ئەنجوومەنی وەزیران كۆدەبێتەوە و وەزیرەكانی یەكگرتوو ماڵئاوایی دەكەن

17-01-2018
ئاسۆ سەراوی
نیشانەکردن یەکگرتوو
A+ A-

رووداو - هەولێر

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوە و وەزیرەكانی یەكگرتووی ئیسلامی کوردستانیش ماڵئاوایی دەكەن.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 17-1-2018 كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بەڕێودەچێت. 

محەممەد هاودیانی، وەزیری كار‌وكاروباری كۆمەڵایەتی هەرێمی كوردستان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند "وەك وەزیرەكانی یەكگرتووی ئیسلامی بۆ چەند ساتێكی كەم بەشداری كۆبوونەوەكەی ئەنجوومەنی وەزیران دەكەین، ئەوەیش وەك وەفایەك بۆ ئەو كاتانەی پێكەوە كارمان كردووە و ماڵئاوایی دەكەین".

هاودیانی روونیكردەوە، بۆ دواجار وەزیرەكانی یەكگرتوو بۆ کۆتاییهێنان بە كارەكانیان سەردانی وەزارەتەكانیان دەكەنەوە، هەم بۆ تەواوکردنی ئەو كارانەی ماویانە هەم بۆ ماڵئاوایی لە فەرمانبەرەکانیان.

یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا وەزارەتەكانی كارەبا، كاروباری كۆمەڵایەتی، وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان و سەرۆكی دەستەی گشتیی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستانی وەرگرت.

لەمانگی یەكی ساڵی 2016 سەلاحەدین بابەكر، كە لە پشكی یەكگرتوو وەزیری كارەبا بوو "بەهۆی خراپی دۆخی كارەبا و دابیننەكردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەكان" دەستی لە پۆستەكە كێشایەوە. هاوکات دوای دوورخستنەوەی وەزیرەکانی بزووتنەوەی گۆڕان لە 12 ی ئۆکتۆبەری 2015دا وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن لەلایەن یەکگرتووی ئیسلامی بەوەکالەت بەڕێوەدەبرا.


كۆتایی مانگی 12ی ساڵی 2017 یەكگرتووی ئیسلامی یاداشتێكی 24 خاڵی رادەستی حكومەت كرد كە تێیدا داوای لابردنی پاشەكەوتی مووچە، باشكردنی بژێوی خەڵك و چاكسازی بەپەلەی دەكرد، دواتر شاندێكی دانوستاندكاری یەكگرتوو دووجار لەگەڵ سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی یاداشتەكە كۆبووەوە، بەڵام ئەنجامێكی ئەرێنی نەبوو، هەر بۆیە

شەوی سێشەممە 16-1-2018  سەلاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامی كشانەوەی حیزبەكەی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان راگەیاند و گوتی "بڕیارەكە بە كۆی دەنگی ئەندامانی سەركردایەتی دراوە و هەموو وەزیرەكانی یەكگرتووش بە بەڵێ دەنگیان بۆ كشانەوەكە داوە".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە