رووداو-هەولێر
بەڕێوەبەری نووسینگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقای کۆمیسیۆنی کۆچبەرانی نەتەوەیەکگرتووەکان، داوا دەکات حکومەتی عێراق و پارێزگاکانی ئەو وڵاتە یارمەتی ئاوارەکان بدەن بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان.
ئەمین عەواد، بەڕێوەبەری نووسینگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقای کۆمیسیۆنی کۆچبەرانی نەتەوەیەکگرتووەکان لە هەولێر گوتی، دەبێت ئامانجی سەرەکی حکومەتی عێراق و تەواوی پارێزگاکانیش بۆ ئەمساڵ و ساڵی داهاتوو گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بێت و بۆ ئەو مەبەستەش رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ئامادەی هەموو جۆرە یارمەتیدانێکە.
بەڕێوەبەری نووسینگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقای کۆمیسیۆنی کۆچبەرانی نەتەوەیەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەشکرد، ئاستەنگی گەورە لە بەردەم کارەکانی کۆمیسیۆنەکەیدا هەیە، ئەوەش بەهۆی دابیننەکردنی ئەو بودجەیەیە کە داوایکردووە.
ئەمین عەواد گوتی: "داوا لە حکومەتی عێراق و تەواوی پارێزگاکان دەکەین، بۆ ئەوەی گەڕاندنەوە بکەنە ئامانجی سەرەکی ئەمساڵیان و ساڵی داهاتوو، یوئێن و کۆمیسیۆنی کۆچبەرانی یوئێنیش ئامادەی یارمەتیدانە. بەڵام ئێمە بەربەستیشمان لەبەردەمدایە، ئەوەش بەهۆی ئەو راستییەی کە داواکاریی ئەمساڵمان بۆ کۆچبەرە سوورییەکان، کە چارەکە ملیۆنێکن لێرە لە عێراق و پێنج ملیۆن عێراقی؛ سێ ملیۆن خەڵکی گەڕاوە و دوو ملیۆن ئاوارە، هێشتا بەشێوەیەکی گونجاو وەڵام نەدراوەتەوە".
بەڕێوەبەری نووسینگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقای کۆمیسیۆنی کۆچبەرانی نەتەوەیەکگرتووەکان گوتی: "هەربۆیە پێموایە بەرپرسیارێتی لە ئەستۆی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدایە بۆ پابەندبوون بە بەرپرسیارییەتییەکانی و پاڵپشتیکردن لە داواکاریی ئێمە و ئاژانسەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان. ئێمە داوای 570 ملیۆن دۆلارمان کردووە و کەمتر لە 100 ملیۆن دۆلارمان وەگرتووە. بەم پارەیە ناتوانین کارێکی زۆر بکەین".
پێداچوونەوە؛ عومەر شایان
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ