پارتی و یەکێتی دەستدەکەن بە ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

26-11-2023
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن هەڵبژاردن پارتی یەکێتی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئامادەکارییەکانیان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستپێکردووە و چاوەڕوان دەکرێت لە نێوەڕاستی مانگی داهاتوودا دەست بە رێکارەکان بکەن بۆ یەکلاییکردنەوەی سیڤیی ئەو کەسانەی خۆیان بەربژێر دەکەن. 
 
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، پارتی دیموکراتی کوردستان لیژنەیەکی بۆ سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی پێکهێناوە و بڕیارە سەرەتای مانگی داهاتوو دەست بە وەرگرتنی سیڤیی بەربژێران بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکات، دواتر لیژنەکە هەڵسەنگاندن بۆ ئەو کەسانە دەکات.
 
دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتیش سەرقاڵی وەرگرتنی بۆچوونی ئەندامانی حیزبە بۆ زانینی ئەو کەسانەی دەبنە بەربژێر و ئەوانەی زۆرترین کۆدەنگییان لەسەرە.
 
رۆژی یەکشەممە 26-11-2023، شێرزاد سەمەد، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەرپرسی هەڵبژاردنی ناوچەکان، سەرپەرشتیی هەڵبژاردن و هەڵمەتی رێکخستن دەکەن، بەڵام ئێستا بەشێک لە سیڤییەکان گەیشتوونەتە دەستی مەکتەبی هەڵبژاردن و تاوتوێ دەکرێن و بەشێکیان یەکلایی کراونەتەوە. بۆیە چاوەڕوانی دەستپێکردنی رێکارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکەین بۆ ئەوەی بە زووترین کات ناوەکان رادەستبکرێن."
 
بڕیارە یەکێتی لە دوای یەکلاییکردنەوەی سکاڵایەک لە دادگەی فیدراڵیی عێراق کە رۆژی 3-12-2023 لەو بارەوە دادەنیشێت، هەنگاوەکانی بۆ وەرگرتنی لیستی ئەو کەسانەی دەیانەوێت ببنە بەربژێر و نوێنەری ئەو حیزبە لە پەرلەمان چڕتر بکاتەوە.

 

بەپێی رێکارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق، دەبووایە لە رۆژی 15ـی ئەم مانگەوە کۆمیسیۆن دەست بە وەرگرتنی لیستی بەربژێر و قەوارە و هاوپەیمانیێتییەکان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکات کە بڕیارە رۆژی 25ـی شوباتی ساڵی 2024 بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی دانیشتنێکی دادگەی باڵای فیدراڵییەوە لەبارەی سکاڵایەکی تایبەت بە یاسای هەڵبژاردن، وەرگرتنی لیستەکان بۆ کاتێکی دیکە دواخرا.
 
رۆژی 19-11-2023، دادگەی فیدراڵیی عێراق بۆ بڕیاردان لەسەر سکاڵایەک کە دژی مادەکانی 1، 9، 15، 22 و 36 ـی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە، کۆبووەوە. سکاڵاکە لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون، سەرۆکی فراکسیۆنی کریستیانەکان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى تۆمارکراوە. سکاڵاکان تایبەتن بە ژمارەى کورسییەکانی پەرلەمان، یەک بازنەیی هەڵبژاردن و کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانى کوردستان.
 
ئەو رۆژە دادگەکە بڕیاردانی لەبارەی ئەو کەیسە بۆ رۆژی 3-12-2023 دواخست.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەنجێک لە عەلوەی سلێمانی خەریکی کارکردنە

عەلوەی سلێمانی: بەهۆی گرانیی کارەباوە رۆژانە 3 بۆ 4 تۆن سەوزە و میوە فڕێ دەدەین

بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی دەڵێت، بەهۆی گرانیی نرخی کارەباوە ناتوانن ساردکەرەوەکان کارپێبکەن، بەو هۆیەشەوە رۆژانە سێ بۆ چوار تۆن سەوزە و میوەیان خراپ دەبێت و فڕێی دەدەن