یەکێتی داخوازییەکانی لە پارتی زیاد دەکات

29-03-2019
راوچی حەسەن @Rawchihasan
نیشانەکردن یەکێتی حکومەت پارتی
A+ A-

رووداو - هەولێر 

دوای ئەوەی پارتی رازیبوو شەش وەزارەت لە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بداتە یەکێتی، یەکێتی داخوازییەکانی خۆی زیاترکرد. 

بە گوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، یەکێتی جگە لە وەرگرتنی شەش وەزارەت داوای 50%ی پۆستەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و جێگری وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە هەموو دەسەڵاتییەکانەوە و دەستەی وەبەرهێنانیش دەکات. 

بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئەو پۆستە وەزارییانەی پارتی رازیبووە لە کابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بیانداتە یەکێتی ئەمانەن: 

- وەزارەتی پێشمەرگە
- وەزارەتی تەندروستی
- وەزارەتی کشتوکاڵ
- وەزارەتی خوێندنی باڵا
- وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان
- وەزارەتی پلاندانان

جگە لەم پۆستە وەزارییانە، پارتی ئاماژەی بەوەشکردووە، پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بۆ یەکێتییە و هەرکاتێک ئەو پارتە بەربژێری دەستنیشانکرد ئەو پۆستە وەردەگرێت. دواتریش، پارتی رەزامەندی دەربڕیووە کە پۆستی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بۆ یەکێتی بێت. 


لەتیف شێخ عومەر، گوتەبێژی یەکێتیی دوایی کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە کۆبوونەوەی رابردووماندا لەگەڵ پارتی پێشنیازێکمان لە رێگەی لیژنەی دانوستاندنەوە ئاراستە کرا لەبارەی ئەو پۆستانەی کە بۆ یەکێتی دانراون. لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی مەکتەبی سیاسییدا گفتوگۆ لەبارەی ئەو پێشنیازانە کرا". 

گوتەبێژی یەکێتی باسی لەوەشکرد، "وەڵامی پێشنیازەکانی پارتیمان ئامادەکردووە و وەڵامیان دەدەینەوە و لە رێککەوتن نزیکترین تاوەکو لەرێکنەکەوتن".

لەبارەی کۆبوونەوەی داهاتووی پارتی و یەکێتی، لەتیف شێخ عومەر گوتی، تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێک نییە کۆبوونەوەی داهاتووی یەکێتی و پارتی کەی و لەکوێ دەبێت.

تاوەکو ئێستا گفتوگۆ و دانوستاندنەکانی پارتی و یەکێتی لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان نەگەیشتوونەتە ئەنجام، ئەگەرچی رێککەوتنێک لەنێوان ئەو دوو حیزبەدا واژۆکراوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە