نەجمەدین کەریم: ئەوانەی خیانەتیان کرد خیانەت لە رەگیاندا هەبووە

16-11-2017
گۆڤەند مستەفا
"ئاڵا ئەسەدی بە دەنگی من بووە پەرلەمانتار"
"ئاڵا ئەسەدی بە دەنگی من بووە پەرلەمانتار"
نیشانەکردن یەکێتی کەرکووک نەجمەدین کەریم کوردستان
A+ A-

رووداو- هەولێر

پارێزگاری لەسەرکار لادراوی کەرکووک دەڵێت، ئەوانەی خیانەتیان کرد خیانەت لە رەگیاندا هەبووە. گوتیشی: "ئاڵا ئەسەدی و شوان داوودی و 4 پەرلەمانتاری دیکەی یەکێتی بە دەنگی من بوونە پەرلەمانتار".


د.نەجمەدین کەریم، لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی روودای ئەمڕۆی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی رووداو باسی دۆخی کەرکووک ، کێشەکانی نێوخۆی یەکێتی ، رەوشی تەندروستی جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی و چەند پرسێکی دیکەی کرد 

نەجمەدین کەریم پێیوایە، ئەگەر ئەو دۆخە چاک نەکرێتەوە "بەڕاستی زەرەرمەندی گەورە لەدوای یەکێتی خۆی، میللەتەکەمان دەبێت، تەماشا بکە هەڵسانی چەند کەسێک بە رێککەوتنێکی ژێر پەردەوە لەگەڵ داگیرکەرانی کوردستان چی لە یەکێتی کرد".

رووداو: ئێستا وەکو چی جەنابتان بناسێنین؟ وەکو پارێزگار، پارێزگاری پێشوو؟

د.نەجمەدین کەریم: بەپێی هەموو یاساکان کە هەیە، بەپێی ئەو نامانەی کە لە حکومەتی عێراقەوە خۆی هاتووە کە کەرکووک بەو ماددەیە شمول نابێت کە پارێزگاکانی دیکەی لێیە، بەپیی کۆتا بڕیاری ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، هەر من پارێزگاری شەرعی کەرکووکم.

رووداو: دوێنێ وەڵامی تانەیەکی تۆ هاتەوە، کە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق باسکرابوو، دواتر سەرۆککۆماریش ئەو بڕیارەی پەسندکرد کە جەنابتان پارێزگار نەماون، گوترا ئەمە شتێکی یاسایی نییە، بەڵکو ئیدارییە، ئەگەر ئیداری بێت کەواتە ئەم بڕیارەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کارپێکراوە بۆ جەنابت؟ 

د.نەجمەدین کەریم: ئەگەر لە دادگایەکی دادپەروەر بێت، بەڕاستی دادگایەکی قەزائی بێت کە سیاسەت دەستی تێدا نەبێت، حەق بەلای ئێمەیە، چونکە زۆر بەڕوونی دەڵێ کەرکووک بە قانوونی برێمەر مەشمولە، بە قانوونی برێمەریش تەنها ئەنجوومەن دەتوانێت پارێزگار دابنێت و یان لای ببات، بە نیسبەت سەرۆککۆماریشەوە، سەرۆککۆمار نازانم بۆ ئەوەندە بە پەرۆش بوو کە ئەوە ئیمزا بکات، دەزانی ئەگەر سەرۆککۆمار هیچیش ئیمزا نەکات بڕیار تێدەپەڕێت، ئێوە خۆتان دەزانن، دیارە بۆ ئەوەی فشار لەسەر خۆی لابدات، چونکە هەندێک قسەی لەسەر دەکرا بۆیە ئەو ئیمزایەی کرد، ئەگینا ئەو ئیمزاشی نەکات شتەکە هەر تێدەپەڕێت.

رووداو: سەرەتا هەموو حیزبە کوردستانییەکان، بە یەکێتی نیشتمانی کوردستانیشەوە دژی ئەو بریارە بوون کە جەنابت لە پۆستی پارێزگاری کەرکووک لابچیت، ئێستا بۆچی دۆخەکە گۆڕاوەو هەست دەکەی حیزبەکانیش قسە ناکەن لەسەر ئەم بابەتە؟

د.نەجمەدین کەریم: دەتوانی ئەو پرسیارە لە حیزبەکان بکەی، یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش هەرگیز لەگەڵ ئەوە نەبووە وەکو بڕیارێکی حیزبەکەمان، چ لە مەکتەبی سیاسی چ لە سەرکردایەتی، یان ئیدارە یان ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بگۆڕێت، کابرایەک لەخۆیەوە هەڵساوە ئەو قسەیەی کردووە، ئەگینا بە حەقیقەت لەناو ئۆرگانی یەکێتی کە دەسەڵاتی بڕیاری هەیە ئەو بڕیارە نەدراوە.

رووداو: لە تازەترین رووداودا کە بۆ خەڵک جۆرێک لە سوپرایز بوو، ئەویش سەردانی جەنابت بوو بۆ سلێمانی بۆ لای کاک کۆسرەت، چۆنبوو چوویتە ئەوێ؟ چۆن ئەو بڕیارەت دا؟ پێشتر وا بڵاوکرایەوە کە تۆ ناتوانیت بچیتە سلێمانی.

د.نەجمەدین کەریم: ئەو کەسەی کە دەڵێ من ناتوانم بچمە سلێمانی ناماقوڵی کردووە، ئەو خۆی خەڵکی سلێمانی نییە، من سلێمانی بە شاری خۆم دەزانم، راستە کەرکووک شاری منە و لەوێ لەدایک بوومە، بەڵام من خزم و دۆست و هەڤاڵێکی زۆرم لە سلێمانی هەیە، تەنانەت شوێنی مانەوەم کە لە کەرکووک نەدەبووم دەچوومە سلێمانی، هەرچەندە چەند کەسانێک دەستیان بەسەر ئەو شوێنە گرتووە وەکو بزانم تاڵانیشیان کردووە، بەڵام هەر کاتێک بمەوێت دەتوانم بچم بۆ سلێمانی، ئەمجارەشیان کە چوومە سلێمانی دووجار رۆیشتووم، دوێنێ لەوێ بووم، پێرێ لەوێ بووم، جارێکی دیکەش دەچمەوە، سلێمانی خۆشەویستی تایبەتی لە دڵی مندا هەیە، وەکو باسیشم کرد، جگە لە خزم و خێزانی خۆم، بەڵام دۆستێکی زۆر و هەڤاڵی زۆر دێرینم هەیە لە سلێمانی و یادگاری زۆرم هەیە لە سلێمانی.

رووداو: سەردانی کاک کۆسرەتت کرد، جارێک رۆیشتووی و جارێکیش داوای کردوویتەوە، بە تایبەت بۆچی تۆی داواکردووە و ئێستا رەوشی تەندروستی چۆنە؟

د.نەجمەدین کەریم: من یەکەمجار چووم بۆ سەردانی، بۆ ئەوەی بزانم رەوشی چۆنە، کاک کۆسرەت هاوڕێیەکی خۆشەویست و نزیکی منە، ئێمە زۆر دەمێکە یەکتر دەناسین، ئەمە لەڕووی هاوڕێیەتی شەخسییەوە، جگە لەوە ئێمە لە مەکتەبی سیاسی کاک کۆسرەت جێگری سکرتێری گشتییە، من ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیم هەڤاڵێکی نزیک و خۆشەویستمە، چوومەتە سەردانی بۆ ئەوەی بزانم تەندروستی چۆنە، یەکەم سەردانم پێرێ بوو، هەڵبەتە رۆژی دوای نەشتەرگەرییەکەی بوو، هێشتا هۆشی بەو شێوەیە نەبوو، هەرچەندە من زیاتر کە چوومە ئەوێ جگە لە رەفیقایەتی و برایەتی و دۆستایەتی، هەندێک چێکیشم کرد بۆ ئەوەی بزانم باری جوڵانەوە و مێشک و ئەوانەی چۆنە، بەڕاستی بەوە ئیسراحەتم کرد کە ئەو شتانەی پێم دەگوت دەیکرد، راستە قسەی نەدەکرد، بۆ رۆژی دواتر واتە دوێنێ بەیانی کە دەکەوێتە قسە و باشتر و زیاتر بەئاگا دێتەوە، ئەو دەرمانەی کە دەیخەواند و وایدەکرد قسە نەکات ، کەمکرابووەوە پرسیاری منی کردبوو، ئەوەبوو کاک دەرباز تەلەفۆنی بۆ کردم لەگەڵ خۆشی بە تەلەفۆن قسەم کرد و داوایکرد بچمە ئەوێ، ئەوەبوو چووم و لەوێ یەکتریمان بینی ، خۆشبەختانە و سوپاس بۆ خودا تەندروستی زۆر باش بوو، ئەو هاوڕێیانەی خۆم کە دکتۆرن لەوێ، دکتۆر قەلەندەر و هاوڕێکانی دیکەی بەڕاستی کارێکی زۆر باش و چارەسەرێکی زۆر باشیان بۆ کاک کۆسرەت کردبوو، من دەستخۆشیان لێدەکەم، بێگومان سوپاسیشیان دەکەم، دکتۆر قەلەندەریشم بینی بە دوورو درێژی پرۆسەکەی بۆ باسکردم کە هاتووە و چۆن بووە، کاک کۆسرەت بەڕاستی دۆخی خەتەر بوو کە گەیشتە نەخۆشخانە تا نەشتەرگەرییەکەی بۆ کرا، کە نەشتەرگەرییەکەی بۆ کرا، هەموو شتەکانی بەرەو باشی رۆیشت، گورچیلە و دڵی هەمووی وەکو خۆی کاردەکات و نۆڕماڵە.

رووداو: ئێستا وردە وردە بەرەو باشی دەڕوات، بەڵام بۆچی براوە بۆ ئەڵمانیا؟

د.نەجمەدین کەریم: ئەم چارەسەرییەی کاک کۆسرەت، پرۆسەیەکی زۆر گرنگی رۆیشتووە، ئەویش دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکەی و دوای ئەوەش نەشتەرگەرییەکەی کە بۆیان ئەنجامداوە، دوای ئەوەش چارەسەر تەواو نابێت، چارەسەری دوای نەشتەرگەری بەهەمان شێوە گرنگە، بەڵکو گرنگتریشە، چونکە ئەوکاتە دەبێت تۆ ئاگات گورچیلە بێت، لە سینگ بێت لە سییەکان بێت لە دڵت بێت لە قاچ و سەر و مێشکت بێت، بۆیە بە باشتریان زانیوە، لەبەر ئەوەی فشاریش لەسەر نەخۆشخانەکەی ئەوێ کەمبێتەوە، وەک خۆشتان دەزانن لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە کاک کۆسرەت خۆشەویستە لەو وڵاتەی ئێمە، خەڵکێکی زۆر پێیانخۆشە بچن بۆلای، ئێ کە تۆ رێگەت بە چەند کەسێک داو رێگەت بە ئەوەی دیکە نەدا، ناکرێت.

من وابزانم بەشێوەیەکی گشتی هۆیەکەی ئەوەیە بە هێمنی چارەسەر بکرێت و تۆزێک فشاریشی لەسەر کەمبێتەوە، ئینشەڵڵا دێتەوە ئەوکاتە چۆن پێش ئەوەی وایلێبێت هەموو کاتێک دەرگای بۆ هەموو کەسێک کرابووەوە و هەموو کەس دەچوونە سەردانی و دەیانبینی، بەهەمان شێوە روودەداتەوە.

رووداو: واتە ئێستا مەترسی لەسەر ژیانی نەماوە لەرووی تەندروستییەوە؟

د.نەجمەدین کەریم: هەمیشە مەترسی هەیە، کە تۆ تووشی شتێکی وابووی، بەڵام دۆخی جێگیرە، بەراستی کێشەیەک نییە بڵێیت، جگە لەوەی برینەکەی چاک بێت و ئەو شتانەی کە پێویستە لەدوای ئەوە بۆی بکرێت.

رووداو: کە قسەت لەگەڵی کرد یەکەم پرسیاری چی لێکردی، هەواڵی چی لێ پرسیت

د.نەجمەدین کەریم: یەکەم شت بەخێرهاتنی کردم، پێشم گوت دوێنێ هاتووم، سەری لەقاند دیاربوو بەبیری بوو، جیا لە بەخێرهاتن و ئەحواڵ پرسین، پرسیاری ئەوەی کرد کە مێشکم چۆنە، دەترسا لەوەی نەوەک تووشی جەڵتە بووبێت، من وەکو دکتۆرێکیش کە پێشتر لەگەڵی بوومە کاتێک بۆ نەخۆشییەکەی کە هەیەتی نەشتەرگەری کراوە، بەشێوەیەکی گشتی ئاگام لێیەتی دۆخی چۆن بووە، کە دڵنیام کردەوە هەمووی باشە زۆری پێ خۆش بوو، سوپاسی کردم.

رووداو: داوای لێنەکردی لەگەڵی بچیتە ئەڵمانیا؟

د.نەجمەدین کەریم: بەڵێ، بەرێ وەڵا داوایکرد، گوتی پێم باشە تۆ و دەرباز لەگەڵم بێن، منیش گوتم بێگومان من هەردێم بۆ لات، بەڵام ئەو فڕۆکەی کە کاک کۆسرەت پێی دەڕوات فڕۆکەیەکی بچووکە جێگای چەند کەسێکی تێدا دەبێتەوە، ئەو دکتۆرانەی کە ئەو پێویستی پێیە لەگەڵیدا دەبن، وابزانم دوو دکتۆرن، لەگەڵ یەک دوو یاریدەدەری خۆی کە هەمیشە لەگەڵین و خزمەتی دەکەن، لەگەڵ ئەندامێکی خێزانەکەی کە نازانم کامیانە لەگەڵی دەچن.

رووداو: لەدوای نەخۆشکەوتنەکەوە یەکسەر باسی دۆخی یەکێتی دەکرێت، باسی کۆنگرەو کۆبوونەوەو مەکتەبی سیاسی دەکرێت، پرسیار ئەوەیە یەکێتی دۆخی بەرەو کوێ دەروات؟ جەنابت لە کۆبوونەوەکانی ئەمداواییەی مەکتەبی سیاسی بەشداریت نەکرد، هۆکاری بەشدارینەکردنەکەت چی بوو؟ دەتانەوێت چی بکەن؟

د.نەجمەدین کەریم: یەکەم شت یەکێتی لە ساڵی 2012وە دوای نەخۆشکەوتنی جەنابی مام جەلال، بەڕاستی بە دۆخێکی سرووشتیدا نەرۆیشتووە، لە هەموو کارەکانیدا، کێشەی نێوخۆیی کە پێشتریش ئەو کێشانە هەر هەبووە لەناو یەکێتیدا، ئەگینا بۆچی کاک نەوشیروان چووە دەرەوەو گۆڕانی دروستکرد، واتە کێشە هەر هەبووە لەناو یەکێتی، سەیری مێژووی یەکێتی بکە، بەڵام دوای نەخۆشکەوتنی مام جەلال و دوورکەوتنەوەی لە گۆڕەپانی سیاسی کێشەکان زیاتری کرد، بەڵام لەبەر ئەوەی لە ژیاندا مابوو، جۆرە شەرمێک هەبوو، خەڵکەکەی راگرتبوو، لەدوای وەفاتی مام جەلال بەداخەوە هەر 6 رۆژی پێچوو کاری ناڕەوا لەناو یەکێتیدا روویدا، بەتایبەتی لەلایەن ئەوانەوە کە خۆیان بە خێزان یان بنەماڵەی مام جەلال دەزانن، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی بینیتان لە کەرکووک چی روویدا.

رووداو: ئەوانەی خۆیان بە نزیک و بنەماڵەی مام جەلال دەزانن، ئەوانە ویستیان یەکێتی دەرباز بکەن، یان یەکێتیان بەرەو دۆخێکی خراپتر برد؟

د.نەجمەدین کەریم: نەخێر ئەوانە ویستیان یەکێتی کۆنترۆڵ بکەن لە دەستی خۆیان، هەر ئەوەش بوو کەوا چوون رێککەوتن لەگەڵ لایەنی دیکە بەبێ ئاگاداری مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی، ئەو رێککەوتنەیان کرد و بوو بەهۆی لەدەستدانی کەرکووک و شوێنی دیکەو دوزخورماتوو، ئەمڕۆش دەبینی باری کەرکووک و دوز و باری ئەو شوێنانەی کە کەوتووەتە ژێر دەستی رژێمی عێراق بە تایبەتی حەشدی شەعبی بە کۆنترۆڵی شوێنی دەرەکی، دۆخەکە چی لێهاتووە، هەڵبەتە دوورکەوتنەوەی مام جەلال فشارێکی زیاتری خستە سەر کاک کۆسرەت، بەڕاستی فشارێکی زۆری خستە سەر کاک کۆسرەت، هەوڵێکی زۆریدا کەوا کۆنترۆڵی ئەمە بکرێت، بەڵام ئەو شتانە بە شوێنی جیاواز دەبرا و هەوڵدەدرا، ئێستا ئەو نەخۆشییەی کاک کۆسرەتیش کە وایلێهات، بێگومان فشارەکە زیاتر دەکات، ئەو وەکو رەمزێک مابووەوە لەدوای مام جەلال سینییەرترین کەس بوو لەناو یەکێتیدا جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی و مەفروزە ئەو کارەکانی مام جەلال بکات، هەڵبەتە دوو شت، یەکەم کاک کۆسرەت خۆشی تەندروستی زۆر باش نەبوو، بەڵام کە ئەمەش روویدا ئەمەش زیاتر وا لەو کەسانە دەکات کە کۆنترۆڵی یەکێتی بکەن و بیخەنە دەست چەند کەسێکەوە.

رووداو: دەتوانن کۆنترۆڵی بکەن، ئەندامەکانی مەکتەبی سیاسی کە لە بنەماڵەی تاڵەبانی نین، دەسەڵاتیان ئەوەندە لاوازە کە هەندێک لەناو بنەماڵەی تاڵەبانی بتوانێت کۆنترۆڵی هەموو یەکێتی بکات؟

د.نەجمەدین کەریم: بەڕای من ئەگەر بێت و پەیڕەو و پرۆگرامی یەکێتی جێبەجێ بکرێت، هیچ بنەماڵەیەک و کەسێک ناتوانێت و نابێت کۆنترۆڵی یەکێتی بکات، یەکێتی حیزبێکە لەسەر بنەمایەکی دیموکراتی و رای ئەندامەکانی و جەماوەرەکەی، مەفروزە سەرکردایەتییەکەی هەڵبژێردرێت نەک بە کودەتا و ئینقلاب و موئامەرە لەژێرەوە کە کراوە، چەند رۆژێک لەمەوبەر چلەی مام جەلال بوو، ئێستاش کاک کۆسرەت نەخۆشکەوتووە و ئەم شتە روویداوە، هەڵبەتە کاک کۆسرەتیش سوپاس بۆخوا تا ئێستا تەندروستی باشە، ئەوانەی کەوا یەکێتیان خۆش دەوێت و دەیانەوێت یەکێتی بە یەکگرتوویی بمێنێ و برینەکانی ساڕێژ بکرێت بە رای من ئەو نەخۆشییەی کاک کۆسرەت و باشبوونی تەندروستی دوای ئەو دۆخە ترسناکە، ببێتە هۆی ئەوەی جارێکی دیکە هەموو بیر لەوە بکەینەوە، بە لاوازکردنی یەکێتی و پارچەپارچەکردنی یەکێتی و هاتنی چەند کەسێک کە بێیتە سەر راستییەکەی تەماشای مێژوویان بکەیت، شتێکیان نەبووە لە رێگای کوردایەتی یان لەناو یەکێتی، چەندەها سوودیان لێوەرگرتووە، ئێستاش دەیانەوێت دەستی بەسەردا بگرن، ئەوە بەهیچ شێوەیەک نابێت رێگای پێبدرێت و رووبدات.

رووداو: لە دوایین کۆبوونەوەی سەرکردایەتی، مەکتەبی سیاسی هەڵوەشایەوە، ئێستا ئێوە وەکو چی لەسەر ئەو دۆخە بڕیار دەدەن؟

د.نەجمەدین کەریم: ئەگەر بێیتە سەر حەقیقەت لەدوای نەخۆشی مام جەلالەوە یەکێتی کێشەی تێدابووە، کێشەی بڕیاردان هەبووە لەناو یەکێتیدا، تەنانەت پەیوەندی لەگەڵ حیزبەکان چ لەگەڵ گۆڕان چ لەگەڵ پارتی، چ لەسەر بابەتی ریفراندۆم، یەکێتی یەکدەنگ نەبووە، هەر یەکە و بەلایەکیدا بردووە، راستە زۆرینە لەگەڵ ریفراندۆم بوو، زۆرینە لەگەڵ ئەوەبوو لەگەڵ گۆڕانیشدا باش بێت، بەڵام لەناو ئەوەشدا کێشە هەبووە، بۆیە دەبێت ئەو دۆخە چاک بکرێتەوە، ئەگەر ئەو دۆخە چاک نەکرێتەوە بەڕاستی زەرەرمەندی گەورە لەدوای یەکێتی خۆی میللەتەکەمان دەبێت، تەماشا بکە هەڵسانی چەند کەسێک بە رێککەوتنێکی ژێر پەردەوە لەگەڵ داگیرکەرانی کوردستان چی لە یەکێتی کرد، شاری کەرکووک قەڵای یەکێتی بوو، بە حەقیقەت قەڵای یەکێتی بوو، من دڵنیام ئەمکارەی ئەمان کردیان، کە تۆ خستتە ژێر دەستی حەشدی شەعبی و جەبهەی تورکمانی و ئەو تورکمانە شیعانەی دەیانەوێت تۆڵە لە کورد وەربگرن یان ئەو عەرەبە شۆڤێنیانەی کە دەیانەوێت جارێکی دیکە کۆنترۆڵی بکەن تۆڵە لە کورد بسەننەوە، ئەمە چ داهاتوویەک بە یەکێتی دەدات لە کەرکووک؟

رووداو: وەڵامی ئەوەت نەدایەوە بۆچی بەشداری کۆبوونەوەی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیت نەکرد لەم دواییانە، دووەمینیان ئەو بڕیارەی کە درا جێبەجێ دەکرێت، بۆ نموونە ئێستا دەتوانین بە ئەندام مەکتەب سیاسییەکان بڵێین ئەندامی مەکتەبی سیاسی؟ یان چیان پێ بڵێین؟

د.نەجمەدین کەریم: بە رەئی من ئەو بڕیارەی دراوە جارێک رێککەوتنیان هەبووە پێش ئەوەی شتی وا نەکرێت، ئەوەی من ئاگام لێیە، لەدوایی کە بەپەلە شتەکەیان کردووە، 20 کەس دەنگی داوە و 16 کەس لەگەڵی نەبووە، 19 کەس دەنگیان نەبووە دوایی کۆبوونەوەکە تێکچووەو هیچ شتێک نەبووە بە بڕیار لەوێدا، کۆبوونەوەکە تێکچووە.

رووداو: واتە مەکتەبی سیاسی هەڵنەوەشاوەتەوە.

د.نەجمەدین کەریم: بە بڕوای من مەکتەبی سیاسی هەڵنەوەشاوەتەوە.

رووداو: ئەگەر کۆبوونەوەی داهاتووی مەکتەبی سیاسی بکرێت جەنابت بەشدار دەبیت؟

د.نەجمەدین کەریم: ئەگەر شتێک رێگر نەبێت لەوەی بچم، بەڵێ بەشدار دەبم، ئەی چۆن بەشدار نابم.

رووداو: واتە چ رێگرییەک هەیە، چ دەبێتە رێگر؟

د.نەجمەدین کەریم: مرۆڤ جاری وا نەخۆش دەکەوێت، جاری وا سەفەرت هەیە بۆ شوێنێک، خۆ ئەمە یەکەم جار نییە من لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی بەشدار نابم یان لە سەرکردایەتی، پێشتریش بەشدار نەبوومە، هۆی خۆم هەبووە.

رووداو: مەبەست رێگری سرووشتی نییە، مەبەست رێگری سیاسی و حیزبی یانیش هەڕەشەیە؟

د.نەجمەدین کەریم: هەڕەشە گرنگ نییە، بەڵام ئینسان دەبێت وریا بێت بۆ کوێ دەچێت بە تایبەتی دوای ئەوەی کە مەوقیفی ئێمە بەرامبەر بە کوردستانییەتی کەرکووک و تەسلیم نەکردنی کەرکووک بە دوژمن، بەپێچەوانەی ئەو بڕیارەی چەند کەسێک وەکو کودەتایەک و موئامەرەیەک لە یەکێتی و لە کەرکووک و کوردستانیان کرد، دەبێت ئینسان ئاگای لەخۆی بێت بۆ ئەو مەسەلانە.

رووداو: واتە هەست بە نائەمانی دەکەیت کاتێک بۆ نموونە بچیتە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی؟

د.نەجمەدین کەریم: ناڵێم نائەمانی، بەڵام دڵی کەس بەوە خۆش ناکەم کەوا بڵێن پیاوێکی بێ عەقڵ بوو هەڵسا چووە ئەوێ و دەیزانی شتێکیش دەبێت.

رووداو: ئەگەر کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی لە سلێمانی نەبێت لە هەولێر بێت، هەر ئەو بێ ئەمانییە لەلای تۆ هەیە؟

د.نەجمەدین کەریم: من دووجار چوومەتە سلێمانی، ئەمانە ناتوانن رێگە بگرن، بەڵام من بەشێوەیەکیش دەچم کەوا ژیانی خۆم بپارێزم.

رووداو: واتە وەکو جاران ناتوانیت بە ئاشکرا بچیت؟

د.نەجمەدین کەریم: ئەگەر بمەوێت دەتوانم بچم، بەڵام من نامەوێت کێشە دروست ببێت، چونکە منیش خەڵکێکی زۆر هەیە کە بچم لەگەڵم دەبن، ئەگەر دەستدرێژییەک بکرێت وەڵامیشیان دەبێت، بەڵام ئەوکاتە کێشە دروست دەبێت، با شتەکان هێمن ببێتەوە زۆر بە تەبیعی دەچینەوە، ئەو کەسانەی کەوا دەستیان بەسەر ماڵەکانیشماندا گرتووە رووڕەش دەبن، خۆیان هەر رووڕەش بوونە، بەڵام رووڕەشییەکەیان لەناو خەڵکدا زیاتر دەردەکەوێت.

رووداو: واتە ئێستا دەستیان بەسەر ماڵ و موڵکی تۆدا گرتووە؟

د.نەجمەدین کەریم: بەڵێ.

رووداو: لە کوێ و کوێ؟

د.نەجمەدین کەریم: لە سلێمانی.

رووداو: لە کەرکووکیش؟

د.نەجمەدین کەریم: بۆ زانیاریت لە کەرکووک ئەوانیش دەرکراون، ئەوانەی کەوا دیعایەی ئەوە دەکەن کە هاتوون و کەرکووکیان رزگارکردووە، لە کەرکووک دەرکراون، نە ئاسایشت لە کەرکووکە، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی مەڵبەندت لە قەرە هەنجیر و سلێمانی دەکرێت، چەندەها بەرپرسی پۆلیسی کوردیان لە کەرکووک دەرکردووە، ئێستا گۆڕانکاری دیکەیش دەبینین، ئەوانە رووڕەشن لەبەر چاوی ئەو میللەتە، ئەو میللەت ئەخەڵەتێنن، راست ناکەن لەگەڵ میللەتدا، بە خەڵک دەڵێن هیچ نییە و وەرن و ئەمانە، خۆ لە زەمانی سەدامیشدا تۆ ئەگەر دانیشتبای و هیچت نەکردبایە و سەرشۆڕ بوویتایە ئەیانهێشت بمێنیتەوە، دوای ئەوە تۆ سەیری تاریخی بەشێک لەمانە بکە، هەندێکی لە ماڵە جاش گەورە بووە، هەندێکی قوات خەفیفە بووە نازانم جەیش شەعبی بووە، هەندێکی هەویەی پێگیراوە کەوا موخابەرات بووە خەڵکی بە کوشت داوەو گیراوە، بەڵام لە دواییدا عەفو کراوە، ئەمانەی تێدایە کاکە.

رووداو: باشە ئەمە پرسیارە بەڕاستی زۆرجار خەڵکیش لە هەموو حیزبەکان دەیکات، وەکو خۆت باسی دەکەی لە حیزبەکانی دیکەش دەیکات ، دەڵێن کۆنە موستەشار و جاش و خەفیفە و ئەوانەتان جارێکی دیکە قبووڵکردووەتەوە و لێیان خۆشبوون و پلە و پایەتان داونەتێ، مووچە و پلەی ئەوان بەرزترە لە هی شەهیدێک و کەسوکاری شەهیدێک و لە هی کەسێکی تێکۆشەر، بۆچی ئەمانەتان قبووڵکردووە؟ بۆ ئەو کەسانەی کە کاتی خۆی خیانەتیان لەو میللەتە کردووە، ئێوە جارێکی دیکە باوەشتان بۆ کردوونەتەوە؟

د.نەجمەدین کەریم: لێرە دوو شت هەیە، جارێ ئەو بڕیارانە کە دراوە، من ئەوکاتە لە مەسئولیەت بوومە، با جیای بکەمەوە، ئەو بڕیارەی بەرەی کوردستانی کە درا بۆ لێبوردن لەو کەسانەی کەوا ئەو شتانەیان کردووە، بۆ ئەوەبوو تۆ نەچی بکەویتە خەڵک کوشتن و نەیەڵی ماڵ و منداڵیان بژین، بەڵام بۆ ئەوە نەبوو تۆ بیکەیت بە مەکتەبی سیاسی حیزب و بیکەیت بە سەرکردایەتی و حیزب و شتی بەدەستەوە بێت، تەنانەت وەکو مسائەلە و عەدالەی لە عیراق روویدا، چی لێهتات؟ بەکاریانهێنا دژی کابرایەک یان مامۆستایەک لە مەکتەب بووە بە بەعسی ئەگەر نەبێت نابێت بە مامۆستا، بەڵام ئەمە بۆ ئەوەبوو ئەوانەی کەوا پلەی بەرزیان هەبووە، جارێکی دیکە نەیێنەوە پلەی بەرز وەربگرن، ئەوە بۆ ئەوە بووە، کاکە خەڵک هەبووە لە ناوەڕاستی نەوەدەکاندا لە دوای 1996 هەویەی پێگیراوە جاسوس بووە و خەڵکی بە کوشت داوە، لەو هەولێرە پێشمەرگەی بە کوشت داوە، دوایی بووە بە ئەندامی سەرکردایەتی، هەڵەکە لەوێدایە، هەڵەکە لەوێ نییە یەکێک رۆیشتووە بووە بە موستەشار و هەندێک خەڵکی داناوە بۆ ئەوەی خەڵکەکەی خۆی رزگار بکات.

رووداو: کێ ئەو هەڵەیەی کردووە، ئێوە مەکتەبی سیاسین، پێشتر دەسەڵاتدار لە مەکتەبی سیاسی بووە، بۆچی رێگەیانداوە؟

د.نەجمەدین کەریم: نازانم بۆ رێگەیانداوە، بەڵام ئەوکاتە من نە لە مەکتەبی سیاسی و نە لە سەرکردایەتیش بوومە، لەبەر ئەوە نازانم چۆن کراوە بەڵام کراوە، ئێستاش دەستیان هەبووە لەو شتەدا، مەسەلەیەک هەیە دەڵێ (خویەک گرتت بە شیری تەرکی نادەی بە پیری)، ئەمانە لە کۆنەوە لە رەگیاندا ئەو شتە هەبووە، بۆیەش ماوەیەک بەناوی کوردایەتی و بەدرو دەچوونە جەبهەو ئەو شتانەیان دەکرد، بەڵام ناخی خیانەت لای ئەوان زۆر تەبیعییە، زۆر بە ئاسانی دەتوانن گێڕەکە بگۆڕنەوە و بکەونەوە خیانەت.

رووداو: ئەگەر بیرت بێت ئەوانە چەند جارێکیش بەرگریان لە کەرکووک کردووە، بۆ نموونە هێزی دژە تیرۆر لەوکاتەی کە گرووپێک لە داعش هاتنە ناو کەرکووکەوە، ئەوان هاتن بەرگریان کرد، جەنابیشت لەوێ بوویت و پارێزگار بوویت، بۆچی ئەوکاتە ئەو قسە تووندانە نەبوو بەرامبەریان بەڵام ئێستا هەیە؟

د.نەجمەدین کەریم: ئێستا دەزانی بۆ هەیە؟ ئێستا ئەوەی کراوە، هەر کەسێک هاتووە بەرگری لە کەرکووک کردووە، جارێ لە هەموو کەس زیاتر خەڵکە خۆبەخشەکە بووە لەناو کەرکووک بەرگریان کردووە لە هەموو کەس زیاتر، تەنانەت پێشمەرگە لە دەرەوە بوو لەناو کەرکووک نەبوو، هێزی ئاسایش بوو هێزی پۆلیس بوو، خەڵکی خۆبەخش بوو، دژە تیرۆریش هاتن ئەوانیش بەشداریان کرد، ئەو کەسانە هەموویان دەستخۆشیان لێکراوە، هەموو کاتێکیش دەستخۆشیان لێدەکرێت، بەڵام بەرپرسەکانیان بەکاریان هێناون بەشێوەیەک کە فرسەتیشیان بۆ هەڵکەوت چوونە ریزی خیانەت و فێڵ لەو میللەتە بکەن.

رووداو: گوتت کەرکووک قەڵای یەکێتی بوو، ئێستا ئەمان ئاوایان لێکردووە، بەڵام قسەیەکی تریش هەیە دەڵێن ئێوە ویستووتانە کەرکووک بکەن بە قەڵای پارتی، بۆیە ئەوان هاتن بیکەنەوە بە قەڵای یەکێتی؟ بەشێک لە یەکێتییەکان پێیانوایە روحی یەکێتیان گەڕاندووەتەوە بۆ کەرکووک، بەڵام ئێوە واتانکردبوو کە هەیمەنەی پارتی لە کەرکووک باڵادەست بێت، بە جۆرێک  لە جۆرەکان پێیانوابوو کە ئێوە کەرکووکتان تەسلیمی پارتی کردووە؟

د.نەجمەدین کەریم: پێم خۆشە نموونەیەکم بدەیتێ، کە وابێت، من لە 2011 کاری کەرکووکم بەدەستەوە گرتووە وەکو پارێزگار و لەگەڵ ئەنجوومەنی پارێزگار ئیشمان کرد، هەرچی پلە و پۆست هەیە، ئەمانەی لە ئاخیردا کەرکووکیان دا بە داگیرکەر لەگەڵ پارتی خۆیان دابەشیان کردووە، من نەبوومە، لەوانەیە خۆشتان ئەوە باش بزانن پارتی زۆر رەخنەی لەمن هەبووە لەسەر ئەوەی کەوا من رێگە بەوان نادەم و مودیری ئەوان لادەدەم، ئەویش راست نەبووە، ئەوەی ئەوان راست نەبووەو ئەوەی ئەوانیش راست نییە.

من وەکو پارێزگار بە شوێن خەڵکدا گەڕاوم کە بتوانێت کارەکەی بکات، من لەگەڵ پارتیدا زۆر سیراعم هەبووە لەسەر هەندێک شت ، تەماشا دەکەی بەرپرسێکی پارتی کە لە بەغداوە لایانبردووە و عەرەبێکیان داناوە، ئەو شەڕەی لەسەر نەکراوە ئەگەر یەکێتییەک لە شوێنی پارتییەک بووایە یان بە عەکسەوە ئەگەر پارتییەک لە شوێنی یەکێتییەک دانرابێت، بە نسبەتی من گرنگ ئەوەبووە ئیدارەکە باش بێت و کورد سیمایەکی باش پیشان بدات. کێ 6 ئەندامی یەکێتی کرد بە ئەندامی پەرلەمان لە عێراق؟ بە دەنگی کێ بوون بە ئەندامی پەرلەمانی عێراق؟ هەر لە ئاڵا ئەسەدیتەوە بۆ شوان داودی ئەویش کە بە رەگەز لە ماڵێکی نانەتەوەیی گەورە بووە، ئەوانە کێ کردیانی بە ئەندام پەرلەمان؟ هەمووی بە دەنگی بەندە بوون بە ئەندامی پەرلەمان.

رووداو: ئەگەر تۆ لەسەر لیستی یەکێتی نەبوویتایە ئەو دەنگەت دەهێنا؟

د.نەجمەدین کەریم: من شانازای بە یەکێتییەوە دەکەم، من بەناوی یەکێتیەوە کردوومە، من تەنیا وەڵامی پرسیارەکەی تۆ دەدەمەوە، کە من شتم نەداوە بە پارتی، بە عەکسەوە من هاوکاری یەکێتیم کردووە و یەکێتیم سەرخستووە، کەی لەوەو پێش کورد دەنگی تورکمان و عەرەبی وەرگرتووە؟ کەی؟ لە چ هەڵبژاردنێکدا، جگە لەو هەڵبژاردنەی کە من سەرۆکی لیستەکەبووم لە 2014، ئەم قسانە هیچی راست نییە، ئەزانی کێ شتی بە حیزبی دیکە داوەو یەکێتی زەعیف کردووە، ئەو کەسانەی کە عەسابەیان هەبووە لە کەرکووک، دەچوون دزیان دەکرد و تەعەدیان لە خەڵک دەکرد، دەچوون خەڵکیان دەکوشت بەناوی یەکێتییەوە، ئەوانە یەکێتیان لاوازکرد، ئەوانەبوون کە دەچوون هیچ سیفەتێکیان نەبوو عەرزیان تەوزیع دەکرد بەسەر خەڵکدا، ئەوانە یەکێتیان لاوازکرد لە کەرکووک، نەک نەجمەدین کەریم.

رووداو: باسی قۆناخی دوای هەڵبژاردن و دوای بە پارێزگاربوون دەکرێت، ئەوکاتە لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا تەنانەت تۆ ئەگەر وەکو لایەنە حیزبییەکە رەخنەشت لە پارتی گرتووە، بەڵام دوای هەڵبژاردن وردە وردە پەیوەندیت لەگەڵ مەڵبەندا تێکچووە، وەکو مام جەلال باسی کەرکووکی دەکرد کە کەرکووک چەپکێک گوڵە، بەڵام جەنابت ئەو دەستە گوڵەت پەرش و بڵاو کردەوە.

د.نەجمەدین کەریم: جارێ یەکەم شت من پێمخۆشە نموونەیەکم بۆ بێنی، من لەگەڵ مەڵبەندا پەیوەندیم قەت تێکنەچووە تا هاتینە سەر ریفراندۆم، من لەگەڵ ریفراندۆم بووم ئێستاش شانازی بەوە دەکەم کە ریفراندۆم لە کەرکووک کرا و سەرکەوتووبوو، ئەو حەماسەتەی لە کەرکووک هەبوو لە هیچ شوێنێکی دیکە نەبوو زۆر بە ئەمینیش کرا، مەسەلەکە چی بوو لێرەدا، من ئەوکاتە لەگەڵیان تێکچووم، ئەگینا هیچ کێشەم لەگەڵیاندا نەبووە قەت، لەگەڵیاندا تێکچووم لەسەر ریفراندۆم، ئەمانە لەژێرەوە لەگەڵ کودەتاچییەکاندا رێککەوتبوون لەگەڵ حەشدی شەعبی و بەپرسانی وڵاتی دراوسێ کەوا ریفراندۆم نەکرێت، ئەگەر ریفراندۆم کرا ئەوکاتە دڵنیاکرابوونەوە کە هێزی پێشمەرگەی سەر بە یەکێتی شەڕ نەکات لەو شەڕەدا، ئێمە لەسەر ئەوە تێکچووین، جا باسی شتی دیکە دەکەن، بەنیسبەتی چەپکە گوڵەکەوە فەرموون ئێستا تورکمانی شیعە و سوننە خۆیان کێشەیان هەیە، کە سەۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا کاک حەسەن تۆران، کە بوو بە ئەندامی پەرلەمان چووە بەغدا دەیتوانی بمێنێتەوە و هەر سەرۆکیش بوو، لەپاش ئەو تورکمان خۆیان رێکنەکەوتن، تەنانەت لەناو جەبهەی تورکمانیدا رێکنەدەکەوتن، چوار ئەندامیان کاندید بوون بۆ ئەوەی ببن بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا خۆیان رێکنەدەکەوتن، خەتای ئێمەی تێدانەبوو.

رووداو: جەنابت پسپۆڕییت لە مێشک و دەماردا هەیە وەکو لایەنە پزیشکییەکە، مام جەلالیش هەموو جارێک دەیگوت کەرکووک وەکو نەشتەرگەری مێشک وایە دەبێت بە وردی بۆی بڕۆیت، هەم سیاسیت هەم دەزانی نەشتەرگەری مێشک چۆنە، ئەمەی لە کەرکووک کرا ئەو نەشتەرگەرییە سەرکەوتوو بوو؟ بۆچی سەرنەکەوت؟ کە ئێستا بەو دۆخە گەیشتووە.

د.نەجمەدین کەریم: بە رەئی من ئەوەی کرا لە کەرکووک، نیەتی حکومەتی عێراق هەمیشە ئەوەبووە دەست بەسەر کەرکووکدا بگرێت، ئەوە هیچ گومانێکی تێدا نییە، نە پەیوەندی بە ریفراندۆمەوە هەیە، نە پەیوەندی بە هیچەوە هەیە، دائیم ئەو شتەیان گوتووە، لێرەدا باس ناکرێت، ئەگەر پێت خۆشبوو بەیەکەوە دادەنیشین هەموو هەنگاوەکان لەوبارەوە نراوە و حکومەت ویستوویەتی چی بکات و کتابەکان، هەمووی دەخەمە بەردەستت دەتوانی بیکەی بە نامیلکەیەک و بڵاویشی بکەیتەوە، بەهیچ شێوەیەک بەو نەوعە نەبووە، بۆ مەعلوماتت حەزدەکەم شتێکیش بڵێم، پێش ئەوەی من بێمە ناو یەکێتییەوە بە رەسمی مام جەلال کاغەزێکی بۆ سەرکردایەتی ناردووە، کاغەزەکە لای من هەیە و ئەسڵییەکەی لای کاک کۆسرەتە، مانگی 8ی 2008 نووسیویەتی دەڵێ من و کاک کۆسرەت ماوەیەکە لەگەڵ دکتۆر نەجمەدین قسەمان کردووە، بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە و بێتەوە ناو یەکێتی و ببێتە ئەندامی سەرکردایەتی و ببێتە مەسئولی ئیداری و تەنزیمی سیاسی لە کەرکووک، لە حاڵەتێکدا کەرکووک ببێت بە هەرێمێکی سەربەخۆ یان بێتەوە ناو هەرێمی کوردستان، لە هەردوو حاڵەتدا، پێش ساڵ و نیوێک رەنگە خەڵک لە یادی بێت، من کە دەمزانی کەرکووک لە خەتەری ئەوەدایە، چونکە تەعریب دەکرا لە کەرکووک تەنانەت ئەوکاتەی کە ئێمەش لەوێ بووین، بەڵام بەپێی توانا رێگەمان لێیدەگرت، بۆ ئەوەی ئەوە سەرکەوتوو نەبوو، ئێمە دەمانویست ماددەی 140، کە 12 بۆ 13 ساڵی بەسەرداچووە و جێبەجێ نەکراوە، با کەرکووک بۆ فەترەیەکی ئینتقالی بۆ 3 ساڵ 4 ساڵ بیکەین بە هەرێمێکی سەربەخۆ، عیلاقەی لەگەڵ کوردستان هەبوو، نەوتی ئێمە بە هەرێمدا دەڕۆیشت و ئەم شتانە هەمووی هەبوو، لەوە باشترە بەو شێوەیە بمێنێت، تاوەکو وەزعەکە تەبیعی و ئارام دەبێتەوە، ئەوکاتە گشتپرسیش دەکەین لەناو خەڵکدا عەرەب و تورکمان دڵنیا دەکەینەوە، ئەوانەی کەرکووکیان تەسلیم بە بەغدا کرد ئەوکاتە هەموو هەڵسان دژی من قسەیان دەکرد، ئێستا دەپاڕێنەوە کە شتێکی واهەبێت، ئەمە بە ئینگلیزی پێیان دەگوترێت Hypocrite بە عەرەبی پێیان دەگوترێت مونافیق، بە کوردی نازام دووڕووی پێدەگوترێت چی پێدەگوترێت.

رووداو: راستە ئەوکاتە جگە لە گرووپێکی کەمی عەرەب هەموو پێکهاتەکانی کەرکووک پشتگیری ئەم بۆچوونەیان دەکردی بۆ هەرێمێکی سەربەخۆ؟

د.نەجمەدین کەریم: هەموویان پشتگیریان دەکرد، عەرەبیش و تورکمانیش، تورکمان شەرتی هەبوو 32 بە 32 بەس دەتوانی رێکبکەویت لەسەر ئەوە، ئەوە کێشە نییە، ئەوەبوو وەختی خۆی مام جەلال قاسەیەکی کردبوو 32 بە 32، هەڵبەتە ئەمە غەدرێکی تێدایە لە کورد، بەڵام مام جەلال مەبەستی پۆستە سەرەکییەکان بوو، مدیر دائیرە ئەوانە، بەڵام لە خوارەوە بەپیی رێژەی خەڵک.

رووداو: بۆ وازت لە بیرۆکەیە هێنا کاتێک هەموومان کۆک بوون لەسەری، گشتپرسیتان کرد؟

د.نەجمەدین کەریم: ریفراندۆمەکە پەیوەندی بە هەرێمی سەربەخۆوە نەبوو، ئێمە لە ریفراندۆمەکەشدا نەک هەر من برادەرانی دیکەش بە تایبەتی کاک مەسعود خۆی، گوتراوە ئەو ریفراندۆمە سنووری کوردستان دیاری ناکات، یەکسەر ئیعلانی سەربەخۆییش نییە، شتێکە بەدەستەوەیە کە میللەت پشتیوانی دەکات ، دەچیت لەگەڵ بەغدا رێکدەکەویت، ئەم شتە بە هەموو دونیا گوتراوە، کاتێک کاک مەسعود هاتە کەرکووک پێش ریفراندۆم بە چەند رۆژێک لەوێ عەرەب و تورکمانی لێبوو، کلد و ئاشووری لێبوو بە روونی ئێمەش گوتوومانە مام جەلالیش پێشتر ئەو قسەیەی کردووە کەوا خەڵکی کەرکووک ئاییندەی کەرکووک دیاری دەکات، ئێمە ئێستاش لەگەڵ ئەو رەئیەین کە خەڵکی کەرکووک ئاییندەی کەرکووک دیاری دەکات، نە بە هێز دەبێت، نە بە شەڕ دەبێت، نە بە ریفراندۆمەکەی کوردستان دەبێت، من تەنانەت ئەوەشم دەگوت کە ئەو ریفراندۆمە لە واشنتن و لە لەندەنیش کراوە، لە هەموو شوێنێک کوردی لێبێت ریفراندۆم کراوە.

رووداو: وابزانم لە مانگی 8 بوو، هەڤپەیڤینێکم لەگەڵ کردی، هەر لە رووداو و لەو بەرنامەیە گوتم ناترسیت لەدوای گشتپرسی حکومەتی عێراق هەروا دانەنیشێت و دۆخەکە وابەئاسانی نەڕوات، گوتت هیچ شتێک روونادات، بۆچی ئەوکاتە پێتوانەبوو؟ بۆچی ئەوە روویدا؟

د.نەجمەدین کەریم: بە رەئی من ئەمە رووینەدەدا ئەگەر خیانەت نەبووایە، من تەسەورم نەدەکرد بەشێک بچن بەناوی یەکێتییەوە کە نە مەسئولیەتی گەورەیان هەیە لەناو حیزبەکەیاندا، نە مەکتەبی سیاسی و نە سەرکردایەتین، هەڵسن لەگەڵ چەند کەسێکی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی لەژێرەوە ئیتر بەهەر شێوەیەک بێت رێککەوتنەکەیان کردووە، ئەگەر ئەوە نەبووایە ئەمە بە هیچ شێوەیەک رووی نەدەدا، حکومەتیش نەیدەتوانی بەو شێوەیە بێت و ئەو شتە بکات، حکومەتی عێراق دەیزانی کە رێککەوتنی هەیە لەگەڵ ئەمانەدا هێزەکەی دێت، هێزەکەی ئێمە دەکشێتەوە و ئەو دێتە شوێنەکەی، هەرواش روویدا، بەڵام کێ تەوقوعی ئەوەی دەکرد ئەو خیانەتە بکرێت.

رووداو: بێگومان ئێستا زانیاری وردت لەبارەی دۆخی کەرکووک هەیە، دەتوانی پێمان بڵێی ئێستا دۆخی کەرکووک چۆنە؟ کورد حاڵی چۆنە؟ تورکمان حاڵی چۆنە؟

د.نەجمەدین کەریم: هەڵبەتە تورکمان و عەرەب تووشی هەیەجان بوون، دڵخۆشبوون بەوەی کەوا هاتوونەتەوە، کە حەویجە گیرا من یەکەم کەس بووم، هێزم بۆ عەرەب دروستکرد لە مەنتیقەی لەیلان داماننان، 3 فەوج، یەکێکیان مەسئولەکەی عیسا سەبیل بوو کە خەڵکی زابە، ئەوەی تریان مەلا مەجیدە خەڵکی عەباسیە، ئەوەی دیکەیشیان ئەبوو عەدنانە خەڵکی حەویجەیە، لەدوای ئەوە، هەر بە هەوڵ و نامەی من بە رەسمی ناردوومە بۆ فالح فەیاز کە سەرۆکی حەشدی شەعبیە نوسخەشم داوە بە سەرۆکوەزیران، کە بۆ بورهان عاسی و بۆ شێخ ئەنوەر عاسی جەماعەتی دروستکردووە، فعلەن دروستی کردووەو ئێمە یارمەتیمان داون.

بەشیر پێشمەرگە رزگاری کرد، بەشیر کورد رزگاری کرد، شیعە و بەدر بەتەنها چەند جار ویستیان رزگاری بکەن نەیانتوانی، بەڵام بەداخەوە ئەوانە هەموو هەڵسان وەکو فرسەتێکیان دەستکەوتووە دەستدرێژی بکەنە سەر کورد.

من پەیوەندیم هەیە دایمەن خەڵک دەبینم و دێن بۆ لام، بە تەلەفۆن پەیوەندیم لەگەڵ خەڵکدا هەیە، پەیوەندیم لەگەڵ ئەوانەی یەکێتی هەیە کەوا ناڕازیبوونە لەوەی کە مەسئولی مەڵبەند و ئەوانەی کە لەژێر دەستین کە کردوویانە، هەموو ئەوە ئەزانن، خەڵکی ئاساییش کە ئەمڕۆ لە کەرکووک دەرکراون پەیوەندیم لەگەڵ زۆریاندا هەیە، وەزعێکی زۆر خراپە لە کەرکووک، نزیکەی 200 هەزار کەس لە کەرکووک ئاوارە بوونە، یەکێتیشی تێدایەو پارتیشی تێدایە، لەوانەیە پارتی زۆرتر بێت چونکە پارتی کراون بە هەدەفی رەئیسی، خەڵک هەیە دەیانباتە ناو ماڵەکانیان، ماڵیان سووتێنراوە، دەبینی لە دوزخورماتوو چی کراوە، باسی ریفراندۆمت کرد ئەمە، باشە کەی لێدانی کورد و دەرکردنی کورد و سووتاندنی ماڵی کورد لە خورماتوو دەستیپێکرد، ئەوکاتە باسی ریفراندۆم نەبوو، ئەمە ئەوکاتە دەستیپێکرد کە شیعە بە تایبەتی بەدر کە ئامرلی رزگاری بوو، ئیتر خۆیان بە سەرکەتوو دانا هاتن و کەوتنە گیانی کورد لەناو دوزخورماتوودا، ئەوانە پەیوەندی بە ریفراندۆمەوە نەبوو، بە هیچ شێویەک، ئەمە سیاسەتی حکومەتە، ئەو شوێنانە لەمەودوا بە رەئی من نابێت پێی بگوترێت شوێنی ناکۆکی لەسەر، بەڵکو ئەوانە شوێنی داگیرکراون لە کوردستاندا، کە حکومەت بەهێز هاتووە داگیری کردووە.


داڕشتنەوە؛ عومەر شایان


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە