جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردن کۆدەبێتەوە

06-09-2018
کۆسار عوسمان @KassoOsman
پارتی: هیچ هۆکارێک بۆ دواخستنی هەڵبژاردن نییە
پارتی: هیچ هۆکارێک بۆ دواخستنی هەڵبژاردن نییە
نیشانەکردن هەڵبژاردن گۆڕان پارتی
A+ A-

رووداو - هەولێر

بزووتنەوەی گۆڕان چاوەڕوانی وەڵامی کۆمیسیۆن و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ ئەوەی بڕیاری خۆی لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بدات، هەروەها جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردن کۆدەبێتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی رووداو لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممە (4-9-2018)ـی پارتی و گۆڕان رێککەوتنیان نەکردووە، تەنیا گفتوگۆ کراوە لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی عێراق، هەروەها لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بیروڕا ئاڵوگۆڕکراوە، بەڵام گفتوگۆکان بە ئاڕاستەی دواخستنی هەڵبژاردن بوون و گۆڕان داوای کردووە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوابخرێت، هەر لە دوای کۆبوونەوەکەش بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ ماوەی شەش رۆژ دواخرا.

کاروان هاشم، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "لە کۆبوونەوەی رابردووی نێوان گۆڕان و پارتی، گۆڕان داوای لە حکومەت کردووە هەڵبژاردن دوابخرێت. گۆڕان دەیەوێت هەڵبژاردنی پەرلەمان دوابخرێت بۆ لای ئەنجوومەنی پارێزگاکان و بڕیارە حکومەت لەگەڵ کۆمیسیۆن کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی دواخستنی هەڵبژاردن. ئێستا گۆڕان چاوەڕوانی وەڵامی حکومەت و کومیسیۆن دەکات و دوای گەڕانەوەی وەڵامی داواکاری دواخستنی هەڵبژاردن، جڤاتی نیشتمانی گۆڕان کۆدەبێتەوە و بڕیار لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمان دەدات".

لە بەرامبەردا پارتی دیموکراتی کوردستان وەکو گەورەترین پارتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، هیچ هۆکارێک نییە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. پارتی دەیەوێت هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجامبدرێت.

هێمن هەورامی، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دەڵێ "باشە هەڵبژاردن بۆ کاتەکەی گونجاو نییە؟ هەڵبژاردن هەڕەشەیە بۆ ئێران، تورکیا، عێراق یان ئەمریکا تاوەکو ئێوە بڵێن ئەنجامدانی هەڵبژاردن مەترسیدارە، بۆیە هیچ بیانوویەکی سیاسی و تەکنیکی بۆ ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن نییە و هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بەڕێوەدەچێت".

لەنێو ئەو پێنج حیزبەی زۆرترین کورسییان لە پەرلەمانی کوردستان هەیە، تەنیا بزووتنەوەی گۆڕان پێی باشە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوابخرێت. هاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری بایکۆتی هەڵبژاردنی کردووە، یەکگرتوو و کۆمەڵ لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندی پارتی جەختیان لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن کردووەتەوە لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا، هەروەها یەکێتی نیشتمانی کوردستان دوێنێ بە فەرمی رایگەیاند ئامادەکارییان بۆ هەڵبژاردن کردووە و لەگەڵ ئەوەدان هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆی ئەنجام بدرێت.
 


 

داڕشتنەوە: هەڵات رێبوار

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە