بووكێك خەسووەكەی خۆی دەخنكێنێ

16-07-2018
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن چەمچەماڵ
A+ A-

رووداو – چەمچەماڵ

سەرتیپ برزۆ و (ئا.ف)ی تەمەن 32 ساڵ هیچ خزمایەتییەك لەنێوانیاندا نییە، كەمتر لە ساڵێكە هاوسەرگیرییان كردووە و لە چەمچەماڵ دەژین. 

بەرەبەیانی رۆژی 7/7/2018 دایكە 80 ساڵانەكەی سەرتیپ بە دەستی (ئا)ی هاوژینی خنكێنرا.

سەرتیپ نزیكەی سێ‌ مانگ بوو دایكە 80 ساڵانەكەی هێنابووە لای خۆی و لەگەڵ هاوژینەكەی هەرسێكیان بەیەكەوە لە ماڵێكدا دەژیان، بەڵام سەرتیپ ئێستا بەتەنیایە، نە دایكی و نە هاوژینەكەی لەگەڵدا نییە، یەكێكیان لە گۆڕستانە و ئەوی دیكەیان لە زیندان.

سەرتیپ دەڵێت: "كەمتر لە ساڵێكە لەگەڵ (ئا) هاوسەرگیریمان كردووە، جگە لە وردە كێشە كە هەموو خێزانێك جار جارە دەیانبێت، هیچ كێشەیەكمان نەبوو. دایكیشم پێشتر لەلای خوشكە گەورەكەم بوو، نزیكەی 3 مانگ بوو هێنابوومە لای خۆمان، لە ماوەی ئەو سێ مانگەشدا هیچ كێشەیەك لەنێوان دایكم و هاوژینەكەم رووینەداوە، بۆیە ئەو تاوانەی كە هاوژینەكەم كردوویەتی هەموومانی تووشی سەرسوڕمان كرد".

پێش رووداوەكە، سەرتیپ دەچێتە تاران و لەكاتی رووداوەكە لە ماڵەوە نابێت، ئەو دەڵێت "نزیكەی هەفتەیەك بوو بۆ نەخۆشی چوبوومە تاران، لەو ماوەیەشدا بەردەوام پەیوەندیم لەگەڵ ماڵەوە هەبوو، هیچ كێشەیەك لەنێوان دایكم و هاوژینەكەمدا نەبوو، تەنانەت شەوی رووداوەكەش نامەگۆڕینەوە لەنێوان من و هاوژینەكەمدا هەبوو، هەستم بە هیچ شتێكی نامۆ لە قسەكانیدا نەكرد، تەنیا پێیگوتم بێتاقەتم و حەزدەكەم زوو بگەڕێیتەوە، بەڵام دواتر بە لەچكەكەی خۆی، دایكمی خنكاندووە".

سەرتیپ باسی چۆنیەتی ئاشكرابوونی تاوانەكە دەكات و دەڵێت: "بەیانی خوشكە گەورەكەم چووبوو سەردانی دایكم بكات، زۆر لە دەرگای دابوو ئینجا هاوژینەكەم لێی كردبووەوە، یەكسەر بە خوشكەكەمی گوتبوو كارێكی هەڵەم كردووە و پەشیمانم، دواتر دەچێتە ماڵی باوكی، ئەوانیش رادەستی پۆلیسی دەكەن".

ئەو ژنە دوای خنكاندنی خەسووی، دووبارە خەوتووەتەوە، چونكە سەرتیپ دەڵێت: "بەیانییەكەی كە دەرگای لە خوشكە گەورەكەم كردووەتەوە، خەواڵوو بووە و هێشتا چاوی بەخەو بووە. بۆیە زۆر بێباكانە تاوانەكەی كردووە".

دوای ئاگاداركردنەوەی لە رووداوەكە، هەر ئەو رۆژە سەرتیپ لە تارانەوە دەگەڕێتەوە و لە دژی هاوژینەكەی سكاڵای تۆمار كردووە، ئەو لەبارەی هەڵوێستی كەسوكاری هاوژینەكەشی دەڵێت: "ئێمە چاوەڕوانی یاساین، كەسوكاری هاوژینەكەشم هیچ هەڵوێستێكیان نییە و دەڵێن ئێمە ملكەچی یاساین، پێشیانوایە كە تاوانی كردووە و تەنانەت خۆشیان رادەستی پۆلیسیان كردووە".

ئەو ژنە لە دانپێدانانی خۆیدا گوتبووی سەرەتا بە دەست هەوڵمدا بیخنكێنم، دواتر بە لەچكەكەی خنكاندم".

كەسێكی نزیك لە بنەماڵەی ژنە خنكێنراوە وردتر باسی رووداوەكە دەكات و دەڵێت: "دایكی سەرتیپ پێشتر لەلای كچە گەورەكەی بوو، بەڵام نزیكەی 3 مانگە هاتووەتە لای كوڕەكەی، ئەو پیرەژنە قاچی تەواو نەبووە و پێویستی بە كەسێك بووە خزمەتی بكات، كچەكەی ماڵیان لە شۆڕشە و لە دەرەوەی چەمچەماڵە، چەند رۆژێك بوو سەردانی دایكی نەكردبوو، بەنیاز بووە تاوەكو نیوەڕۆ لەلای بمێنێتەوە و دواترش لەگەڵ هاوژینەكەی بگەڕێتەوە شۆڕش".

وەك ئەو سەرچاوەیە باسی كرد، كچەكەی زۆر لە دەرگا دەدات و كەس نایكاتەوە، بۆیە شیشی ژێرەوەی دەرگاكە هەڵدەبڕێ و دەچێتە ژوورەوە، لە دەرگای ژوورەوە لە پەنجەرەكە دەدات، تاوەكو براژنەكەی دێت و دەرگاكە دەكاتەوە. (ئا) یەكسەر دەڵێت ئیشێكی خراپم كردووە، كچەكەی خێرا بەرەو ژوورەوە رادەكات تاوەكو بزانێت چی كردووە، كە دەچێتە ژوورەوە دەبینێت دایكی مردووە.

بەختیار ئەحمەد كە پارێزەری كەیسی قوربانییەكەیە، بە (رووداو)ی گوت: "ئێستا تۆمەتبار لە دەستی یاسادایە، پەڕاوی بۆ كراوەتەوە بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی، هێشتا لە قۆناغی لێكۆڵینەوەدایە و بڕیاری كۆتایی لەسەر نەدراوە".

لەبارەی هەڵوێستی هەردوو بنەماڵەش، بەختیار ئەحمەد گوتی: "كەسوكاری تۆمەتبارەكە هیچ شتێكیان نییە جگە لەوەی پێ لەوەدەنێن كە هەڵەیەك كراوە لەلایەن كچەكەی ئەوانەوە، هەروەها كەسوكاری كوژراوەكەش چاوەڕوانی دوا بڕیاری دادگا دەكەن".


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە