بارزانی: کات بۆ دواخستنی گشتپرسی نەماوە و خۆم شەرمەزاری میللەتەکەم ناکەم

22-09-2017
سەرباز سیامەند
مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
نیشانەکردن بارزانی گشتپرسی
A+ A-

رووداو - هەولێر

سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێ، شەو و رۆژ فشار بۆ دواخستنی گشتپرسی بەردەوامە، بەڵام ئێستا کات درەنگە و گشتپرسی لە دەستی حیزبەکان دەرچووە و بڕیار لەلای گەلی کوردستانە. دەشڵێت: "گشتپرسی دەکرێ و رۆژی 25 ی ئەیلوول بڕۆنە سەر سندووقەکانی دەنگدان، من ئەو کەسە نیم خۆم شەرمەزاری میللەتەکەم بکەم".

ئێوارەی رۆژی هەینی 22-9-2017، لە یاریگای نێودەوڵەتیی فەرەنسۆ هەریری لە شاری هەولێر، بە ئامادەبوونی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و دەیان هەزار هاونیشتمانی گەورەترین کەرنەڤاڵ بۆ پشتگیری لە گشتپرسی و سەربەخۆیی باشووری کوردستان بەڕێوەچوو.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند: "بۆ سەربەخۆیی هەموو فیداکارییەک ئاسانە، ئەمڕۆش لێرە کۆبووینەتەوە بۆ ئەوەی بە یەک دەنگ بڵێین بەڵێ بۆ سەربەخۆیی". لەبارەی کاردانەوەکانیش گوتی: "چەند بیری لێدەکەمەوە بۆ قبوڵی ناکەن، وەڵڵاهی بەڕای من هۆکارەکەی تەنیا ئەوەیە دەیانەوێت ئیرادە و کەرامەتی ئێمە بشکێنن، ئەگینا هیچ شتێکی دیکە نییە، چ گوناهی تێدایە میللەتێک بڵێت: رێگەم بدەن من دەمەوێت سەربەخۆبم. نابێ ئەمەش بڵێین!". 



بارزانی گوتی "کاتێ 7 ی حوزەیران بڕیار لەسەر گشتپرسی درا، کە پێشتریش لەگەڵ هەموو لایەنەکان زۆر باسکرا و داوان لیکرا بەجددی وەریبگرن، چونکە ماندووین و ناتوانین بەردەوام بین، کەچی وایانزانی کارتی فشارە و دەیانگوت بۆ دەربازبوونە لە قەیرانی نێوخۆ، پێیانوابوو هەر لەنێو خۆمان لەسەر گشتپرسی رێکناکەوین بۆیە گرنگیان پێنەدا، ئەوانەی هەڕەشەمان لێدەکەن، نەهاتن بپرسن بۆ ئەمەتان کرد، کەوتنە هەڕەشە و داوای نەهێشتی گشتپرسییان کرد". لەبارەی دەستپێکردنی گفتوگۆش لەگەڵ بەغدا بارزانی گوتی: "دوای 25 ی ئەیلوول بە دڵێکی ساف و مێشکێکی کراوە ئامادەین بۆ گفتوگۆیەکی زۆر جددی"

لەبارەی هەڵوێستی وڵاتان بارزانی گوتی: "پێشان هەڵوێستی نێودەوڵەتی زۆر نەرم بوو، زۆر سەیرە لای من تائێستاش کەس ناڵێ ئێمە دژی گشتپرسین و دەڵێن کاتەکەی موناسیب نییە، بەڵام بەڕاستی ئێمە نازانین ئەو رۆژەی کە موناسیبە، رۆژی بەختی کوردستان کەیە؟ ئەمە 100 ساڵە ئەو رۆژە نەهات، بەغداش بەو هەڵوێستەی دەرەوە تەشجیع بوو، ئەگینا پارساڵ وەکو ئەمڕۆژانە ئێمە بە شاندێکی گەورە چووینە بەغدا، هەڵوێستی هەموو لایەنە سیاسییەکان لە بەغدا زۆر نەرم بوو، ئێستاش بووەتە قەزیەی جەماوەر و لەدەست ئەشخاس و ئەحزاب دەرچووە، شەو و رۆژ داوای دواخستنی گشتپرسیمان لێدەکەن، فشار بەردەوامە، دەڵێن گشتپرسی دوابخەن، پاشان لەگەڵ بە‌غدا دەست بە گفتوگۆیەکی کراوە بکەن، ئێمە ناگەڕێینەوە بۆ ئەزموونێکی شکستخواردوو، ئێمەش دەڵێین ئامادەین بۆ گفتوگۆیەکی زۆر جددی و بە دڵێكی ساف و بە مێشکێکی کراوە، بەڵام دوای 25ی ئەیلوول".



لەبارەی شەڕی داعش بارزانی گوتی: "هەر لە شەڕی تاعش تا ئەمڕۆ 1789 قارەمان (پێشمەرگە) شەهید بوون و 10 هەزار و 199 قارەمانیش بریندار بوون". لەبارەی داهاتووش گوتی: "من لێرە بە ناوی پێشمەرگە قارەمانەکان و بە ناوی گەلی کوردستانەوە بە مەجلیسی ئەمن دەڵێم: ئێمە تائکید دەکەینەوە لە شەڕی دژی داعش سوورتر دەبین، زیاتریش لە جاران شەڕی داعش دەکەین".

سەبارەت بە هەڕەشەکانی بەغدا و وڵاتانی دراوسێش سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "لەم رۆژانەی کۆتایی گوێتان لە تەهیدادتی جۆراوجۆر بووە. تەهدید دەکرێ بەوەی سزامان دەدەن. وەڵامی منیش ئەوەیە؛ ئەوە سەت ساڵە سزامان دەدەن، ئەرێ تێر نەبوون؟ تێرنەبوون لە سزادانی خەڵکی کوردستان؟ ئەگەر پێتانخۆشە دیسان بگەڕێنەوە بۆ سزادان، واز لە خەڵکی کوردستان بێنن، وەرن من سزابدەن".




هەر لە گوتارەکەیدا بارزانی باسی دیدارێکی خۆی و جۆرج بۆش، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکای کرد و گوتی: "ساڵی 2006 جۆرج بۆش هاتە قاعیدەی ئەسەد لەسەر سنووری سووریا و ئوردن لە پارێزگای روماددی، داوایان کرد منیش چوومە ئەوێ، هەموو قیاداتی عێراقی هاتبوون، بۆش زۆر قسەی کرد، پاشان رووی لەمن کرد و گوتی: ئێمەی خەڵکی تێکساس و ئێوەی خەڵکی کوردستان زۆر وەکو یەکین، هەردووکمان ئازاین، نەوتمان هەیە، ئاڵای خۆمان هەیە، مەردین، بەڵام هەردووکیشمان عاقڵین. ئێمە بینیمان ئەگەر لەگەڵ واشنتن بین بەهێزتر دەبین، ئێوەش بینیتان ئەگەر لەگەڵ بەغدابن بەهێزتر دەبن، منیش پێمگوت؛ جەنابی سەرۆک وەڵڵا ئەوەی بەغدا بەسەر ئێمەی هێناوە، واشنتن بەسەر ئێوەی تێکساسی هێنابا، بە حەیاتت نەدەچوویتە واشنتن".


دەقی گوتارەکەی بارزانی

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

خوشک و برایانی خۆشەویست، سڵاو و رێزم بۆ ئێوەی شاری هۆلاکۆبەزێن هەیە. لە پایتەخی هەرێمی کوردستانەوە بە یەک دەنگ دەڵێین بەڵێ بۆ سەربەخۆیی.


رەنگە زۆر کەس بڵێن بۆ گەلی کوردستان بڕیاری ئەنجامدانی گشتپرسی دا؟ ئێمە چەند ساڵێکە گەیشتینە ئەو باوەڕەی کە ئیدی ناتوانین لەگەڵ بەغدا بژین. زۆر هەوڵماندا، بەڵام نە دەستوور ماو نە شەراکەت، لەو دەستوورەشدا هاتووە: ئیلتزامکردن بە دەستوور، عێراق بە ئیتحادی دەهێڵێتەوە، ناڵێ وەعدەتە، دەڵێت ئیتیحادە، واتە بەیەکەوەژیانێکی ئارەزوومەندانە.

وامانزانی دوای 2003 دەرفەتێکی تازەیە بۆ هەموو خەڵکی عێراق و ویستمان دەرفەتێکی تازە دروست بکەین، خەڵکی کوردستان رۆڵێکی سەرەکیان بینی، ئێمە وامانزانی وێرانکردنی 4 هەزار و 500 گوند، بزرکردنی 12 هەزار گەنجی فەیلی، 8 هەزار بارزانی، ئەنفالکردنی 182 هەزار کەس لە ساڵی 1988، کیمیابارانی هەڵەبجە و سەرتاسەری کوردستان و ئەو هەموو کارەساتانەی بەسەر کوردستاندا هێندراون، ویژدانی جیهانیان هەژاندووە و بەغدای تازەش ئەم هەموو کارەساتانە قەرەبوودەکاتەوە، بەڵام بەداخەوە هەر پاش ماوەیەکی زۆر کورت بۆمان دەرکەوت زۆرێک لەوانەی ئەمڕۆ لە بەغدا دەسەڵاتدارن نەک هەموویان، زۆریان تەنیا دەموچاویان گۆڕاوە، ئەگینا هەڵگری هەمان عەقڵییەتی ئەنفال و کۆمەڵکوژییەکانن.

لە 2003 تاوەکو 2005 کە دەستوورێک بۆ عێراق نووسرایەوە، بە رەغمی هەموو کەموکوڕیەکانییەوە، بەڵام گەلی کوردستان لە دەنگداندا ئەو دەستوورەی رزگارکرد، ئێمە پێی رازی بووین، بەڵام بەغدا ئیلتزامی پێنەکرد، شەراکەت نەما، دەستوور نەما، ماددەی 140ی دەستوور جێبەجێ نەکرا، بەپێی دەستوور دەبووایە چەک و بودجەی پێشمەرگە بێت، بەڵام یەک فیشەکیان بۆ پێشمەرگە نەنارد، بڕینی بودجە ئەویش ئەنفالێكی دیکە بوو بەرامبەر کورد کرا.


بڕیاربوو دەوڵەتێکی فیدراڵی و دیموکراتی لە عێراق دروستبکرێت، بەڵام توخوا لە ئێوە دەپرسم دەوڵەتێکی فیدراڵی و دیموکراتی لە عێراق حاکمە یان دەوڵەتێکی مەزهەبی.

تا ئەمڕۆش کە پێشمەرگە لە شەڕێکی سەختی تیرۆریستانی داعشدا بوون، ئەگەر بارێکی چەک بۆ پێشمەرگە بهاتبایە دەبوو بچێتە بەغدا و لەوێ بیپشکنن، ئەگەر ئەوان رازی نەبووبان فیشەکێكیش بۆ پێشمەرگە نەدەهات، ئەوەبوو حاڵی ئێمە بەدەست بەغداوە.

بڕیاری گشتپرسی کە 7-6-2017 دەرکرا، پێشتر لەگەڵ هەموو لایەکمان باسکردبوو و پێمان گوتبوون بەجددی وەریبگرن، ئێمە بێتاقەت و ماندووبووین، ناتوانین بەمشێوەیە لەگەڵ بەغدا بەردەوامبین، بەڵام بە هێندیان وەرنەگرت، وایاندەزانی ئەمە کارتی فشارە و هەندێکیان وایان دەزانی ئەمە کارتی فشارە و یان هەندێکجار دەیانگوت ئەمە بۆ دەربازبوونە لە قەیرانی ناوخۆ. کاتێک لە 7ی حوزەیران بڕیاری گشتپرسی درا کە بڕیارێکی بووێرانە بوو، من سوپاسی هەموو ئەو حیزب و لایەنانە دەکەم کە ئەو بڕیارەیان دا. ئینجا هەموو لایەنەکانی دەرەوە و لە بەغداش هەندێكیان پێیانوابوو کە لەنێوخۆماندا دووبەرەکی دروستدەبێت و هەر خۆبەخۆ ناهێڵین ئەم پرۆسەیە سەربگرێت، بۆیە دیسان جارێکی دیکەش بە هێندیان وەرنەگرت و گرنگییان پێنەدا.

ئەو رۆژی کە بڕیارەکە (بڕیاری ئەنجامدانی گشتپرسی) درا، ئەم لایەنانەی کە تەهدیدمان دەکەن و هەڕەشەمان لێدەکەن، رۆژێک نەهاتن بڵێن: بۆ ئەمەتان کرد؟ ئەرێ رێگەچارەیەکی دیکە هەیە؟ بەڵام کەوتنە تەهدید بۆ نەهێشتنی گشتپرسی، ئێستاش گشتپرسی لەدەستی من و حیزبەکان و هەمووان دەرچووە و کەوتووەتە دەستی ئێوە (خەڵکی کوردستان).

پێشان هەڵوێستی نێودەوڵەتی زۆر نەرم بوو، زۆر سەیرە لای من تائێستاش کەس ناڵێ ئێمە دژی گشتپرسین و دەڵێن کاتەکەی موناسیب نییە، بەڵام بەڕاستی ئێمە نازانین ئەو رۆژەی کە موناسیبە، رۆژی بەختی کوردستان کەیە؟ ئەمە 100 ساڵە ئەو رۆژە نەهات، بەغداش بەو هەڵوێستەی دەرەوە تەشجیع بوو، ئەگینا پارساڵ وەکو ئەمڕۆژانە ئێمە بە شاندێکی گەورە چووینە بەغدا، هەڵوێستی هەموو لایەنە سیاسییەکان لە بەغدا زۆر نەرم بوو، ئێستاش بووەتە قەزیەی جەماوەر و لەدەست ئەشخاس و ئەحزاب دەرچووە، شەو و رۆژ داوای دواخستنی گشتپرسیمان لێدەکەن، فشار بەردەوامە، دەڵێن گشتپرسی دوابخەن، پاشان لەگەڵ بە‌غدا دەست بە گفتوگۆیەکی کراوە بکەن، ئێمە ناگەڕێینەوە بۆ ئەزموونێکی شکستخواردوو، ئێمەش دەڵێین ئامادەین بۆ گفتوگۆیەکی زۆر جددی و بە دڵێكی ساف و بە مێشکێکی کراوە، بەڵام دوای 25ی ئەیلوول.


تازە رۆر درەنگە و کات بۆ ئەو جۆرە قسانە نەماوە و سەرەڕای ئەمانەش دەمەوێت یەک شت بە خوای خۆم بە ئێوەش بڵێم، من ئەو کەسە نیم خۆم شەرمەزای میللەتی خۆم بکەم.  کە ئێستا حیساب بۆ خواستی گەلەکەمان نەکا، کە زۆر بە ئاشتی و دیموکراتیانە تەنیا داوای ئەوە دەکات: رێگەم بدەن دەنگی خۆم بدەم، چم دەوێت؟  هەتا ئەوەشمان پێ رەوانابینن، چەند بیری لێدەکەمەوە بۆ قبوڵی ناکەن، وەڵڵاهی بەڕای من هۆکارەکەی تەنیا ئەوەیە کە دەیانەوێت ئیرادە و کەرامەتی ئێمە بشکێنن، ئەگینا هیچ شتێکی دیکە نییە، ئائا چ گوناهی تێدایە میللەتێک بڵێت: رێگەم بدەن من دەمەوێت سەربەخۆ بم. نابی ئەمەش بڵێی! 


پاشان گشتپرسی بۆ دەستنیشانکردنی سنوور و ئەرزی واقیع نییە، هەنگاوی یەکەمە، گەڵێک دەڵێت: من دەمەوێت سەربەخۆبم. خواست و داواکاری ئێمە لە بەغدا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەوەیە، لەدوای 25ی ئەیلوول وەرن گفتوگۆیەکی جددی بکەین لەسەر سنوور، لەسەر ناوچەکان، لەسەر نەوت، لەسەر غاز، لەسەر ئاو و لەسەر هەموو شتێک. 


سەرەڕای ئەوانەش داوامان لێدەکەن بگەڕێینەوە بۆ خەتی سەوز، بگەڕێینەوە بۆ قوشتەپە و ئەوانە، بۆئەوەی هەرکاتێک ویستیان بە تۆپخانە لە هەولێر بدەن، نە گشتپرسی سنووری کوردستان دەستنیشان دەکات و نە قابیلی قبوڵە رۆژێک لە رۆژان بۆ یەک دەقیقەش لەبارەی سنووری کوردستان گفتوگۆ لەگەڵ هیچ لایەنێکدا بکەین لەسەر خەتی سەوز کە خۆیان پێیدەڵێن.

 

ئامادەین و بەجددی بەردەوام دەبین لەگەڵ سوپای عێراق و هاوپەیمانان لە دژی تیرۆریستانی داعش شەڕ بکەین. لێرەدا سوپاسی هاوپەیمانانیش دەکەم لەکاتی شەڕی ئێمە لەگەڵ داعش یارمەتی ئێمەیان دا.

بەڕێزان موعانات و کارەساتی گەلی ئێمە چیرۆکێکی زۆر قووڵە. لەوەتەی دەوڵەتی تازەی عێراق دامەزراوە، ئێمە هەر دەڵێین با برابین، با شەریک بین. لەکوێی دونیا دیوتانە میللەتێک 182 هەزار کەسی بێسەروشوێن کرابێت کە بەشی هەرەزۆریان ژن و منداڵ بوون، گەنجەکانی فەیلی و بارزانییەکان برانە ناوچەکانی عەکاشات و قائیم، تەجروبەی چەکی کیمیاییان لەسەر کراوە. لەکوێی دونیا هەیە دەوڵەتێک میللەتی خۆی بە ژەهری کیمیایی ئیبادە کردبێت، ئینجاش بچینەوە و بڵێین: ئێمە برای یەکین و دەستی برایەتیتان بۆ درێژدەکەین، ئەوانیش پێمان بڵێن: ملتان بشکێ، بڕۆنەوە ئێوە نانی ئێمە دەخۆن. 

هەر لە شەڕی داعش تا ئەمڕۆ 1789 قارەمان شەهید بوون و 10 هەزار و 199 قارەمانیش بریندار بوون، کە زۆریان ژیانیان لێ تاڵبووە، وایان لێهاتووە ناتوانن بژین، بە جۆرێک پەکیان کەوتووە وەکو شەهید وان.

زۆر لەوانەی دەرەوە کە دەهاتنە لامان ماوەی نیو کاژێرێک هەر ستایشی قارەمانێتی پێشمەرگەیان دەکرد، بە هەقیقەتیش وایە، ئەوەی پێشمەرگە کردی، من تەعەدا دەکەم سوپایەکی دیکە لە هەموو جیهان هەبێت بتوانێت بەو چەکەی پێشمەرگە ئەو دوژمنە بشکێنێت. کوا دەبابە و مودەرەحە و تۆپی گەورەی بە ئێمەیان داوە؟ ئەوەی هەمانبووە ئەوەبووە کە لە سوپای سەددام دەستمان کەوت، ئەویش هەمووی کۆن و بێکەڵکە، پێشمەرگە بەکاریهێنا و ئەستوورە(ئەفسانە)ی داعشی تێکشکاند.

جارێکی دیکە دەڵێم، سوپاسی هاوپەیمانان دەکەین کە هاوکارییان کردین، بەڵام ئێمە خوێنمان دا. ئێشتاش قبوڵ ناکەن کەسوکاری شەهید و ئەنفالەکان و هەموو خەڵکی کوردستان بێن و تەنیا ئەوە بڵێن، تەنیا دەمانەوێت سەربەخۆبین. لێیان گەڕێن با رەئی خۆیان دەرببڕن، پاشان ئەنفالێكی ترمان بکەنەوە.

بەپێویستی دەزانم باسی چاوپێکەوتنێکی خۆمتان لەگەڵ سەرۆک بۆش بۆ بکەم. ساڵی 2006 جۆرج بۆش، سەرۆکی ئەمەریکا هاتە قاعیدەی ئەسەد لەسەر سنووری سووریا و ئوردن لە پارێزگای روماددی، داوایان کرد منیش چوومە ئەوێ، هەموو قیاداتی عێراقی هاتبوون. بۆش زۆر قسەی کرد و پاشان رووی لەمن کرد و گوتی: ئێمەی خەڵکی تێکساس و ئێوەی خەڵکی کوردستان زۆر وەکو یەکین، هەردووکمان ئازاین، نەوتمان هەیە، ئاڵای خۆمان هەیە، مەردین، بەڵام هەردووکیشمان عاقڵین. ئێمە بینیمان ئەگەر لەگەڵ واشنتن بین بەهێزتر دەبین، ئێوەش بینیتان ئەگەر لەگەڵ بەغدابن بەهێزتر دەبن، منیش پێمگوت؛ جەنابی سەرۆک وەڵڵا ئەوەی بەغدا بەسەر ئێمەی هێناوە، واشنتن بەسەر ئێوەی تێکساسی هێنابا، بە حەیاتت نەدەچوویتە واشنتن.





بەڵێ ئێمە چووینەوە بەغدا، بە‌ڵام فەرهەنگێکیان دروستکردووە، کە لە هەڵبژاردن نزیک دەبینەوە، کامەیان زیاتر جنێو بە کوردستان بدات، تەهدید بکات، نکۆڵی لە مافی خەڵکی کوردستان بکات، دەنگی زیاتر دێنێت، دەوەرە لەگەڵ کۆمەڵگایەکی وا پێکەوە بژی.

لە 2003 ەوە هەرچیان پێگوتین، گوتمان باشە و هەرچی وەعدێکیان پێداین جێبەجێیان نەکرد و هەمووشی بە زەردی ئێمە تەواو بوو. ئێستاش چەند دوابکەوین ئێمە زەرەرمەندین. بۆیە هەرچی زووترە دەستی ئێوە خۆشبێت، رۆژی 25ی مانگ بڕۆنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و چارەنووسی خۆتان دیاری بکەن، ئەوەی لەگەڵ ئەمەبێ ئەوە سندوقەکان، ئەوەی بشترسێت با نەچێت یان با بڵێ نەخێر.

لە راگەیێندراوی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا هاتووە کە نیگەرانن لەوەی تەرکیز لەسەر شەڕی داعش نەمێنێت، هەروەها ئاوارەکان ناتوانن بگەڕێنەوە. من لێرە بە ناوی پێشمەرگە قارەمانەکان و بە ناوی گەلی کوردستانەوە بە مەجلیسی ئەمن دەڵێم: ئێمە تائکید دەکەینەوە لە شەڕی دژی داعش سوورتر دەبین، زیاتریش لە جاران شەڕی داعش دەکەین.

بەنیسبەت ئاوارەکانیش، ئەو ئاوارانەی لە کوردستانن، میوان و برای ئێمەن، تەوسیەی من بۆ هەر هەمووتان ئەوەیە وەکو چاوی خۆتان بیانپارێزن، ئیحترامیان بگرن، موشکیلەی ئاوارەکان لە کوردستان نییە، لە فەللوجەیە، لە تکریتە، لە بەغدایە، با لەوێ بگەڕێنەوە، ئەگینا ئێمە چ موشکیلەمان نییە. 

دراوسێکانمان، برادەرینە ئەوە 25 ساڵە، ئایا ئەم ماوەیە بەس نییە بۆئەوەی بۆتان دەرکەوێت کە ئێمە عاملی تەهیدید نین بۆ ئێوە. بۆ پێکەوە دانەنیشین و هەرچی گرفت و مەترسی هەیە بەلاوەی بنێین؟ بۆ بە زمانی تەهدید قسەمان لەگەڵ دەکەن، چ سوودێکی هەیە؟ 

زۆرێک دەپرسن... بەڵێ وەڵڵاهی تۆ داوای سەربەخۆیی بکەیت موجازەفەی تێدایە. بەڵام دانیشی و چاوەڕوانبی چ دەبی؟ یان خەڵکی تر بڕیار لە چارەنووسی تۆ بدات، ئەو مەجازەفەیە مردنە، مەرگە، سەت جار لەوە خەتەرترە تۆ موجازەفە بکەیت و بڕیاری خۆت بدەی.

سیستەمی ئایندەمان بەشێوەیەک دەبێت فەرهەنگی دەوڵەمەندی خەڵکی کوردستان دەوڵەمەندتر بکرێت. دەوڵەتێکی دیموکراتی، فیدراڵی، پەرلەمانی دەبێت، بەجۆرێک مافی هەموو لایەک زامن بێت. 




دەمەوێت ئاماژە بە رۆڵی پێشمەرگە قارەمانەکان بکەم، پێشمەرگە قارەمانەکانی ئەوانەی شەهید و بریندار بوون، یان ئەوانەی ئەمڕۆ لە سەنگەرەکانن بۆ ئەوەی هەموومان پێکەوە بە ئازادی کۆببینەوە، من دڵنیام هەروەک چۆن لە 1961 ەوە نەیانهێشت کوردستان بکەوێتە دەستی دوژمن، ئەگەر بۆ ماوەیەکشی کەوتبێتە دەست دوژمن، قەت نەیانهێشتووە دوژمن لە کوردستان ئیستراحەت بکات. دڵنیام ئەمڕۆ و لە ئایندەش پێشمەرگە قارەمانەکان ناهێڵن کوردستان بکەوێتە دەستی دوژمنان. 

قارەمانێتی و خۆڕاگری پێشمەرگەکان و ئێوەی جەماوەری خۆڕاگری کوردستان لە هەموو هێزێک بەهێزترە. دەبێت بۆ سەربەخۆیی کوردستان بۆ هەموو باجێک ئامادەبین، چونکە ئێمە لە دوڕیانێکداین، یان ژیانی بندەستی هەڵدەبژێرین یان ژیانی سەربەستی و سەربەخۆیی. باجی ژیانی بندەستی لەدەستدانی ئیرادە و کەرامەتە، بەڵام دەژی. باجی سەربەخۆیی و سەربەستی، سەرفرازی و شەرەفە، بەڵام مومکینە بمرین. 

لەم رۆژانەی کۆتایی حەتمەن ئێوەش گوێتان لە تەهیدادتی جۆراوجۆر بووە. تەهدید دەکرێ بەوەی سزامان دەدەن. وەڵامی منیش ئەوەیە؛ ئەوە سەت ساڵە سزامان دەدەن، ئەرێ تێر نەبوون؟ تێرنەبوون لە سزادانی خەڵکی کوردستان؟  ئەگەر پێتانخۆشە دیسان بگەڕێنەوە بۆ سزادان، واز لە خەڵکی کوردستان بێنن وەرن من سزابدەن.

من سوپاسی هەموو حیزب و لایەن و پێکهاتەکان دەکەم، بۆ ئەو هەڵوێستە نیشتمانپەروەرانەی کە دەیبینم. بەڕاستی ئێوە ریفراندۆمتان کرد، ئەمە ریفراندۆمە.

لە کۆتاییدا سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدان، بۆ پێشمەرگە قارەمانەکان، بۆ ئێوەی خۆشەویست و هەموو جەماوەی کوردستان دەنێرین. هەربژین و هەر ساخبن. جارێکی دیکەش دەڵێم شەرەفمەندین هەولێر هەر هەولێرە...

داڕشتنەوە: دەرباز ساڵح

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە