سەروەر سالار و هونەر رێبوار
رووداو - سلێمانی، هەولێر
تووشبوون بە ملەخڕە لە چەند مانگی رابردوودا بەشێوەیەكی بەربڵاو تێبینی دەكرێ، وەزارەتی تەندروستی هۆكارەكەی بۆ نەمانی پێكوتەی دژی ملەخڕە دەگێڕێتەوە، پزیشكانیش دەڵێن گرنگترین رێگەی سنوورداركردنی نەخۆشییەكە هۆشیاریی تەندروستییە، چونكە هیچ دەرمانێكی تایبەت نییە دژی ڤایرۆسەكەی.
ملەخڕە، نەخۆشییەكی گوزاراوەی ڤایرۆسییە، 2500 ساڵ پێش ئێستا، هیپۆكراتی باوكی رۆحیی زانستی پزیشكی باسی ئەم نەخۆشییەی كردووە، كەچی تاوەكو ئێستاش دەرمانێك نییە ڤایرۆسەكە لەنێوببات، بەڵام لەساڵی 1948ەوە كە ڤاكسینی دژی نەخۆشییەكە دروستكرا و لە شەستەكانی سەدەی رابردوو زیاتر پەرەی پێدرا، ئێستا ئەم نەخۆشییە زۆر بە كەمی بڵاودەبێتەوە و مەترسییەكانی ئێجگار كەمترن.
تووشبووان زیاتر منداڵان و كەسانی خوار تەمەنی 18 ساڵین، بەڵام هیچ تەمەنێك بەدەر نییە لە تووشبوون و كەسانی پێگەیشتوو ئەگەر تووش ببن، سەختتر دەیگرن لەچاو منداڵان.
د.كۆیان زاهیر، هەڵگری بڕوانامەی بۆرد لە نەخۆشییەكانی منداڵان، باسی نیشانەكانی نەخۆشییەكەی بۆ (رووداو) كرد و گوتی "سەرەتا نیشانەكانی گشتین، وەكوو تا و سەرئێشە و داهێزرانی لەش هاوشێوەی پەتا بڵاوەكانی دیكە. بەڵام دواتر رەنگە هەڵاوسانی لیكەڕژێنەكان دەستپێدەكات كە ئازاریشیان لەگەڵ دەبێت".
وەك ئەو پزیشكە دەڵێت، نەخۆشییەكە چارەسەرێكی تایبەتی نییە "دەرمانی دابەزێنەری تا، پێدانی شلەمەنی و رێنماییكردن بە پشوودان بەكاردەهێنین بۆ كەمكردنەوەی گوشاری نەخۆشییەكە لەسەر كەسەكە، چونكە دەرمانی تایبەتی دژی ڤایرۆسەكەمان نییە، لە هیچ شوێنێكی جیهان نییە".
سەبارەت بە ئاڵۆزكارییەكانیش د.كۆیان دەڵێ "زۆربەی حاڵەتەكان بێ ئاڵۆزكاری و خۆبەخۆ چاك دەبنەوە، بەڵام هەندێ جار ئاڵۆزكاریی مەترسیدار دەكەونەوە، لەوانە: هەوكردنی پەردەكانی مێشك، هەوكردنی گون، هەوكردنی هێلكەدان و پەنكریاس". ئاڵۆزكارییەكان زیاتر لە كەسانی پێگەیشتوودا بڵاون و لە حاڵەتی دەگمەندا بەهۆی هەوكردنی گونەكانەوە نەزۆكی هەمیشەیی روودەدات.
گرفتی نەخۆشییەكە ئەوەیە دەگوازرێتەوە، واتە وەكوو نەخۆشییە درێژخایەنەكانی وەك بەرزیی گوشاری خوێن و شەكرە نییە زیانەكان تەنیا لە جەستەی كەسەكەدا قەتیس ببن، بەڵكو ئەوانەی دەوروبەری تووشبووەكەش لە مەترسیی تووشبووندان.
د.نورەدین عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری تەندروستی قوتابخانەكان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی دهۆك بە (رووداو)ی گوت "ڤایرۆسی ملەخڕە لە لیك و دڵۆپەی دەرچوو لە پژمینەوە و بە دەستلێدانی كەسی تووشبوو دەگوازرێتەوە، بۆیە پێویستە كەلوپەلە تایبەتەكانی كەسە تووشبووەكە جیابكرێنەوە تاوەكو سووڕی ڤایرۆسەكە تەواودەبێ".
وەك د.نورەدین باسی دەكات، مەرج نییە تەنیا كاتێك نەخۆشییەكە بۆ كەسانی دیكە بگوازرێتەوە كە لیكەڕژێنەكان ئاوساون و نەخۆشییەكە دەستنیشانكراوە "لە 3 رۆژی پێش دەركەوتنی نیشانەكان تاوەكو 4 رۆژی دوای نەمانی نیشانەكانی كە ئەستووربوونی گوێ یان رژێنی پارۆتیدە، ئەگەری هەیە ڤایرۆسە تووشكەرەكە لە كەسی نەخۆشەوە بۆ كەسانی تەندروست بگوازرێتەوە".
نەخۆشییەكە تەشەنە دەكات
ساڵانە چەندین حاڵەتی ملەخڕە لە كوردستان تۆمار دەكرێن، بەڵام ئەوە سێ مانگە زۆر زیاتر لە ساڵان بڵاوبووەتەوە. د.كاوە محەممەد ئەمین، بەرپرسی هۆبەی نەخۆشییە گوازراوەكان لە پارێزگای دهۆك بە (رووداو)ی گوت "لە 11 مانگی ساڵی رابردوودا لە دهۆك تەنیا 55 حاڵەتی ملەخڕە هەبوون، كەچی تەنیا مانگی 12ی هەمان ساڵ 80 حاڵەت تۆماركران، مانگی یەكی ئەمساڵ بە تەنیا 252 حاڵەت و لە سێ هەفتەی مانگی دووشدا 123 حاڵەتی دیكە تۆماركراون".
لە هەولێریش نەخۆشییەكە لە بڵاوبوونەوەدایە. د.سوعاد رەفیق، بەڕێوەبەری تەندروستی قوتابخانەكانی هەولێر بە (رووداو)ی گوت كە تەنیا لە دوو مانگی یەكەمی ئەمساڵدا 135 حاڵەتی ملەخڕە تۆماركراون، بەڵام ساڵی رابردوو تەنیا 315 حاڵەت هەبوو.
لە سلێمانی بایكۆت ناهێڵێ زانیاریی دروستمان سەبارەت بە ژمارەی تووشبووان دەستبكەوێ. د.نەورۆز عوسمان بەڕێوەبەری هۆبەی نەخۆشییە گوازراوەكان لە بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی بە (رووداو)ی گوت كە نەخۆشییەكە لە پارێزگای سلێمانیش هەیە، بەڵام بەهۆی مانگرتنی فەرمانگە حكومییەكانەوە، بە دروستی نازانرێ ژمارەی تووشبووەكانی ئەمساڵ چەندە.
بۆچی هەندێك كەس زۆرتر تووش دەبن؟
وەزارەتی تەندروستی هۆكاری بڵاوبوونەوەی ملەخڕە لە ئەمساڵدا بۆ هەندێك گرفتی تەكنیكی ساڵانی رابردوو دەگێڕێتەوە. د.خاڵس قادر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی لە هەرێمی كوردستان رایگەیاند، تاوەكو ئێستا 515 حاڵەتی ملەخڕە لە هەرێمی كوردستان تۆماركراون.
سەبارەت بە هۆكارەكەشی دەڵێت "بەشێك لەو تووشبووانەی ئێستا، لەوانەش منداڵان بەرگرییان لە دژی نەخۆشیەكە نییە. لە سەرەتاكانی 2000 ماوەیەك ڤاكسینی دژە ملەخڕێ لە كوردستان نەما، بۆیە بەشێك لە منداڵان لەدژی نەخۆشییەكە نەكوتراون، ئەوانەی تووشبوون لەدایكبووانی ئەو ساڵانەن".
پێكوتەی دژی ملەخڕێ
ڤاكسینی دژی ملەخڕێ بۆ یەكەمجار لە ساڵی 1948 دروستكرا. لە سەرەتادا كاریگەریی ڤاكسینەكە كورتخایەن بوو، بەڵام زنجیرەیەك چاكسازی لە پێكهاتەكەدا كاریگەریی ڤاكسینەكەیان زیاتر كرد و لە شەستەكاندا ڤاكسینەكە لە سەرتاسەری جیهان دەستی بە بڵاوبوونەوە كرد.
لەساڵی 1971ەوە پێكوتەی دژە ملەخڕێ بە یەكگرتوویی لەگەڵ پێكوتەی سورێژە و سورێژەی ئەڵمانی لە یەك دەرزیدا هەن و بە MMR ناودەبرێ كە سێ پیتی یەكەمی هەر سێ نەخۆشییەكەیە، لە كوردستانیش ئەم پێكوتەیە بە دوو ژەم دەدرێ. پێكوتەكە بەڕێژەی 88% كارایە لە بەگرتن بە نەخۆشییەكە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ