ژنانی شیعەی عێراق لەبەردەم باڵیۆزخانەی بەحرەین خۆپیشاندانیان ئەنجامدا

25-05-2017
بەهمەن حەسەن
خۆپیشاندانی ژنانی عێراق بۆ پشتیوانیکردن لە ژنانی شیعەمەزهەبی بەحرەین
خۆپیشاندانی ژنانی عێراق بۆ پشتیوانیکردن لە ژنانی شیعەمەزهەبی بەحرەین
نیشانەکردن بەحرەین بەغدا شیعە
A+ A-
رووداو - بەغدا 

لەسەر داوای مەرجەعیەتی باڵای شیعە لە عێراق و، رێنماییەکانی عەلی خامنەیی، رێبەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران، ژنانی شیعەمەزهەبی عێراق لەبەردەم باڵیۆزخانەی بەحرەین لە بەغدا خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.

ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 25-5-2017)و دوێنێ شیعەمەزهەبەکان لە بەغدا لەبەردەم باڵیۆزخانەی بەحرەین بۆ پاڵپشتیکردن لە شیعەمەزهەبەکانی بەحرەین خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، لەکاتێکدا دوێنێ ژن و پیاوان بەیەکەوە بەشداربوون لە خۆپیشاندانەکە، خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆ تایبەت بوو بە ژنان.



بۆچی خۆپشاندان دەکەن؟

ژنێکی چالاکوانی شیعەمەزهەبی بەشدار لە خۆپشاندانکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئێمە پشتگری لە شێخی بەحرەین و هەموو موسڵمانێک و ژنانی بەحرەین دەکەین، ئەگەر سەرکردەی ئێمە بڵێ جیهاد لە بۆرما، فەڵەستین یان بەحرەین بکەن، ئێمە ئامادەین. ئێمەی ژنان ناوەستین و بەردەوام دەبین".

هەروەها ژنە چالاکوانێکی دیکە گوتی "ئێمە وەکو ژنانی موسڵمان و چالاکوان، پشتگیری لە ژنانی بەحرەین دەکەین، چونکە ستەمیان لێدەکرێت... جەنابی سەدر دەڵێ ئێمە ئێوەمان ئازاد کردووە، بۆیە ئێمە ئێوەش ئازاد دەکەین. ئێمە، لە مردن و شەهیدبوون ناترسین و پشتگیری لە خوشکەکانمان لە بەحرەین دەکەین و، لاوازیش نابین لەبەرامبەر ئەو کەسانە".

ئاڵۆزییەکانی بەحرەین

 

عیسا قاسم، مەرجەعی ئایینی شیعەمەزهەبەکانی بەحرەینە، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا دادگای وڵاتەکەی بە تۆمەتی "کۆکردنەوەی پارە لەڕێگەی سەرپێچیکردن لە یاسا و شووشتنەوەی پارە"، سزای یەک ساڵ زیندانی بۆ دەرکرد، لەگەڵ راگرتنی جێبەجێکردنی سزاکە.

هەروەها دادگا سزای دارایی بە بژاردنی بڕی 100 هەزار دیناری بەحرەینی (265 هەزار دۆلار) بەسەر عیسا قاسمدا سەپاند، ئەمانەش بوونە هۆی ئەوەی لایەنگرانی خۆپیشاندان بکەن.

 

 

هێزە ئەمنییەکانی بەحرەین و خۆپیشاندەرانی شیعەمەزهەب دوای دەرچوونی سزاکە، لە نزیک ماڵی مەرجەعی شیعەکانی بەحرەین رووبەڕووی یەکدی بوونەوە، لەئەنجامدا نزیکەی 100 کەس کوژران و بریندار بوون.

شێخ عیسا ئەحمەد قاسم، لەدایکبووی ساڵی 1941ـە، زانایەکی ئایینی شیعەمەزهەبی بەحرەینییە و کەسێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی چالاکیشە، هەروەها یەکێک بووە لە ئەندامانی ئەنجوومەنی دامەزرێنەر و ئەنجوومەنی نیشتمانی بەحرەین، حیزب و گرووپی بەمەبەستی پاراستنی مافی شیعەمەزهەبەکانی بەحرەین دامەزراندووە و، بە باوکی رۆحیی شۆڕشی گەلی بەحرەینیش دادەنرێت.

 

داڕشتنەوە هەڵات رێبوار

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە