ئەمساڵیش ئاکرێ نەورۆزێکی جیاوازی دەبێت

14-03-2021
ساهیرە سدیق
ساهیرە سدیق
نیشانەکردن نەورۆز ئاکرێ نەورۆزی ئاکرێ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
نەورۆزی هەموو ساڵێک سەرنجەکان لەسەر رێوڕەسم و مەشخەڵە ئاگرینەکانی ئاکرێیە کە بە پایتەختی نەورۆزی کوردستان ناسراوە. بەڵام ئەمساڵ رێکارەکانی کۆرۆنا وایکردووە کە نەورۆزی ئاکرێش سیمای نەورۆزەکانی رابردووی نەبێت.
 
ساڵانە و لە یەکەم رۆژی نەورۆز هەزاران کەس روودەکەنە ئاکرێ و لە فێستیڤاڵی نەورۆز بەشدار دەبن. بەڵام وەک دوو ساڵی رابردوو ئەمساڵیش لە ئاکرێ هیچ رێوڕەسمێکی فەرمی بۆ ئاهەنگی نەورۆز بەڕێوەناچێت، تەنها چەند گەنجێک کە نزیکەی 50 بۆ 60 کەس دەبن لە دوو ئاراستەوە مەشخەڵی ئاگر هەڵدەگرن و دەیبەنە سەر لووتکەی چیای کەلێ.
 
مازن محەممەد سەعید، قایمقامی قەزای ئاکرێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەهۆی رێکارەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا ئەوان بۆ ئاهەنگی ئەمساڵی نەورۆز، هیچ ئاهەنگێک رێکناخەن، تەنها بە هەڵکردنی ئاگر و تەقاندنی یاری ئاگرین ئەویش بەشێوەیەکی سنووردار ئەو یادە دەکەنەوە.
 
ئەو گەنجە خۆبەخشانەش کە ئامادەکاریی دەکەن بۆ ئەوەی ئاگر ببەنە سەر چیای کەلێ بە گوتەی قایمقامی ئاکرێ لەژێر رێنمایی و چاودێریی بەڕێوەبەرایەتیی رۆشنبیری ئاکرێ دان کە ژمارەیان نزیکەی 60 گەنج دەبێت. مازن محەممەد هەروەها جەختیکردەوە کە ئەوان پابەندی هەر بڕیارێک دەبن کە حکومەت دەریدەکات.
 
پۆلیس عەلی سەعید یەکێکە لەو گەنجانەی وەک خۆبەخش ئامادەکاریی دەکات بۆ ئەوەی ئێوارەی رۆژی 20-03-2021 ئاگری نەورۆز بباتە سەر چیای کەلێی کۆن لە ئاکرێ. پۆلیس عەلی سەعید بە رووداوی راگەیاند کە ئەوان نزیکەی 200 مەشخەڵیان ئامادە کردووە و بە دوو گرووپ لە دوو ئاراستەی جیاوازەوە مەشخەڵەکان دەبەنە سەر چیاکە، لەوێ ئاڵایەکی کوردستان بە درێژیی 60 مەتر هەڵدەکەن.

 

 
ساڵی رابردووش بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئاهەنگەکانی نەورۆز لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەنەچوون، تەنیا ئاگری نەورۆز لە هەندێک ناوچە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی کەم لە هاونیشتمانییان کرایەوە.
 
له‌ هه‌موو كوردستان چیای بڵند و ئاگر و یادی نه‌ورۆز هه‌بووه‌، بەڵام ئاكرێ بووه‌ مه‌ڵبه‌ندی یادی نه‌ورۆز، لەوبارەیەوە شەعبان سلێمان، هونەرمەند و میوزیکژەن لەبارەی تایبەتمەندیی ئاکرێ و هۆکاری ئەو گرنگییەی کە پەیدایکردووە بە رووداوی راگەیاند"ئاکرێ شارێکی گەلێک کۆنە لە مێژوودا، پێش هەزاران ساڵ بونیادنراوە، بۆچوونێک لەسەر ناوی شارەکە هەیە، کە ئاکرێ لە ئاگری-یەوە هاتووە. هەربۆیەش ئاكرێ بووه‌تە مه‌ڵبه‌ند و پایتەختی نەورۆز لە کوردستان".
 

هەر ئەو تایبەتمەندییانە بوو کە وایکرد قەزای ئاكرێ لە ساڵی 2018 لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگای دھۆكەوە بە پایتەختی نەورۆز بناسێندرێت و ساڵانەش لەسەر قەڵای شارۆچكەكە كەرنەڤاڵی ئاگری نەورۆز ئەنجام دەدرێت.
 
بەبڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان و لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، هەموو جۆرە کۆڕ و کۆبوونەوە و گردبوونەوە و کۆنفرانس و بۆنەیەکی ئایینی و کۆمەڵایەتی قەدەخەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە