مەلا بەختیار: یەکێتی ناتوانێت بەپینەو پەڕۆ پێگەی خۆی بگێڕێتەوە

31-05-2019
رووداو @Rudawkurdish
مەلا بەختیار ،  لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی
مەلا بەختیار ، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی
نیشانەکردن مەلا بەختیار
A+ A-

رووداو - هەولێر 

لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی پەیامێکی بەبۆنەی ساڵڕۆژی دامەزراندنی یەکێتەوە بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت، لە راپەڕینی گەلی کوردستاندا کۆمەڵێک هەڵەکران کە تاوەکو ئێستا پێمانەوە دیارن و ئاماژە بەوە دەکات کە تاڵانکردنی دامەزراوەکان لە کاتی راپەڕینەکەدا هەڵە بوو و خەڵکی فێری ئەوەکرد ئاسان بێت ئەم وڵاتە تاڵان بکات. 


گەندەڵی ئێستا بۆ تاڵانییەکانی سەردەمی بەرەی کوردستانی دەگەڕێتەوە

مەلا بەختیار تاڵانییەکانی سەردەمی راپەڕینی بە هەڵەیەک ناوبرد کە خەڵکی فێری ئەوەکرد تاڵانکردنی ئەم وڵاتە شتێکی ئاسان بێت بەلایانەوە. مەلا بەختیار گوتی: "لەسەردەمی راپەڕێن کۆمەڵێک هەڵەکران کە تاوەکو ئێستاش پێمانەوە دیارن، هەڵەی یەکەم ئەوە بوو کە دائیرەکان تاڵانکران، کە تاڵان دەکران و ئاودیوی ئێران دەکران، گومرگی لێ وەردەگیرا، هەموو ئەو حیزبانەی لە بەرەی کوردستانی بوون هەم لە تاڵانییەکە بەشدارییان کرد و هەم پارەی گومرگەکەیان دەهێنا و لەنێوان خۆیان دابەشیان دەکرد. ئەمە سەرەتایەکی زۆر نالەبار بوو کە مەناعەتی شۆڕشگێڕانەی شکاند، شکۆی شۆڕشگێڕانە و مەعنەویاتی شۆڕشگێڕانەی دابەزاند. خەڵک فێری چڵێسی بوو، فێری ئەوە بوون کە ئاسان بێت ئەم وڵاتە تاڵان بکرێت. تێپەڕێ کۆچ هات، هاتینەوە، شەڕی ناوخۆ روویدا بەهەرشێوەیەک بێت ئەویش تێپەڕی".

لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی باسی لە دیاردەی گەندەڵی لە کوردستان کرد و گوتی: "دوای کۆتاییهاتنی شەڕی ناوخۆ و لەو ساڵەوە تاوەکو ئێستا ئەوەی کە جێی خەفەتە، هاوشانی هەموو ئەو سەرکەوتن و پێشکەوتن و دەستکەوتەی کە بۆ گەلەکەمان هاتووەتەدی کە ئاوەدانییەکی جوان لە کوردستان هەیە لە رێگاوبان، خوێندنگە، زانکۆکان، نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکان ئەمانە زۆر زۆر گرنگن، بەڵام کە بیر لەوەش دەکەمەوە ئەو عەقڵییەتەی کوردستانی تاڵان دەکرد لەسەردەمی بەرەی کوردستانی، ئەگەرچی ئەوکاتە سیستەم نەبوو، مەرکەزیەتی دەسەڵات نەبوو بەڵام ئێستا لەپەنای مەرکەزیەت و بە سیستەمکردنی دەسەڵاتیش بەداخەوە گەندەڵی زۆر تەشەنەی سەندووە و ساڵ لەدوای ساڵ خراپترە. دیاردەی گەندەڵی هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و حکومەتەکانی گرتووەتەوە، کەچی ئێمەشی گرتەوە، ئێمە گەلێکین بە سەدان ئامانجمان ماوە و نەهاتوونەتەدی. نەتەوەیەک چاوی لە ئێمەیە لە باشووری کوردستان بەڵام ئەم رەفتارانەش خەڵکی زۆر زۆر نیگەران کردووە".

پەیوەندی پارتی و یەکێتی و رۆڵی داهاتووی نێچیرڤان بارزانی

مەلا بەختیار بە ئاماژەدان بە ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی گوتی: "دۆخی سیاسی نالەبارە، لەم دۆخەی کە ترسێکی گەورە هەیە مۆتەکەی جەنگ ببێتە جەنگ، کەچی حیزبە سیاسییەکان تادێت لەیەک دەترازێین، ئەمەش هەڵەیەکی گەورەیە. سەرەڕای ئەوەی پێموایە رەوایە یەکێتی پێداگرە لەسەر هەموو مافەکانی خۆی بەڵام پێم باش نییە نەتوانین رێگە و شوێنی چۆنیەتی بەدیهێنانی ئەم ئامانجانەمان بە خەلاقانە بدزۆینەوە و گونجاو بێت لەگەڵ ئەو هاوکێشەیەی کە ئێستا هەیە. قابیلی بەدیهێنانە بەڵام کاتی دەوێت، شێوەی دەربڕین و دانوستاندنەکانی دەبێت جیاواز بێت. بەڵام بەداخەوە دیسان لێکترازان روویدا. ئەم لێکترازانە لەنێوان یەکێتی و پارتی بێگومان جێگەی نیگەرانییە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەم دوو حیزبە زۆر بە ئەزموونین و هەردوو حیزبەکە سەرکردەکانیان توانای ئەوەیان هەیە ئەزموون بکەن. پیاوێکی وەکو کاک مەسعود ئەزموونی حیزبەکەی و بنەماڵەکەی و هەموو راپەڕینەکان کۆبکاتەوە بایی ئەوە هەیە کە کێشەی زۆر گەورەتر لەمە چارەسەربکات چونکە کێشەی زۆر گەورەتر لەمەمان چارەسەرکرد. شەڕی ناوخۆ و دوو ئیدارەییمان چارەسەرکرد. ئەو هەموو کێشە ئیقلیمی و ناوخۆییەمان چارەسەرکرد بۆ یەکێتی و پارتی نەتوانن کێشەکانیان چارەسەربکەن. دەبێ هەردوولا لەخۆبوردەیی زاڵبکەن و کێشەکان چارەسەربکەن".

لەبارەی هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەلا بەختیار گوتی: "سەرەڕای ئەوەی ئەمڕۆ برای بەڕێز کاک نێچیرڤان هەڵبژێردرا بە سەرۆکی هەرێم، مادام هەڵبژێردراوە من پیرۆزبایی لێدەکەم، لەهەمانکاتیشدا داوای لێدەکەم ئێستا لەهەموو کاتێک زیاتر لێبوردە بێت و سوور بێت لەسەر ئەوەی کێشەکان چارەسەربکرێن لەگەڵ هەموو لایەنەکان بەتایبەتی لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان".  

90%ـی جەماوەری یەکێتی داوای کۆنگرە دەکەن


لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی دەربارەی بارودۆخی حیزبەکەیشی قسەیکردووە و دەڵێت، یەکێتی لە دووڕیانێکی چارەنووسسازدایە و دەبێت لە دوو سێ مانگی ئایندەدا کۆنگرە ببەستێت و 90%ی یەکێتییەکانیش داوای کۆنگرە دەکەن و ئاماژە بەوەشدەکات، بێ کۆنگرە ئاشتبوونەوە لەنێوان سەرکردایەتی و ئۆرگانەکانی یەکێتیدا روونادات.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە