بەشێک لە هۆتێلەکانی کوردستان شوێنی مانەوەیان بۆ نەورۆز نەماوە

16-03-2019
نادر رۆستی: چاوڕێ دەکرێت ئەمساڵ ژمارەی پێوانەیی لە هاتنی گەشتیار تۆماربکەین
نادر رۆستی: چاوڕێ دەکرێت ئەمساڵ ژمارەی پێوانەیی لە هاتنی گەشتیار تۆماربکەین
نیشانەکردن نەورۆز
A+ A-

رووداو - سلێمانی

دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ستراتیژی ئاهەنگ و چالاکییەکانی نەورۆزی راگەیاندووە، چاوڕێ دەکرێت ژمارەی گەشتیارانی ئەمساڵ زۆر زیاتربێت و ژمارەیەکی پێوانەیی تۆماربکرێت، هۆتێل و میوانخانەکانیش ئامادەکارییان بۆ لەخۆگرتنی زۆرترین گەشتیار کردووە.

ژمارەی ئەو گەشتیارانەی لە هۆتێل و مۆتێلەکانی هەرێمی کوردستان ژوور و شوێنی مانەوەیان گرتووە مژدەی بووژاندنەوەی کەرتی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان دەدات بەگوێی بەرپرسانی کەرتەکەدا، چونکە کەم هۆتێل ماوە ژوور و شوێنی مانەوەیان بە بەتاڵی مابێت بۆ نەورۆز.

نادر رۆستی، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: "لە ئێستاوە ستراتیژی نەورۆزمان راگەیاندووە، کە پلانێکی ستراتیژییە بۆ ماوەی پێنج ساڵ، ئەم پلانە کاری لەسەر دەکرێت، ئەمساڵ یەکەم ساڵە دەمانەوێت لەڕووی راگەیاندنەوە کارێکی باشی بۆ بکەین و زیاتر بیناسێنین. ساڵانی داهاتوو هەنگاوی دیکە و باشتری بۆ بهاوێژین، چاوڕێ دەکرێت ژمارەی گەشتیارانی ئەمساڵ زۆر زیاتربێت و ژمارەیەکی پێوانەیی تۆماربکەین".

لە هەرێمی کوردستان هەزار و 63 هۆتێل و مۆتێل و گوندی گەشتیاری هەیە کە 760 یان خاوەن ئەستێرەی گەشتیارین و ئەوانی دیکە هۆتێلی میللین، بە هەمووشیان 70 هەزار سەرینیان هەیە و لەکاتی فشاری زۆری گەشتیاراندا دەتوانرێت زیادبکرێت.

ئێستا بەشی زۆری ژوور و سەرینەکانی هۆتێلەکان بۆ نەورۆز داواکراون، بەڵام بە نرخی زیاتر لە جاران.

زۆری ژمارەی گەشتیار وایکردووە نرخی ژوور و شوێنی مانەوە لە هەندێک شوێن دوو هێندەی نرخی پێشتری بەرزبێتەوە، بەڵام بۆ کابینە گەشتیارییەکان نرخەکە زۆر زیاترە و نزیکبووەتەوە لە 500 دۆلار بۆ یەک شەو، بەڵام کۆمەڵەی میوانخانەکان دەڵێن ''نرخ جێگیرە و ئەگەر جوڵەیەکیش هەبێت کاتییە''.

شکور عەزیز، جێگری سەرۆکی لقی هەولێری کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکانی کوردستان دەڵێت: "بەگوێرەی هاتنی گەشتیاران و ئەوەی پێشبینی دەکرا هیچ دەستکاری نرخەکان نەکراوە لەوانەیە کەمتربێت زیاتر نییە لەپێشتر، زۆربەی زۆری هۆتێلەکان بەمەوە پابەندن لەبەر ئەوەی پێشبڕکێیە لەنێوان خۆیان، هەرکەسە و دەیەوێت زۆرترین گەشتیار رابکێشێت"

بەپێی ئاماری دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان نەورۆزی رابردوو 243 هەزار گەشتیار هاتبوونە هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەمساڵ چاویان لەوەیە ژمارەکە بۆ نزیکی دوو هێندە بەرزبکەنەوە.

داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە