300 هەزار ناو لە تۆماری دەنگدەرانی کوردستان دەرهێندراوە

03-07-2018
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
 لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کودستان دەستدەکات بە نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران و پرۆسەکە بۆ ماوەی مانگێک بەردەوام دەبێت.
لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کودستان دەستدەکات بە نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران و پرۆسەکە بۆ ماوەی مانگێک بەردەوام دەبێت.
نیشانەکردن هەڵبژاردن تۆماری دەنگدەران کوردستان
A+ A-

رووداو-هەولێر

کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی کوردستان ناوی ئەو مردووانە بلۆک دەکات کە هێشتا لە تۆماری دەنگدەراندا نەسڕاونەتەوە و تاوەکو ئێستاش ناوی نزیکەی 300 هەزار کەس لە تۆمارەکەدا دەرهێندراوە.


لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کودستان دەستدەکات بە نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران و پرۆسەکە بۆ ماوەی مانگێک بەردەوام دەبێت. بۆ ئەو مەبەستەش کۆمیسیۆن، داوای لە لایەنە سیاسییەکان کردووە خۆیان کارمەند بۆ نوێکردنەوەی تۆمارەکە دیاری بکەن بۆ ئەوەی کۆمیسیۆن دایانبمەزرێنێت. تاوەکو ئێستاش نزیکەی هەزار و 500 کەس بە گرێبەست دامەزرێندراون. 

جووتیار عادل، ئەندامی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەنگاوی باش نراوە و پرۆسەکە زۆربەباشی بەڕێوەدەچێت، دڵنیایی بە لایەنەسیاسییەکان دەدەین کە پرۆسەکە بەشێوەیەکی باش دەڕوات و بۆ ئێمە گرنگە بەشداربن لەگەڵمان و تێبینی خۆیان بە ئێمە بدەن". 

پێشتر بڕیاربوو نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە 1 ی تەمموزەوە دەستپێبکات، بەڵام ئەو پرۆسەیە دواخرا. بەپێی داتاکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان، زیاتر لە 90% ی تۆماری دەنگدەران پاککراوەتەوەو نزیکەی 300 هەزار ناو لە تۆمارەکەدا دەرهێندراون، کە ئەم ناوانەن:
-ناوی ئەو کەسانەی فۆرمی خۆراکیان هەیە 
-ناوی ئەو کەسانەی کە فۆرمی خۆراکیان دەکەوێتە سنووری ماددەی 140
-ناوی مردووان
-ناوە دووبارەکان
-ناوە وەهمییەکان

کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی لەهەرێمی کوردستان لەیەککاتدا تۆمارێکی نوێ بۆ دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان ئامادە دەکات و بەجیاش تۆمارەکە نوێ دەکاتەوە کە پێش هەموو هەڵبژاردنێک نوێکردنەوەکە ئەنجامدەدرێت. بۆ ئەو مەبەستەش هەموو ناوەکانی لە کۆمپانیای خۆراک وەرگرتووە.

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە