سوودانی ئاشکرای دەکات لەسەر رادەستکردنەوەی بارەگاکەی پارتی چی بە لایەنەکان گوتووە

11-09-2023
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن سوودانی کەرکووک پارتی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ   

سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، لیژنەی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی کەرکووک بەردەوامە لە کارەکانی و ئەو لایەنانە ئاشکرادەکرێن کە تێیدا تێوەگلاون. دەشڵێت، لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بە لایەنەکانم گوت: "رێککەوتنتان هەیە بارەگاکان رادەستبکرێنەوە، بۆچی لەژێرەوە ئامرازەکانتان دەجوڵێنن."
 
شەوی دووشەممە 11-9-2023، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ژمارەیەک دەزگای میدیایی عێراقی و هەرێمی کوردستان باسی ژمارەیەک بابەتی ئابووری و سیاسی و خزمەتگوزاری و رووداوەکانی ئەمدواییەی کەرکووک کرد.
 
سوودانی گوتی، "کەرکووک ناونیشانێکە بۆ برایەتی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە بۆ پێکهاتەکانی بەڕێزی گەلی عێراق و ئەوە بەرپرسیاریێتی هەموومانە پارێزگاری لەو ناساندن و پڕەنسیپە بکەین و دووریبخەینەوە لە هەر هەڵچوون یان حساباتێکی نەتەوەیی یان سیاسی، نێوخۆیی یان دەرەکی، کەرکووکیش هاوشێوەی سەرجەم پارێزگاکانی دیکە بەرەو هەڵبژاردنێک دەڕوات لە ساڵی 2005ـەوە بۆ یەکەمجارە لەو پارێزگایە دەکرێت." گوتیشی: "کەرکووک کێشەی تێدایە، کێشەی زۆر و کەڵەکەبووی ماوەیەک، بە جۆرێک نەگونجان و لاوازی متمانە لەنێوان لایەنە سیاسییەکانی دروستکردووە، هەموو ئەوانە کاردانەوەی لەسەر هەر رووداوێک دەبێت کە روودەدات."
                                       
لەبارەی رادەستکردنەوەی بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستانیشەوە، کە بەشێک لەلایەنە عەرەبی و تورکمانییەکان لەدژین، سەرۆکوەزیرانی عێراق راشکاوانە روونیکردەوە: "بابەتی رادەستکردنی بارەگاکە بە پارتی دیموکراتی کوردستان بەشێکی کەمە، بەڵام سرووشتی رووداوەکە و لێکەوتەکانی لە گرژی و گوتاری نەتەوەیی و کۆکردنەوە رەنگدانەوەی سەرجەم ئەو ناکۆکییانەیە، لەو کێشەیە هەڵنەیەین، ئەوە بنچینەی پرسەکەیە، هێزە سیاسییەکان لە کارنامەی کابینەکەدا لەسەر چەمکێک رێککەوتووین بریتییە لە رادەستکردنەوەی بارەگا حیزبییەکان لە پارێزگاکانی نەینەوا و کەرکووک و دیالە، سەرجەم هێزە سیاسییەکان بەبێ جیاوازی رێککەوتوون، ئەو رێکارەی هەیە رێکاری حکومەت نییە، بەڵکو جێبەجێکردنی کارنامەی کابینەکە و رێککەوتننامەکەیە."
 
سوودانی هەروەها ناڕاستەوخۆ هێرشدەکاتە سەر ئەو لایەنانەی لە رادەستکردنەوەی بارەگاکەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک کێشەیان دروستکرد و دەڵێت: "بە ئامادەبوونی سەرۆککۆمار، بەڕاشکاوی بە سەرجەم سەرکردەکانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتم گوت، برایان ئەوە پابەندبوونی ئێوەیە، پێوەی پابەندن یان نا؟، ئەگەر ئەوە پێوەی پابەندنین هەریەک لە شوێنی خۆی دابنیشێت، ئەگەر پابەندن و رێککەوتنتان لەسەر هەیە، بۆ هەریەک ئامرازەکانی لەژێر مێزەکەوە دەجوڵێنێت، ئێوە لێرە دەڵێن رێککەوتوون و هەریەک ئامرازەکانی دەجوڵێنێت و کاردانەوەی لەسەر کێ دەبێت؟ لەسەر هاووڵاتی و لەسەر شەهیدبوونی قوربانییان و برینداران دەبێت لە هاووڵاتییانی بێبەریی بێچەک دەبێت." 
 
کارنامەی حکومەتەکەی محەممەد شیاع سوودانی لە دوو تەوەر پێکدێت، یەکێکیان تەوەری جێبەجێکردن و تەوەری دووەمیان یاسادانانە و لایەنەکان لەسەری رێککەوتوون. لە خاڵی 13ـی بەشی یەکەمدا، واتە تەوەری جێبەجێکردن هاتووە: "سەرجەم حیزبە سیاسییە کوردستانییەکان و ئەوانی دیکەش مافی سیاسی و دەستوورییان هەیە لە پارێزگاکانی نەینەوا و کەرکووک و دیالە و سەلاحەدین کاربکەن، دەبێت بارەگای حیزبەکان کە ئەوانی دیکەی تێیدایە چۆڵ بکرێن."
 
سەبارەت بە کێشەکانی کەرکووک شاندێکی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت سەردانی کەرکووک دەکات. سەرۆکوەزیرانی عێراق لەوبارەیەوە گوتی، "کێشەکە لە کەرکووک کیشەیەکی ئەمنی نییە، بەڵکو کێشەیەکی سیاسییە. لیژنەی سەرکردایەتیی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت دەچێتە کەرکووک و سەرجەم لایەنە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان دەبینیت و کێشەکانی ئێستا چارەسەر دەکات، ئێمە ناتوانین سەرجەم ئەو کێشانەی هەن چارەسەر بکەین، بەڵام گرنگترین شت ئەوەیە پارێزگاری لەو هێمنی و سەقامگیرییە بکەین و کەشەکە بۆ هەڵبژاردن لەباربکەین."
 
محەممەد شیاع سوودانی بۆچوونی خۆشی لەبارەی چارەکردنی کێشەکان نیشاندەدات و دەڵێت "بە هەڵسەنگاندنی من هەڵبژاردن و هاتنەکایەی ئەنجوومەنێکی پارێزگای هەڵبژێردراو، رێگەی دۆزینەوەی سەرجەم ئەو کێشە و گرژیانەیە."
 
لەبارەی شەهیدکردنی چوار هاونیشتمانی کورد و بریندارکردنی 16ـی دیکە لە کەرکووک، محەممەد شیاع سوودانی زانیاریی نوێی لەسەر رەوتی لێکۆڵینەوەکان ئاشکراکرد و گوتی "لیژنەی لێکۆڵینەوەی راسپێردراو بە لێکۆڵینەوە لەوانەی کەمتەرخەمبوون و بوونە هۆکاری تەقەکردن لەکارەکانی بەردەوامە، ژمارەیەک تۆمەتبار دەستگیرکراون، 28 کەسی دیکە هەن داواکراون لەوانەی کە لە وێنەکاندا دەرکەوتوون و زانیارییان لەسەر هەیە چەکیان هەڵگرتووە و هاندانیان کردووە، ئەوانە فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە و ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوە رادەگەیێندرێت هەر لایەنێک بێت کە لە رشتنی خوێنی هاووڵاتییان لە کەرکووک تێوەگلابێت." 
 
لە 27ـی ئابی 2023ـەوە بەشێک لە تورکمان و عەرەبی کەرکووک رێگەی سەرەکیی شارەکەیان لەگەڵ هەولێر داخست. ئەوان دژى رادەستکردنەوەى بارەگاى ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى پارتى دیموکراتى کوردستانن لەو شارە کە ئێستا بارەگاى ئۆپەراسیۆنەکانى کەرکووکە.
 
بەهۆى ئەو رێگە داخستنەوە، رۆژی 2-9-2023 ژمارەیەک هاونیشتمانیی کوردی کەرکووک خۆپێشاندانیان کرد و چوار خۆپێشاندەر بە گولـلە گیانیان لەدەستدا و 16ـی کەسی دیکەش بریندار بوون. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پێشوازیکردن لە مەسرور بارزانی لەلایەن هادی عامرییەوە

مەسرور بارزانی و هادی عامری کۆبوونەوە؛ هاوڕابوون لەسەر بەردەوامیی هەماهەنگییەکان

حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "هەردوولا هاوڕابوون لەسەر بەردەوامبوونی هەماهەنگیی و هاریکاریی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکان.''