رووداو - هەولێر
شارۆچکەی غارییەی رۆژهەڵات، کە 25 کیلۆمەتر لە ناوەندی شاری دەرعا لەباشووری سووریا، بەهۆی هێرش و بۆردوومانەکانی سوپای سووریاوە بەتەواوی وێرانبووە و شەقامەکانیش پڕن لە زبڵ و خاشاک.
چەند رۆژێکە ئەو ناوچەیە لەلایەن سوپای سووریا کۆنترۆڵکراوەتەوە،هیچ چەکدارێکی سەر بە ئۆپۆزیسیۆنی سووریای لێنەماوە.
حەسەن رافای، دانیشتووی غارییە شەرقییە دەڵێت "پێکدادان لە نێوان سوپای سووریا و گرووپە چەکدارەکان هەبوو، هەندێکیان گیانیانلەدەستدا و ئەوانی دیکەش رایانکرد و چەکەکانیان لەدوای خۆیان جێهێشت. سوپای سووریا سەرکەوتووبوو، هاتە نێو ناوچەکە و ئاشتی و سەقامگیری گەڕاندەوە".
بەشێک لە خەڵکی ناوچەکە رژاونەتە سەر شەقامەکان و دڵخۆشی خۆیان بە کۆنترۆڵکردنەوەی شارۆچکەکەیان لەلایەن سوپای سووریاوە دەردەبڕن، بەڵام شارۆچکەکەیان وێرانبووە.
هاوکات ئەو سەربازە سووریانەی کە بەهۆی شەڕی نێوخۆییەوە بۆ چەندین ساڵە لە خانەوادەکانیان دابڕاون، گەڕاونەتەوە و دەیانەوێت بە خانەوادەکانیان شادببنەوە.
لە 19ی حوزەیرانەوە هێرشەکانی سوپای سووریا بۆسەر پارێزگای درعا دەستیپێکردووە، سوپای سووریا دەڵێت، لە %80 ناوچەکانی سەر بە پارێزگاکەی کۆنترۆڵکردووەتەوە. فەرماندەکانی ئۆپۆیزسیۆنیش دەڵێ، تەنیا لە %60 خاکەکایەن لەدەستداوە.
بۆردوومان و هێرشەکانی سەر ئەو ناوچەیە بەردەوامن، بەهۆی ئەو هێرشانەوە تاوەکو ئێستا نزیکەی 200 کەس گیانیانلەدەستداوە و هەزاران کەسیش ئاوارەبوون.
داڕشتنەوە: حەکیم داود
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ