گوندەکانی کوردستان- گۆڵێ

گوندەکانی کوردستان- گۆڵێ
ناوبانگێكى زۆر له‌ جوانیدا  و ڕێگه‌یه‌كى دوور ئه‌مه‌ نازناوى گونده‌ گه‌شتیارییه‌كه‌ى گۆڵێ، گوندى گۆڵى  به‌دوورى 20 كیلۆمه‌تر ده‌كه‌وێته‌ باكوورى رۆژئاواى قه‌زاى پێنجوێن و سه‌ر به‌ ناحییه‌ى گه‌رمكه‌، سروشتى سه‌وز و دیمه‌نى گونده‌ واییكردووه‌ هه‌ر زووى مرۆڤ كه‌مه‌ركێش ده‌كات.

ئه‌حمه‌د ره‌سوڵ، موختارى گوندى گۆڵێ دەڵێ "ناوی گوندەکە یەکێک دەڵێ لە گوڵێکەوە هاتووە یەکێک دەڵێ لە گۆڵێکەوە هاتووە، تاوەکو ئێستا ساخنەبووەتەوە کامیانە، بەڵام وابزانم گۆڵەکە راستترە، پێش راپەڕین لە سالی 1967 لەبەر قەسفی تەیارە ئێرە چۆڵکراوە، دوای ئەوە ئاوەدانکراوەتەوە هەتا 1978 ئەوکاتیش بە زۆرە ملێ داگیراوین، نیوەمان چووین بۆ پێنجوێن نیوەکەی دیکەشمان چووین بۆ زۆرەملێکەی شارەزوور. مەلیک مەحموود هاتووەتە ئێرە لێرە ماوەتەوە، دوای ئەویش مەلا مستەفا هاتووە، دوای ئەو مام جەلال هاتووە عەلی عەسکەری هاتووە، مەلا بەختیار هاتووە، هەموویان هاتوون. کۆمپانیا عەقدی کردووە لەگەڵ ناحییە، داوامانکردووە هەینی و شەممە 4 پۆلیس و چوار کارمەند بنێرن بۆ خزمەتگوزاری و پاکیبکەنەوە، ئەوانیش نەهاتوون".

هێشتا سیماى خانووه‌كانى گوندى گۆڵى، وه‌ك تابلۆیه‌كى ڕابردوو ماوه‌ته‌وه‌، پێش راپه‌رین زیاتر له‌ 60 خێزانى تێدا ده‌ژیا، به‌ڵام ئێستا 12 خێزانی تێدا ده‌ژى، هه‌ندێكیان به‌ ئاژه‌ڵدارى و هه‌ندێكى دیكه‌یه‌ به‌ كشتوكاڵه‌وه‌ سه‌رقاڵن.

ناهى قاره‌مان، دانیشتووى گوندى گۆڵێ دەڵێ "تا زوو لێرە دوو مانگامان هەبوو لیرە بەخێومان دەکردن و گەنممان دەکرد و جۆمان دەکرد و گوڵەبەڕۆژەمان دەکرد و ، تەماتەمان دەکرد و شوکرد بووین، ئیدی کوڕەکەم بوو بە پاسەوانی سنوور رۆی، ئێمەش لەتاو ئەو رۆیشتین لێرە، بە هەرەوەز نامان درکد، ئاوا تەنوورێک بوو، کاتی وا هەبوو 10 کمەس لە دەورمان کۆدەبووەوە کە نانمان دەکرد لەوی، زۆر خۆش بوو".

له‌علییە سلیمان، له‌گه‌ڵ هاوژینه‌كه‌یدا ساڵانه‌ له‌ وه‌زرى به‌هاره‌وه‌ تاوه‌كو كۆتایى وه‌رزى پایز له‌م گونده‌ ده‌مێننه‌وه‌، ئه‌و جگه‌ له‌ جوتیارى له‌كاتى ده‌ست به‌تاڵیدا  به‌كاره‌ ده‌ستییه‌كانه‌وه‌ سه‌رقاڵ ده‌بێ.

له‌علییه‌ سۆفى سمایل، دانیشتووى گوندى گۆڵێ دەڵێ "ئەیڕێسم و ئەیکەم بە لفکە و خەریکی ئەوەم، کەسێک دەڵێ لفکەیەکم بەرێ دەڵێم ئەوە لفکەیەک، لەبەر ئاوەکە پاکیدەکەمەوەو دەیخەمە سەر ئەو قەرەوێلەیە تاوەکو وشک دەبێتەوە، ئینجا کە وشک بوو بە شوڵێک لێکی دەخەمەوەو ئینجا دوای دەست دەکەم بە رستنی، جیگەی بۆ دادەنێین و ئینجا دەیکڵێنین دوای دەبێ بەم ترشە".

مانای ئەمە وەکو مرەبایەک وایە.
بەڵێ ئەمە وەکو مرەبایەک وایە.
تامی دۆشاو دەدات.
ئاخر بە ترێ کردوومانە.
چەند خۆشە.

"ئەمە یەکێکە لە خواردنە کوردەوارییەکان کە لە گوندی گۆڵێ دروست دەکری، ترێ و گوڵەباخ تێکەڵدەکرێ، ترشەوەبوو".

گوندى گۆڵى، هاوسنووره‌ له‌گه‌ڵ شارى بانه‌ى رۆژهه‌ڵاتى كوردستان،  به‌هۆى ئه‌و ئاوه‌ى زۆره‌ى هه‌یه‌تى توانیویه‌تى به‌ربوومێكى زۆرى خه‌یا و ترۆزى و ته‌ماته‌ به‌رهه‌م بهێنن، ده‌رده‌ڵى ئه‌وان بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌رهه‌مانیان له‌ بازاره‌كاندا پاره‌ناكات.

ئه‌حمه‌د ره‌سوڵ، موختارى گوند دەڵێ "وەکو زەرەر زەرەرمانە، بەڵام وەکو دروستکردن دروستمان کردووەو بردوومانە بۆ سلێمانی و دوورە لێرەوە، هەم کرێی ئۆتۆمبێل زۆرە هەم دوورە دەستییەکەش بۆ کابرا هیچ شتێ ناگرێتەوە".

جه‌میل شه‌ریف، مامۆستایى ئایینى گوند دەڵێ "ناوچەکەی ئێمە بە حەقیقەت دەبینی کە ناوچەیەکی سەر سنوورییە، لەگەڵ ئێراندا هاوسنوورین، بەرهەمە ناوخۆییەکانی خۆمان نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە بژێوی خەڵکەکە پەیدا بکات، بەڵکو هەندێ کەس کەوا، تەماتە دەکا یاخود شووتی دەکات، یا ئاژەڵداری دەکات، یاخود مانگا بەخێو دەکات، بەهۆی هاتنە ناوەوەی ئەو هەموو ئاژەڵ و ئەو هەموو بەرووبوومە لە سنوورەکانەوە، بەبێ هیچ سانسۆرێک وابزانم هیچ رێگیرییەک نەکراوە، زەرەرێکی زۆری داوە لە بەرهەمە ناوخۆییەکانی ناو وڵاتی خۆمان".

هه‌میشه‌ گوتویانه‌ ده‌ستى ماندوو له‌سه‌ر سكى تێره‌، دانیشتووانى گوندى گۆڵێ جگه‌ له‌وه‌ى له‌ خه‌مى په‌یداكردنى بژێوى خۆیاندان، خواردنیش بۆ ئاژه‌ڵه‌كانیان ئاماده‌ده‌كه‌ن، بۆیه‌ تاوه‌كو ئێستاش ئه‌و كاره‌ به‌ هه‌ره‌وه‌زى ئه‌نجامده‌ده‌ن.

جه‌میل شه‌ریف، مامۆستایى ئایینى گوند دەڵێ "لە 14/5 تاوەکو 20/5 بەدواوە ئیدی خەڵک دەست دەکات بە گیادوورین بۆ ئاژەڵ بۆ زستان، لەبەرئەوەی ژیانی گوندەکان ئێستا ئاسانکاری تا راددەیەک کراوە، بەڵام بەم شێوازەش نییە، کە بڵێین هەموو شتێک سەد لە سەد کراوە، بڕی گژ و گیای ئەم گوندانە بە دەشتەکان و بە گوندەکان پەیوەستە بە بارانەوە".

ئاوى گۆڵى، دانیشتوانه‌كه‌ى پێیده‌ڵَێن چه‌مى گۆڵى، له‌ چیاكانى شارى سه‌قزى رۆژهه‌ڵاتى كوردستانه‌وه‌ دێت و به‌و گونده‌دا تیده‌په‌رێت، پاشان گونده‌كانى ئه‌م سنووره‌ ده‌بڕێ و به‌رو ناوچه‌ى شار باژێر شۆڕدەبێتەوە، ئێره‌ به‌ قه‌یته‌رانه‌كانى ناسراوه‌، كه‌ دیمه‌نێكى سه‌وزاییان به‌ ئاسمانه‌وه‌ دروستكردووه‌.

ئه‌بوبه‌كر محه‌ممه‌د، گه‌شتیار دەڵێ "لێرە سەیرانگەکان، بێ خزمەتگوزارین، ئەمەش پاکڕاگرتن و خزمەتکردنی سەیرانگەکان، ئەرکی سەرشانی هەموومانە، بەڵام بە دەرەجە یەک ئەرکی سەرشانی حکوومەتە ئاگاداری ناوچە گەشتیارییەکان بێت".

ره‌هێڵ سه‌فائه‌دین، گه‌شتیار دەڵێ "هێمای هاتووچۆی نییە، دەبێ چەندجارێک پرسیار بکەی تاوەکو ئێرە دەدۆزیتەوە، ئێمەهاتووین لیرە جەوێک بگۆڕین، دەبینین لە سەرەوە ئاوەکەیان پیسکردووە".

گوندى گۆڵێ و سه‌یرانگاكه‌ى ، به‌ سروشته‌ دڵڕفێنه‌كه‌ى و ئه‌و زنجیره‌ چیایه‌ى كه‌ ئه‌م گونده‌ى له‌ ئامێزگرتووه‌ واییكردووه‌ ناوه‌كه‌ى پێش خۆى بگاته‌ گوێى گه‌شتیاران، دانیشتوانه‌كه‌ى چاوه‌ڕوانن له‌حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، كه‌ به‌هۆى ئه‌و قه‌ره‌باڵخییه‌ى له‌ رۆژانى پشوودا روو له‌م گونده‌ ده‌كات، حكومه‌ت وه‌ك ناوچه‌یه‌كى گه‌شتیارى بیناسێنێت و گرنگى پێبدات.

"ئەم ئاوە لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە دێتە باشووری کوردستان، رەنگە ئاوەکان پێش هەمووان سنوورە دەستکردەکانیان بڕیبێ و بیانەوێ ئەم نیشتمانە یەکگرتوو پیشان بدەن، بۆیە ئاوی گۆڵێ توانیویەتی لەگەڵ گوندی گۆڵێدا، سەیرانگەیەکی هێندە دڵڕفێن دروستبکات خەڵکی گوێ نەدەنە دوورییەکەی بێن و کاتێکی خۆشی تێدا بەسەر بەرن".