پەرلەمانتارێکی دەوڵەتی یاسا: کورد لە جێبەجێکردنی ماددەی 140 جددی نەبووە

19-11-2017
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو - هەولێر

پەرلەمانتارێکی دەوڵەتی یاسا رایدەگەیێنێ، لە رابردوودا کورد جددی نەبووە لە جێبەجێکردنی مادەی 140. دەشڵێت: "ئەگەر حکومەت بودجە بۆ ماددەکە دیاری نەکات، ئەوا لە پەرلەماندا ناتوانرێت بودجەی بۆ تەرخانبکرێت".

رەسول رازی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانێتیی دەوڵەتی یاسا و سەرکردە لە حیزبی دەعوە بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند: "لایەنی کوردی لە رابردوودا کەمتەرخەم بووە لە جێبەجێکردنی ماددەی 140 و دەبوو گوشاری زیاتر دروستبکەن بۆ جێبەجێکردنی، بۆیە حکومەتی عێراقیش لەوبارەوە بێدەنگ بووە، چونکە ئەو پرسە تایبەت بووە بە کورد و پێویستبووە نوێنەرانی کورد و تەنانەت سەرۆککۆماری عێراقیش کە کورد بووە لە رابردوودا هەڵوێستی هەبووایە".

رەسول رازی دەشڵێت: "ئەگەر پڕۆژەیاسای بودجە بێتە پەرلەمان و هیچ بڕە پارەیەک لەلایەن حکومەتەوە دیاری نەکرابێت، ئەوا پەرلەمان دەسەڵاتی نییە بودجە بۆ ماددەی 140 دیاری بکات، بۆیە پێویستە وەزیرانی کورد لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پێداگیری لەسەر دیاریکردنی بودجەک بۆ ماددەکە بکەن".

لە رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی 2018 ی عێراق هیچ بڕە پارەیەک بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140 تەرخان نەکراوە، بەڵام بەپێی بەڵگەنامەیەک کە رۆژی شەممە 18-11-2017 بڵاوکرایەوە، سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق پڕۆژەیاسای بودجەیبۆ سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران ناردووەتەوە.

پێداچوونەوە: دەرباز ساڵح

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە