دیندار زێباری: پێویستە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیارێکی خێرا بدات

06-08-2014
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن داعش
A+ A-

گۆڤەند مستەفا
رووداو- هەولێر

جێگری سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە رووداوی راگەیاند ''بەپێی فەرمانێكی ئەنجوومەنی وەزیران ژوورێكی عەمەلیات پێكهێنراوە بە هاوبەشی لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەكان، كە پێكدێت لە یونامی، كۆمسیۆنی سەربەخۆی پەنابەران، حكومەتی عێراق بە دیاریكراوی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق، لەگەڵ حكومەتی هەرێم بەهەرسێ پارێزگاكەی بە ئیدارەی گەرمیانیشەوە بۆ ناردنی هاوكارییە مرۆییەكان كە لە دوو لایەن دەستی پێكراوە".

د.دیندار زێباری دەڵێت ''لە سەرەتای ئەمساڵەوە نزیكەی یەك ملیۆن ئاوارەی ناوخۆ رووی لە هەرێمی كوردستان كردووە، كە بەشی هەرە زۆریان لە ئەنبار و موسڵ هاتوونە،  لەم دوو سێ رۆژەی رابردووش نزیكەی 200 تا 300 ئاوارەی دیكە روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە''.

دیندار زێباری ئەوەشی گوت ''ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگ بوو  لە UN و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی داوامانكرد بەبێ رۆتین ئەو هاوكارییەی هەیە زوو بگات بەو خەڵكە، چونكە رێژەی هاتنی ئاوارەكانی ئەمجارە زۆر خێرایە. بۆ نموونە رێژەی ئەوانەی روویان لە دەڤەری شاریا كردووە، دوو بەرامبەری دانیشتوانی ئەو دەڤەرەن''.

راشیگەیاند ''ئەوەی داعش دەیكات جینۆسایدە و كارەساتێكی مرۆییە، بۆیە دەبێ  پلانێكی هاوبەشی نێودەوڵەتی و عێراقی وهەرێمیمان هەبێت، هەروەها پێویستە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیارێكی خێرا بدات بۆ لێدانی داعش''.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە