بۆ دابەشكردنی پۆستەكانی سلێمانی گۆڕان ‌و یەكێتی لە هەولێر كۆدەبنەوە

23-02-2017
ئاسۆ سەراوی
A+ A-

رووداو - هەولێر

بۆ جێبەجێكردنی بەشێك لە بڕگەكانی رێككەوتنەكەی یەكێتی ‌و گۆڕان، كە لەرابردوودا لەسەر دابەشكردنی پۆستەكانی حكومەتی خۆجێی سلێمانی كردبوویان، یەكێتی ‌و گۆڕان بەسەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی لە هەولێر كۆدەبنەوە.

لەتیف شێخ عومەر، بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانی ‌و ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، بەسەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێجشەممە 23-2-2017 لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان لە شاری هەولێر كۆدەبنەوە.

لە كۆبوونەوەکەدا لەتیف شێخ عومەر نوێنەرایەتی یەكێتی ‌و ئاسۆ مەحموود، باژێروانی سلێمانی بزووتنەوەی گۆڕان نوێنەرایەتی بزووتنەوەی گۆڕان دەكات.

بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانی یەکێتی دەشڵێت "كۆبوونەوەكە بۆ جێبەجێكردنی بەشێك لە بڕگەكانی رێككەوتنەكەی یەكێتی ‌و گۆڕانە، كە لەرابردوودا لەسەر دابەشكردنی پۆستەكانی حكومەتی خۆجێی سلێمانی كردبوومان، بزانین برادەرانی گۆڕان چ داواكارییەكیان هەیە، یاخود ئەو پۆستانە چین كە بەپێی رێككەوتنەكە بەهەر هۆكارێك بێت تاوەكو ئێستا وەریاننەگرتووە".

پێشتر د.ئاسۆ مەحموود، باژێروانی‌ سلێمانی‌ بزووتنەوەی‌ گۆڕان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاندبوو، بەپێی رێككەوتنەكەیان لەگەڵ یەكێتی لەسەر حكومەتی خۆجێی سلێمانی، نزیكەی 10 پۆستی سیادییان لە سنووری سلێمانی بەردەكەوێت، بەڵام تاوەكو ئێستا پێیاننەدراوە. 

بەگوتەی بەرپرسانی گۆڕان، لە كۆی هەزار و 200 پۆستی سنووری پارێزگای سلێمانی، 32 پۆستیان لای ئەوانە، ئەوە لەكاتێكدا بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان، بزووتنەوەی گۆڕان خاوەنی زیاتر لە 38% دەنگەكانی ئەو سنوورەیە.

کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ لەکاتێکدایە، رۆژی هەینی 17-2-2017 قوباد تاڵه‌بانی له‌گه‌ڵ كۆمیته‌ی سه‌ركردایه‌تی هاوبه‌شی یه‌كێتی و گۆڕان کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا چه‌ند بڕیارێک له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی رێكه‌وتننامه‌كه‌ی یه‌كێتی و گۆڕان و ئاڵوگۆڕی پۆسته‌كان و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانیان درا.

داڕشتنەوە: حەکیم داود

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە