قایمقامی ره‌واندوز: سوكایه‌تییم به‌ خه‌ڵكی ره‌واندوز نه‌كردووه‌

13-05-2013
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن رواندوز
A+ A-
عومەر شایان- هەژار ئەرگوشی
رووداو-هەولێر
رۆژنامەی زاری کرمانجی بڵاویکردووەتەوە کە قایمقامی قەزای ره‌واندوز، "سوکایەتی" بە خەڵکی ئەو قەزایە کردووە، بەڵام قایمقام ئەوە رەتدەکاتەوە کە قسەی بە خەڵکی ناوچەکە گوتبێت.

دوای ئەوەی لە ژماە٢٩٠ی ئەمڕۆی رۆژنامەی زاری کرمانجی کە لەقەزای سۆران دەردەچێت هەواڵێک بڵاو بووەوە، لەکاتیکدا کە مامۆستایێکی ئافرەت سیڤی پێشكەش کردووە بۆ ئەوەی وەک بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزاکە دابمەزرێت گوایا قایمقامی ره‌واندوز چەند قسەیەکی نەشیاوی بە خەڵکی ناوچەک گوتووە و گوتویەتی خەڵکی ئەو ناوچەیە قبوڵی ناکەن ئافرەتێک ببێتە بەڕێوەبەریان.

لەو بارەیەوە سیروان سیرینی قایمقامی قەزای ره‌واندوز لە لێدوانێکی دا بۆ (رووداو) گوتی"بەشێک لە ماموستایانی ناوچەکە هاتن بۆ قایمقامیەت و داوایان لە ئێمە کرد کە بەهیچ شێوەیەک قبوڵی ئەوە ناکەین ئافرەتێک ببێتە بەڕێوەبەری پەروەردە لە ناوچەکە و گوتیان ئەگەر داواکارییەکەمان بەهەند وەرنەگیرێ بایکۆتی وانە گوتنەوە دەکەین".

هەروەها گوتی "خەڵکی ناوچەکە باش کەسایەتی من دەناسن و خوا ئاگادارە من ئەو قسانەم بەخەڵکی ناوچەکە نەگوتووە".

لە درێژەی لێدوانەکەیدا قایمقامی ره‌واندوز گوتی" ئەو مامۆستایە سیڤی یەکەشی هێنا من نەمتوانی وەری بگرم، چونکە سیڤی وەرگرتن و دامەزراندنی بەڕێوەبەری پەروەردە، پەیوەندی بە منەوە نییە و وەزارەتی پەروەردە دەتوانێت ئەوە بکات و بۆ ئەو مەبەستە لیژنەش لە وەزارەت پێکهێندراوە".

 ئیسماعیل ئیبراهیم، سەرنوسەری رۆژنامەی زاری کرمانجی لەو بارەیەوە بۆ (رووداو) گوتی "ئێمە قسەکانی مامۆستایەکەمان وەک خۆی گواستووتەوە و ئێستا قایمقام ناتوانێت ئەو تۆمەتانە رەت کاتەوە چونکە چەند جارێک قسەکانی دووبارە کردووتەوە بۆیە لەسەری پێویستە داوای لێبوردن لەخەڵکی ناوچەکە بکەت یان رونکردنەوەیەک لەو بارەیەوە بڵاو بکاتەوە.

لەبارەی ئەوەی کە قایمقام کەسی دەستنیشانکراوی خۆی هەبووە بۆ ئەو پۆستە، سیرینی گووتی" بەهیچ شێوەیەک من کەسم دەست نیشان نەکردووە بۆ ئەوەی ببێتە بەڕێوەبەری پەروەردە، بەڵکو ئەمجارە پڕۆسەکە زۆر شەفافانە بووە و چاوپێکەوتن لەگەڵ هەر کەسێک کراوە کە سیڤی پێشکەش کردووە".

هەروەها گووتی"ئێمە بەرامبەر ئەو هەڵوێستەی مامۆستا هیچ سکاڵایەک تۆمار ناکەین، بەڵام لە روونکردنەوەیەک دا خەڵکی ناوچەکە لەراستی بابەتەکە ئاگادار دەکەینەوە" .

چنوور مەزهەر، سەرپەرشتیاری یەکەمی پەروەردە پشتڕاستی ئەوەی کردەوە "کە قایمقام پێی گووتوم تۆ ناتوانی لێرە ببیت بە بەڕێوەبەری پەروەردە پاشان وشەیەکی نەشیاوی بۆ خەڵکی ره‌واندوز بەکارهێنا" و گووتیشی "تۆ ناتوانی لە نێو ئەم خەڵکەدا سەرکەوتوو بیت".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە