لە سنوونێ چەند گەنجێک چوونە سەر بارەگای یەکێتی و داوای داخستنی دەکەن

30-11-2018
ناسر عەلی
نیشانەکردن تەڤگەری ئازادی
A+ A-

رووداو - دهۆک 

چەند گەنجێک لە سنوونێ چوونە سەر بارەگەی کۆمیتەی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و بۆ چەند کاژێرێک بارەگاکەیان داخست.  

لە کاردانەوی داخستنی بارەگەکانی تەڤگەری ئازادی لە سنووری سلێمانی، ژمارەیەک گەنج لە سنوونێ چوونە سەر بارەگای کۆمیتەی 2ی یەکێتی و داوای داخستنی بارەگاکەیان کردووە و بۆ ماوەی دوو کاژێر کۆمیتەکە داخرا، ئاڵای یەکێتیش لەسەر بارەگەکە هێنراوەتە خوارەوە.   

داوود جوندی، جێگری مەڵبەندی یەکێتی لە شنگال بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند "چەند گەنجێک چوونەتە سەر بارەگەی کۆمیتە و گوتوویانە، ئێوە بارەگەی تەڤگەری ئازادی لە سلێمانی دادەخەن و دەبێت ئێوەش بارەگەکانتان لە شنگال دابخەن. بەڵام دواتر بەڕێگەی گفتوگۆ کێشەکە چارەسەرکرا".  

فارس حەربوو، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی ئاوەدانکردنەوەی شنگال سەر بە پەکەکە بە (رووداو)ی راگەیاند، ئەو گەنجانە سەر بە هیچ لایەنێکی سیاسی نین، یەپەشە و لایەنەکانی تر ئاگایان لێنەبووە، تەنیا لە کاردانەوەی داخستنی بارەگەکانی تەڤگەری ئازادی چوونەتە سەر بارەگای یەکێتی.  

عومەر ساڵح، سەرۆکی پارتی ئازادی و دیموکراسی بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی رایگەیاند "ئەو کەسانەی چوونەتە سەر کۆمیتەی یەکێتی سەر بە ئەوان نین و کەسانی گێرەشێوێنن". 

ماوەی چەند رۆژێکە پاڵپشت بە بڕیارێکی قوباد تاڵەبانی بۆ داخستنی بارەگای ئەو حیزبانەی مۆڵەتیان نییە، لە سنووری سلێمانی و گەرمیان و راپەڕین بارەگاکانی تەڤگەری ئازادی نزیک لە پەکەکە دادەخرێن. حکومەتی تورکیاش پێشوازی لەو بڕیارەی یەکێتی کرد.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە