رووداو- هەولێر
پەرلەمانتارێکی کۆمەڵی ئیسلامی، قسەکانی عەلی حەمە ساڵح رەتدەکاتەوە کە گوتبووی سۆران عومەریش میلی دەمانچەی بۆ ئاسایشی بازگەکە هێناوەتەوە و دەڵێت: "من هیچ کاردانەوەیەکم نەبووە، ئۆتۆمبێلەکەی کاک عەلی لە پشتی ئێمەوە بووە و پێدەچێت باش رووداوەکانی نەبینیبێت".
سۆران عومەر، پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامی سەبارەت بە رووداوەکانی بازگەی پردێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەکاتی گەیشتنمان بە بازگەی پردێ داوای ناسنامەیان لێکردین، ناسنامەکانمان پێدان و دواتر هاتن وتیان ئێوە بۆتان نییە بچنە هەولێر، من داوام لێیان دەکرد کە ئێوە نابێت ململانێی سیاسی بێننە نێو کارەکانتان کەچی ئەوان گوتیان کە ئەوە فەرمانێکە و لەسەرەوە هاتووە".
ئەو پەرلەمانتارەی کۆمەڵی ئیسلامی گوتی: "ماوەی دوو کاژێر خۆم و ژن و منداڵ و پاسەوانەکانمیان هێشتەوە، هەندێکیان زۆر ئوسلوبی ناشیرینیان هەبوو و قسەی نەشیاویان بەرامبەرمان بەکارهێنا، بەڵام چەند کەسێکی دیکەیان هەبوو کە پۆزشی بۆ هێنامەوە لەو رووداوانە".
سەبارەت بە راکێشانی میلی دەمانچە لەلایەن سۆران عومەرەوە، کە عەلی حەمەساڵح لە روونکردنەوەکەیدا دەڵێت: "ژمارهیهکی زۆری چهکدار لهدهوری ئۆتۆمبیلهکان کۆبوونهوه و میلی تفهنگیان هێنایهوه، کاک سۆرانیش میلی دهمانچهی هێنایهوه". سۆران عومەر رەتیدەکاتەوە و دەڵێت: "ئێمە دەرگای ئۆتۆمبێلەکانمان داخستبوو، هیچ کاردانەوەیەکم نەبوو و لە ئۆتۆمبێلەکەیشم نەهاتمە خوارەوە، ئۆتۆمبێلی کاک عەلی لەدوای ئێمەوە بوو و پێدەچێت باش رووداوەکانی نەبینیبێت، ئەو چەکدارانە میلی تفەنگیان بۆ ئێمە هێنایەوە بەڵام نە من و نە پاسەوانەکانم هیچ کاردانەوەیەکمان نەبوو".
سۆران عومەر، باسی لە هەوڵەکانی حیزبەکەی کردووە بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە و گوتی: "عەبدولستار مەجید و محەممەد حەکیم بە تەلەفوون قسەیان لەگەڵ کەریم شنگالی، وەزیری ناوخۆ و عیسمەت ئەرگوشی بەڕێوەبەری ئاسایشی گشتی کردووە و دوایان لێکردوون کە لێکۆڵینەوە لەو رووداوە بکەن و ئەوانیش بەڵێنی بەدواداچوونیان داوە".
تارق نووری، بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هیچ فەرمانێکمان بۆ گەڕاندنەوەی ئەو دوو پەرلەمانتارە دەرنەکردووە، رەنگە هۆکارەکە لە ئەنجامی دروستبوونی دەنگەدەنگی نێوان پەرلەمانتارەکان و ئاسایشی بازگەکە بووبێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ