نەخۆشیەکی ڤایرۆسی خەریکە ماسییەکانی حەوزەکانی داقوق لەنێو دەبات

25-10-2023
هیوا حوسامەدین
هیوا حوسامەدین
حەوزەکانی ماسی لە قەزای داقوق لە پارێزگای کەرکووک
حەوزەکانی ماسی لە قەزای داقوق لە پارێزگای کەرکووک
نیشانەکردن کەرکووک
A+ A-
رووداو - کەرکووک 

بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لە حەوزی ماسییەکانی قەزای داقوقی سەر بە پارێزگای کەرکووک تاوەکو ئێستا 300 هەزار ماسی مرداربوون، لەماوەی دوو هەفتەشدا نزیکەی دوو ملیار دینار زەرەر بە خاوەنی حەوزەکان گەیشتووە. 
 
دەوروبەری حەوزەکان ماسی لێکەوتوون کە بەهۆی نەخۆشییەکەوە گیانیان تێدانەماوە، ژمارەیەکی کەم لەناو حەوزەکاندا ماون، خاوەنەکانیان بە تۆڕ بە ئاوەکەدا دەگەڕێن دەیانەوێت ئەوەی ماوە رزگاری بکەن و بە نرخێکی کەم لە بازاڕەکاندا بیانفرۆشن.
 
هاونیشتمانییان لە داقوق بە پلەی یەکەم پشت بە حەوزەکانی ماسی دەبەستن بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان، لەو قەزایە نزیکەی پێنج هەزار حەوزی ماسی هەن، حکومەتی عێراقیش دەیەوێت تاوەکو مانگی 12 سەرجەم حەوزەکانی ماسی لە داقوق تێکبدا و لەناوییان ببات. 
 
عیماد باقی، خاوەن حەوزی ماسییە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تەنیا من 50 هەزار ماسیم مردار بووە و دوو هاوڕێم بەهەمان شێوە ، کە کۆی گشتیی حەوزەکانی هەرسێکمان نزیکەی 180 هەزار ماسییمان لەنێوچووە. ئەگەر هەر ماسییەک کیلۆ و نیوێک بێت حسابی بکەن چەند تۆن دەکات؟ ئێمە سەرچاوەی داهاتمان لەسەر ماسییە، لە داقوق نزیکەی هەزاران خێزان لەسەر داهاتی ماسی دەژین."  
 
نەخۆشییەکە تەنیا 10 بۆ 15 حەوزی ماسی گرتووەتەوە لەکۆی نزیکەی پێنج هەزار حەوزی ماسی، هەموو خاوەنی حەوزەکان دەیانەوێت ماسییەکانیان بپارێزن، لە کاتێکدا مەترسی بڵاوبوونەوەی زیاتری هەیە. 
 
داقوق با شاماسی لەسەر ئاستی عێراق دادەنرێت، دەگوترێت نەخۆشییەکە ڤایرۆسێکی گوازراوەیە و لە گەدە و سیەکانی ماسیەکان دەدات و چارەسەری نییە.
 
شوان تاهیر، خاوەنی حەوزی ماسی دەڵێت، "بەپلەی یەک حکومەت بەرپرسیارە، حکومەت لە بری هاوکاری کردن دژایەتیمان دەکات و رێگری دەکات و تیمی پزیشکی نییە و دەرمانمان دەستناکەوێت، من چوومەتە بنکەی تەندروستی تاوەکو مۆڵەتی بارکردن وەربگرم بەڵام پێیان وتم مۆڵەت نییە، ئێمە بەبێ مۆڵەت ناتوانین باری بکەین. ئەوەی لە حەوزەکەدا مردووە خەسارەتە و زەرەرە، ئەوەشی کە زیندووە بە نیوەی نرخەکەی دەیفرۆشین."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەنجێک لە عەلوەی سلێمانی خەریکی کارکردنە

عەلوەی سلێمانی: بەهۆی گرانیی کارەباوە رۆژانە 3 بۆ 4 تۆن سەوزە و میوە فڕێ دەدەین

بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی دەڵێت، بەهۆی گرانیی نرخی کارەباوە ناتوانن ساردکەرەوەکان کارپێبکەن، بەو هۆیەشەوە رۆژانە سێ بۆ چوار تۆن سەوزە و میوەیان خراپ دەبێت و فڕێی دەدەن