عێراق گواستنەوەی بەندیخانەكانی سووسێ‌ ‌و چەمچەماڵ رادەگرێت

23-10-2017
ئاسۆ سەراوی
نیشانەکردن زیندان
A+ A-

رووداو - سلێمانی

حكومەتی عێراق گواستنەوەی هەردوو بەندیخانەكانی سووسێ‌ ‌و چەمچەماڵی بۆ پارێزگاكانی دیكەی عێراق راگرت، ئەوە لەكاتێكدا لە چەند رۆژی رابردوودا "200 بەندكراو لە بەندیخانەی چەمچەماڵ بۆ شاری ناسریە گواستراونەتەوە".

زانا رۆستایی، پەرلەمانتاری عێراق لە فراكسیۆنی كۆمەڵ بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، بەهۆی ئەو ئاڵۆزییانەی لەنێوان هەولێر ‌و بەغدا‌ دروست بووبوون، حكومەتی عێراقی بڕیارێكی هەبوو بۆ گواستنەوەی هەردوو بەندیخانەی فیدراڵی چەمچەماڵ ‌و سووسێ‌ كە لە هەرێمی كوردستانن، بەڵام ئێستا راگیراون.

رۆستایی گوتی "بەقسەی د. حوسێن عەسكەری، بەڕێوەبەری گشتی چاكسازییەكانی عێراق، كە ئێمە پەیوەندیمان پێوە كرد، بڕیار گواستنەوەی ئەو دوو بەندیخانەیان راگرتووە، هەر لە چەند لە چەند رۆژی رابردوو 200 بەندکراویان لە بەندیخانەی چەمچەماڵەوە بۆ شاری ناسریە گواستووەتەوە".

ئەو پەرلەمانتارەی كۆمەڵی ئیسلامی ئەوەشی خستەڕوو، لەناو ئەو بەندیخانانەدا ژمارەیەك كورد هەیە‌ و گوتیشی "كاتێك قسەمان لەگەڵ  د. حوسێن عەسكەری كرد گوتی، ئەگەر بەندیخانەی چەمچەماڵیش بگوازینەوە بەند كراوە كوردەكان دەگوازینەوە بۆ بەندیخانەی سووسێ‌، بەپێی قسەی بێت، هەر بڕیارێك بدەن بەندیخانەی سووسێ‌ ناگرێتەوە".

حكومەتی عێراق دوو بەندیخانەی گەورەی لە سنووری پارێزگای سلێمانی هەن، كە یەكێكیان لە قەڵایی سووسێ‌-یە، ئەوی دیكەشیان لە قەزای چەمچەماڵە.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە