رووداو - هەولێر
دوابەدوای پێشنیازی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بۆ زیاترکردنی هاوکارییە زەمینی و ئاسمانییەکانی بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات ، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بڕیاریدا بە جێگیرکردنی ژمارەیەکی زیاتر لە هێزەکانی ئەمریکا لە شاری منبج و ناوچەکانی دەورووبەری.
بڵاوکردنەوەی هێزە ئەمریکییەکان نیگەرانی تورکیای لێکەوتووەتەوە بەهۆی بەهێزبوونی هێزە کوردییەکان لە ناوچەکە و لەناوبردنی پرۆژەی درووستکردنی ناوچەی ئارام لە رۆژئاوای کوردستان.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لەدوای پشوودانێكی دوو رۆژی لە پاڵمبیچی ویلایەتی فلۆریدا ، گەڕایەوە کۆشکی سپی ئەمریکا.بەڵام لەشوێنی پشوودانەکەشی چەندین دۆسێەی گەرمی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی خرابووە بەردەم، یەکێک لەو مژارانە، سووریایە و بەتایبەتی شاری منبج.
شاری منبج سەر بە پارێزگای حەلەب ، بەیەکێک لە کلیلەکانی چارەسەری قەیرانی سووریا دادەنرێت ، یان وەک شرۆڤەکاران دەڵێن لەوانەیە ببێتە هۆکاری داگیرسانی شەڕی بەوەکالەتی نێوان هێزە گەورەکانی جیهان.
لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا ، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا پێشنیازێکی خستەبەردەم ئیدارەی ترەمپ و تێیدا داوایکرد هاوکارییە زەمینی و ئاسمانییەکان بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات زیاتر بکرێن.
هاوکات پێنتاگۆن پێشنیازی ئەوەی کردووە دەسەڵاتی زیاتر بدرێتە هێزە ئەمریکییەکانی نێو سووریا وەک لەوەی بگەڕێنەوە بۆ وەزارەتی بەرگری هاوشێوەی سەردەمی ئیدارەی باراک ئۆباما ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا.
زیاترکردنی هێزە ئەمریکییەکانیش بەشێکە لە پلان و پێشنیازەکانی پێنتاگۆن بۆ ئیدارەی ترەمپ و پێشبینیدەکرێت ژمارەی هێزە ئەمریکییەکان لە 500 ئەفسەر و راوێژکار بۆ نزیکەی هەزار بەرزبکرێتەوە.
داڕشتنەوە : راوچی حەسەن
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ