رووداو - هەولێر
کۆبوونەوەکەی پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە پڕۆژەیاسای چاكسازی لە خانەنشینی و مووچە و دەرماڵەكان جارێکی دیکە دواخرایەوە.
ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، دوای ئەوەی ئەمڕۆ دووشەممە سەرۆکایەتیی پەرلەمان و لیژنەکان کۆبوونەوە بۆ ئامادەکاری بۆ دانیشتنی سبەی سێشەممە، لەلایەن حکومەتەوە داوای دواخستنی دانیشتنەکە لە پەرلەمان کراوە و پەرلەمانیش بە داواکە قایلبووە.
خۆشناو گوتی "قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران لەگەڵ جەعفەر ئیمینکی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان قسەیکردووە و داوایلێکردووە دانیشتنەکە دوابخرێ، ئەو دانیشتنەش پێویستی بە حکومەتە و بەبێ بەشداری حکومەت نابێ، بۆیە پەرلەمان جارێکی دیکە دوایخست".
پڕۆژەیاسای چاكسازی لە خانەنشینی و مووچە و دەرماڵەكان لە ماوەی رابردوودا لە پەرلەمانی كوردستان پەسندكرا، بەڵام کاردانەوە و ناڕەزایەتی تووندی لێکەوتەوە، بۆیە فراكسیۆنی پارتی لەگەڵ 9 فراكسیۆنی دیكە و هەریەك لە فراكسیۆنەكانی گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو بەجیا، داوای گەڕاندنەوەی پڕۆژەیاساکەیان كرد بۆ پەرلەمان و دواتر گەڕێندرایەوە.
لەوکاتەوە نزیکەی سێ مانگ بەسەر ئەو وادەیەدا تێپەڕیوە، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی فراکسیۆنەکانەوە پەسندنەکراوە. رای جیاوازی فراکسیۆنەکان لەبارەی ماددەكانی (3 و 8 و 11)ی پڕۆژەیاساکە بوو کە باسی پرسەکانی خانەنشینی و مووچە و دەرماڵەكان دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ