەر سەربەخۆیی رادەگەیێنم"
لەبارەی هەڵوێستی بارزانی لە ئەگەری گەڕانەوەی مالیکی بۆ دەسەڵات، بارزانی گوتوویەتی "من نامەوێت بابەتەکان بە کەسی بکەم، بەڵام هیوادارم ئەوە روونەدات، ئەوەش بۆ بەرژەوەندی هەموو عێراقییەکانە".
جەختیشی كردووەتەوە "ئەگەر ئەوە رووبدات، ئەوا لەو ساتەی مالیکی پۆستی سەرۆکوەزیران وەردەگرێت، من بەبێ گەڕانەوە بۆ هیچ کەسێک سەربەخۆیی کوردستان رادەگەیەنم و چی روودەدات با رووبدات، ئێـمە نامانەوێت عێراق زیاتر وێران ببێت، لە سەردەمی مالیکیدا هەزاران عێراقی لە چینە جیاجیاکاندا تیرۆرکران و ناوی ئەوانەمان هەیە، من ناڵێم ئەو بەدەستی خۆی ئەو کارەی ئەنجام داوە، بەڵام من دەڵێم لە سەردەمی ئەودا ئەو کارانە روویاندا و بێگومان ئەو رازی بووە".
"ناتوانم لە عێراقێك بمێنمەوە مالیكی فەرمانڕەوایەتی بكات"
بارزانی زیاتر گوتوویەتی "مالیکی رێگەیەکی تائیفی و تووندی پەیڕەوکرد و لە شیعە و سوننە و کوردی دا، وای دەزانی ئەو فەرمانڕەوای رەهای عێراقە، من ناتوانم ئەوە قبوڵ بکەم لە عێراقێکدا بمێنمەوە مالیکی فەرمانڕەوایی بکات، بەداخەوە هەرگیز پێشبینی ئەوەم نەدەکرد مالیکی بەو رادە زۆرە رق و دوژمنکاری لەبەرامبەر کورددا هەبێت".
بەگوتەی بارزانی "مالیکی خیانەتی لە متمانەی برایەتی و هاریکاری کرد، ئەگەر مالیکی ئەو هێزەی هەبووایە کە پێشتر سەدام هەیبوو، ئەوا بە چەند قۆناخێک پێش سەددام دەکەوت لە کردەوەکانی".
لەبارەی قۆناخی دوای موسڵ و ئایندەی هەرێمی كوردستان، بارزانی گوتوویەتی " گفتوگۆ لەسەر ئەوە دەکەین کە دراوسێیەکی باش بین.
"ئامانجم پاراستنی عێراق و کوردستانە لە خولێكی نوێی خوێناوی"
سەبارەت بە مەبەستی بارزانی لە دراوسێی باش، بارزانی گوتوویەتی "با بزانین رووداوەکان بەرەو کوێ دەڕۆن، بەڵام بەو شێوازە کۆنەی کە ئێستا هەیە، کاروبارەکان سەرکەوتوو نین". گوتووشیەتی " هەموو ئامانجی من بریتییە لە پاراستنی عێراق و کوردستان لە سەرهەڵدانەوەی خولێكی نوێی خوێناوی".
لەبارەی ئەگەری پێکدادانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق، ئەگەر هاتوو نەبوون بە دراوسێیەکی باش، بارزانی رایگەیاندووە "لەوە دەترسم و هیوادارم لە ئایندەدا ئەوە روونەدات".
"پەیوەست نیم بە کورسی و پێویستیشم پێی نییە"
لەبارەی پرسی سەرۆکایەتیی هەرێم بارزانی رایگەیاندووە "سەرۆکایەتیی هەرێم بۆ 2 خوولە و هەر خوولێک ماوەکەی 4 ساڵە. بۆ ماوەی 2 ساڵ سەرۆکایەتی من درێژکرایەوە، دواتر چووینە نێو شەڕی داعش و من داوام لە پەرلەمان و پارتەکانی نێو پەرلەمان و، دەرەوەی حکومەت کرد لەم کاتەی شەڕدا بڕیار لەسەر ئەو بابەتە بدەن، یان ئەوەتا دۆخەکە وەک خۆی بمێنێتەوە یان ئەوەتا هەڵبژاردن ئەنجام بدەن، یاخود کەسێك دیاری بکەن بۆ ئەوەی پۆستی سەرۆکایەتی پێبدرێت، چونکە من پەیوەست نیم بە کورسی و پێویستیشم پێی نییە، هەندێ لایەن نیمچە کودەتایەکیان لە پەرلەمان ئەنجامدا و پڕەنسیپی تەوافوقیان بەزاند، بۆیە ناچاربووین رووبەڕوویان ببینەوە، ئەوەبوو بڕیاردرا بەردەوام بین لە سەرۆکایەتیکردنی هەرێم تاوەکو ئەو کاتەی سەرۆکێکی نوێ هەڵدەبژێردرێت".
"دوورخستنەوەی زێباری دژی من بوو"
سەبارەت بە دوورخستنەوەی هۆشیار زێباری لە پۆستی وەزیری دارایی عێراق، بارزانی رایگەیاندووە "ئەو کارە دژ بە خودی من نەبوو، بەڵام دژ بە عەبادی و هەروەها دژ بە ئۆپەراسیۆنی موسڵ بوو، بۆیە من گوتم پیلانێک هەیە، ئەوان وایانزانی من کاردانەوەی تووندم دەبێت و پەیوەندیم لەگەڵ عەبادی و بەغدا دەپچڕێنم، بەڵام بەپێچەوانەوە، من چووم بۆ بەغدا و بڕیارمدا پشتگیری عەبادی بکەم، چونکە ئامانجی ئەوان شکستپێهێنانی ئۆپەراسیۆنی موسڵ بوو". راشیگەیاندووە " ئەوان ویستیان عەبادی بڕووخێنن و مالیکی بهێنن، ئەوانەش دارودەستەی مالیکی بوون، لەگەڵ هەندێ لە کوردەکان کە فێڵیان لێکرا".
"سووریا دابەش دەبێت"
لەبارەی دۆخی سووریاش بارزانی رایگەیاندووە "ئەستەمە سووریا بگەڕێتەوە دۆخی جاران، پێموایە رۆژهەڵات و رۆژئاوای رووباری فورات دابەش دەبن. ئەو دوو ناوچەیە دۆخێکی تایبەت بە خۆیان دەبێت".
پەیوەست بە دۆخی سووریا بارزانی زۆرتر گوتوویەتی "لە سووریا سەفقەیەک لەنێوان ئەمریکا و رووسیادا هەیە، بەڵام کێ زیانی لەو سەفقەیە بەرکەوت؟ کێ فرۆشتی؟ کێ کڕی؟ نازانم". گوتووشیەتی "دەستتێوەردانی رووسیا لە سووریا هاوکێشەی ئەو وڵاتەی گۆڕی، رووسەکان زانییان چۆن رەفتار بکەن، ئەوان دەزانن چییان دەوێت، بێگومان ئەوان حکومەتی سووریایان رزگار کرد".
"هەرێمی كوردستان پەیوەندی لەگەڵ رووسیا باشە"
سەبارەت بە پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و رووسیا، بارزانی رایگەیاندووە "ئەوان لە رۆژئاوای رووباری فوراتن و تاوەکو ئێستا نەگەیشتوونەتە سەر سنووری ئێمە، بەڵام پەیوەندیمان لەگەڵ رووسیا باشە، رووسیا یەکەمین وڵاتی گەورەی جیهان بوو کە کونسوڵخانەی لە شاری هەولێر کردەوە".
پێداچوونەوە: دەرباز ساڵح
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ