ئەسپەکانی ئاگری
سەرکان، گەنجێکی کوردی باکووری کوردستانە لە گوندی بایەزیدی هەرێمی سەرحەد، ئەو مەیتەری ئەسپەکانی ئەو گوندەیە، رۆژانە ژامرەیەکی زۆر ئەسپ پەروەردە دەکات لە تەویلە سروشتییە فراوانەکەی، ئەسپ ئاژەڵێکە 2000 ساڵ پێشزایین، لە ئەسپی کێوی دەستەمۆکراوە، کورد بە ئەسپی مێ دەڵێن مایین و نە نێرەکەشی دەڵێن بارگیر، ئەسپەکانی باکووری کوردستان بە جوانی و بەهەیبەتی خۆیانەوە ناوبانگیان دەرکردووە. شۆخ و بە شکۆ و جوانن. لەم فیچەرەدا چیرۆکی سەرکانی مەیتەر و ئەسپەکانی باکووری کوردستان دەگێڕینەوەو دیمەنی ئەسپە جوانەکانیشی دەبینین.
دەنگی ناڵی ئەسپەکان لە تەویلە فراوانەکەی سەرکان، تەواوی ناوچەی گوندی بایەزیدی لە هەرێمی سەرحەدی باکووری کوردستان تەنیووە، ئەسپەکان رووخسار و دەم و چاوی خاوەنەکەیان دەناسنەوە.
سەرکان، مەیتەرێکی لێهاتوو و شارەزای ئەسپە. رۆژانە بەردەوام ژیانی خۆی لەگەڵ ئەسپەکان بەڕێدەکات.
بەپێی سەرچاوەکان، ئەسپ ئاژەڵێکە 2000 ساڵ پێشزایین، دەستەمۆکراوە، کورد بە ئەسپی مێ دەڵێن مایین و بە نێرەکەشی دەڵێن بارگیر.
بایەزید، لە باکووری کوردستان خاوەندارێتی لە ئەسپە رەسەنەکانی کورد دەکات. سەرکان لە ساڵێکدا پێنج مانگ سەوداو مامەڵەی ئەسپ لەگەڵ گوندنشینان دەکات و بەمشێوەیە سەربوردەی ئەو لەگەڵ ئەسپەکان دەستپێدەکات.
بە شێوەیەکی گشتی ئەسپی کوردی 145 بۆ 155 سانتیمەتر بەرزەم، کێشی لە نێوان 180 بۆ 200 کیلۆگرام دەبێت، رەنگی رەشی سادەی نێوچەوان سپی، سووری تۆخ، سووری کاڵ، بۆر، شین و شینی گوڵ گوڵی، هەروەها رەنگی سپی و زەردی زیوینیشی هەیە.
لەسەرانسەری کوردستاندا ئەسپەکانی ئەم ناوچەیە بە جوانی و بەهەیبەتی خۆیانەوە ناوبانگیان دەرکردووە. شۆخ و بە شکۆ و جوانن.
ئەسپی کوردی بە توانایی زۆر دەناسرێتەوە، توانای هەڵگرتنی 600 کیلۆگرام باری هەیە. مرۆڤ هەر لە کۆنەوە ئەسپی بۆ وەرزش و گواستنەوەی کەلوپەل بەکارهێناوە.
ئەوان تەنیا مەیتەری ئەسپەکان نین، بەڵکو هاوڕێ و هۆگری ئەسپەکانن، وەک ئەوەی ساڵانێک بێت، یەکدی بناسن هەڵسوکەوتیان لەگەڵدا دەکەن.
ئەو پێدەشت و یاڵە بەرفراوانە دەکەوێتە دەوروبەری شارۆچکەی قەرس، لێرە ئەسپەکان شەوانە لەدەرەوە دەبن، لەگەڵ ئەوەشدا لەژێر چاودێری سەرکان و هاوڕێکانی دان، ئەوان متمانەیان بەخۆیان دڵسۆزی ئەسپەکانیش هەیە، چونکە لەگەڵ ئەسپەکان هاوڕێن.
زانکۆی سەسێکسی بەریتانی توێژینەوەیەکی لەسەر ئەسپ کردووە، کە دەرکەوتووە، ئەسپ هەستی مرۆڤ دەناسێتەوە، توێژەران وێنەی تووڕەیی مرۆڤیان پێشانی ئەسپ داوە، کاردانەوەی ئەسپەکەش توند بووە.
زمانی ئاخاوتن لەگەڵ ئەسپەکان زمانێکی جیاوازە. تەنیا کەسانی وەک سەرکان و ئەو زمانە دەزانن. ئەمشەویش وەک شەوەکانی دیکە ئەسپەکانی سەرکان لەدەرەوە ڕۆژ دەکەنەوە.
بهشی بكه لە