ئاوارەکانی کەمپی هۆل داوای خزمەتگوزاری دەکەن

16-04-2019
رووداو @Rudawkurdish
بەشێکی ئاوارەکانی کەمپی هۆل داوادەکەن رێگەیان پێبدرێت کەمپەکە بەجێبێڵن
بەشێکی ئاوارەکانی کەمپی هۆل داوادەکەن رێگەیان پێبدرێت کەمپەکە بەجێبێڵن
نیشانەکردن کەمپی هۆل
A+ A-

رووداو - هەولێر

لە دوو مانگی رابردوودا 12 کەس لە کەمپی هۆل گیانیان لەدەستداوە و ئاوارەکانی کەمپەکە لە پارێزگای حەسەکە داوادەکەن رێگەیان پێبدرێت بگەڕێنەوە ناوچەکانیان.

 
کەمپەکە پەناگەی هەزاران ئاوارەی ناوچە جیاوازەکانی سووریایە، لە نێویاندا دێرەزوور، حەلەب و ناوچەی دیکەی دەروروبەری حەسەکە. بەشێکیان چەند ساڵێکە لەو کەمپەدان و گیریان خواردووە، داوا لە ئیدارەی کەمپەکە دەکەن رێگەیان بدەن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵیان. 

هەیام، ئاوارەی دێرەزوورە و لە کەمپەکە نیشتەجێیە، دەڵێ "کاتێک هاوژینەکەم لە باغۆز دەرچوو، لەلایەن پەکەکەوە لێرە دەستگیرکرا، هێشتا لە گرتووخانەیە، خواردن و نان و هیچ شتێکی ئەوانم ناوێت، تەنیا دەمەوێت هاوژینەکەم ئازاد بکرێ، هیچی دیکەم ناوێت، هاوژینەکەم چەکدار نەبوو، سوێند دەخۆم چەکدار نەبوو، دەمەوێت لەو کەمپە دەربچم و هاوژینەکەشم ئازاد بکرێت".

بەشی زۆری دانیشتووانی کەمپەکە کەسوکار و نەوەی داعشن. کەمپی هۆل لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بەڕێوەدەبرێت، دوای ئۆپەراسیۆنی باغۆزیش ژمارەی ئاوارەکان لەو کەمپە زۆر زیاتر بووە.

یەحیا جاسم، ئاوارەی مەیادینە لەبارەی رەوشی ژیانیان لە کەمپی هۆل دەڵێ "بە خوا رەوشەکە لێرە زۆر خراپە، خزمەتگوزاری نییە، داواش دەکەی خزمەتگوزاری هەر نییە، من خەڵکی ئەو وڵاتەم و وەکو تۆ خەڵکی ئەو وڵاتەم برا، بۆچی لێرە دەرگام لەسەر دادەخەی؟ بۆچی رێگەنادەی بڕۆم؟ دەمەوێت لەگەڵ خێزانەکەم لێرە بڕۆم. ساڵێکە لێرەم، داوای رۆشیتنم کردووە و رێگەنادەن، بۆچی رێگەم نادەن، من پیاوێکم یاسا جێبەجێدەکەم".

تەنیا ماوەیەکی کەم دوای کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی باغۆز، دوو هەزار ژن و منداڵ کە زۆربەیان نەوە و هاوژینی داعش بوون هێنرانە کەمپەکە، بەگوتەی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا 12 کەس لەو کەمپە گیانیان لەدەستداوە و 60 کەسی دیکەش لە نەخۆشخانە پێویستیان بە چارەسەرە.

ئەحمەد ئەلئەحمەد، ئاوارەیەکی دیکەی کەمپەکە باس لەوە دەکات "منداڵم هەن، ئێستا لە قوتابخانەن، بەڵام کە دەچنە قوتابخانە تەنیا یاری دەکەن و گۆرانی دەڵێن. منداڵ دەبێت فێربێت، ئێمە بۆ ئەوە نەهاتووینەتە ئێرە، بڕۆ خۆت بیبینە و تەماشای بکە، هەموو رۆژ بە گۆرانی بەسەر دەبەن، ئەوەمان ناوێت، خوێندنمان دەوێت، لانی کەم دەمانەوێت منداڵەکانمان فێربن چۆن بخوێننەوە و بنووسن".

کەمپەکە زۆربەی ژن و منداڵن، ئاوارەی عێراقی و سووری تێدان، هاوکات 11 هەزار بیانیش لە کەمپەکە نیشتەجێکراون، بەڵام لەوانی دیکە جیاکراونەتەوە. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە