حەسەن نەسروڵڵا: حیزبوڵڵا دەستبەرداری مووشەکەکانی نابێت

11-11-2018
عەلی زەڵمی
نیشانەکردن حەسەن نەسروڵڵا
A+ A-

رووداو- هەولێر 

ئەمینداری گشتی حیزبوڵڵای لوبنان رایگەیاند، نابێت حکومەتی وڵاتەکەی بچێتە ژێر ئەو گوشارانەوە کە ئامانج لێیان بریتییە لە نەهێشتنی مووشەک لەدەستی چەکدارانی گرووپەکەیدا.

 
حەسەن نەسروڵڵا لە گوتەیەکدا ئاماژەی بەوەکرد، هەڕەشەکان و گەمارۆکان نابنەهۆی ئەوەی حیزبوڵڵا واز لە توانا مووشەکییەکانی خۆی بهێنێت. 

ئەم گوتەیەی حەسەن نەسروڵڵا دوای ئەوە هات، میدیای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، حکومەتی ئیسرائیل لە رێگەی نێوەندگیرێکەوە داوای لە حکومەتی لوبنان کردووە لە بەرامبەر توانا مووشەکییەکانی حیزبوڵڵادا کاردانەوەی هەبێت. 

میدیای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەکردووە، حکومەتی ئیسرائیل بە حکومەتی لوبنانی راگەیاندووە، ئەگەر هیچ کارێک بۆ وەستاندنی توانا مووشەکییەکانی حزبوڵڵا نەکات ئەو کاتە سوپای ئیسرائیل کاردانەوەی سەربازیی دەبێت.
 
دەقی قسەکانی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری حیزبوڵڵا 

"ئیسرائیلی دووژمن و نەتەنیاهۆ کە چەکی ئەتۆمیان هەیە و خاوەن بەهێزترین هێزی ئاسمانی و سوپایەکی گەورەن لە ناوچەکەدا، ناتوانن ئەم ژمارە مووشەکەی لە لوبنان هەیە قەبوڵ بکەن. بۆچی؟ چونکە ئەم مووشەکانە دەبنە رێگر لە بەردەم سوپای ئیسرائیلدا بۆ ئەوەی نەتوانێت هەر کارێک بکات کە مەبەستیەتی. ئەمڕۆش دەمەوێت هەموولایەک دڵنیابکەمەوە کە ئێمە بە بەهێزبوونی لوبنانەوە پابەنددەبین، کە ئەویش لە هاوکێشەی هەبوونی سوپا و خەڵک و هێزی بەرگریدا خۆی دەبینێتەوە. ئێمە بە پاراستنی چەکەکان و مووشەکەکانی هێزی بەرگرییەوە پابەند دەبین". 


داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە