ئاسنگەری لە رۆژهەڵاتی کوردستان
وەستا فەتاح یەکێکە لە ئاسنگەرەکانی گوندی سەرپیر لە هەورامانی تەخت، ئەو ئێستا تەمەنی هەشتا ساڵە، بەهۆی نەخۆشییەوە وازی لە کار هێناوە، بەڵڵام نەوەکانی لەسەر کارەکەی بەردەوامن، ئەو ئاسنگەرییە کە لە بابوباپیرانەوە بۆیان بەجێماوە، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پیرشالیار، کە پشتاوپشت بۆ وەستا فەتاح و نەوەکانی ماوەتەوە. وەستا فەتاح لەم کارگە بچووکەی دەرگە و پەنجەرەی زۆربەی خانووەکانی ئەو ناوەی دروستکراووە، لەم فیچەرەدا زانیاری زیاتر لەبارەی ئەو ئاسنگەرە وەردەگرین.
ئەگەر سەیری باڵەخانەو دەرگەو پەنجەرەو زۆربەی پێداویستییەکانی خەڵکی ئەم گوندە بکەی، زۆربەی دەستکردنی دارتاش و ئاسنگەرەکانی خۆیانە.
لە هەورامانی تەخت، چەندین دارتاش و ئاسنگەر هەن، کەزیاتر لە سەت ساڵە ئەم کارەدەکەن. ئەوان رۆژانە دەرگەو پەنجەرەو سۆپای دارین و سەماوەر و کەرەستەکانی جوتیاری و زۆربەی پێداویستییەکانی ژیان دروستدەکەن.
وەستا فەتاح ئاسنگەرێکی تەمەن 80 ساڵەی هەورامانی تەختە، ئەو خەڵکی گوندی سەرپیرە. بەهۆی ئەوەی ناوچەکەیان لەشار دووربووەو زۆربەی کەسەرەستە سەرەتاییەکان لەو ناوچەیە هەن، بووەتە ئاسنگەر.
وەستا فەتاح، ئاسنگەر دەڵێ "باوکم مامۆستام بوو و منی فێری ئەم پیشەیە کرد. هێشتا باوکم نەمردبوو، پیشەکەیم گرتە دەستی خۆم، باوکم یارمەتیی منی دەدا و پێکەوە و ئاسنگەریمان ئەکرد. نزیک به 55 بۆ 60 ساڵ لەم کوورەخانەیه کارمان کردووە".
وەستا فەتاح لە بابو باپیرانییەوە ئەو کارەو کارگەکەشی بۆ بەجێماوە، وەکو باسدەکرێ مێژووی ئاسنگەری لەهەورامان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پیرشالیار.
وەستا فەتاح، ئاسنگەر دەڵێ "ناوکی باوکم عەبدولکەریمە و وەستا عەبدولکەریمیان پێدەگوت، باوکی ئەویش ناوی وەستا ڕەحمان بوو، باوکی وەستا ڕەحمانیش ناوی وەستا فایەق بوو، باوکی وەستا فایەقیش ناوی وەستا یەعقووب بوو، باوکی ئەویش ناوی فەرهاد بوو، ئیدی بەم شێوە دەڕوات تا ئەگاته لای باوە زەرده. هەروەها وەلی ئاسنگەریش. تا ئێستا ئەمه کاروپیشەمان بووەو لێره بووین و هەر ئەم ئاسنگەرییه پیشەیان بووه، مێژووی ئەم پیشەیە له پێش زەمانی پیرشالیار له بنەماڵەماندا بووە و ئێستەیش گەیشتووه به ئێمه".
وەکو باسیدەکات، بەهۆی پیشەکەیانەوە بنامەڵەیەکی خاوەن رێز و بەختەوە بوونە، لە دروستکردنی شوێنەوارە گشتییەکانیشدا خۆبەخشانە کاریان کردووە.
وەستا فەتاح، ئاسنگەر دەڵێ "بە بۆنەی ئەم پیشەیەوە خەڵکی هەر وەک چۆن دیاری بۆ ئاغاکان دەبەن، بەو شێوەیێش دیارییان بۆ ئێمەش دەهێنا، ئەوەنده ڕێز و حورمەتمان لای خەڵک بوو، نەتەنیا هەر لەم گوندەی خۆمان، بەڵکوو له تەواوی ناوچەکەدا. جاری وا بووە به نیوە ئێحسان ئیشمکردووە، ئەو مزگەوته کە دەستکاری کراوه، وتم هەموو کاری ئاسنگەرییەکەی بە خێر و ئێحسان چاکدەکەم".
لالۆ حەسەن، پێشتر لە گوندی سەرپیر کوێخا بووە، ئەگەرچی ئێستاش لەم گوندە نەماوە، بەڵام وەکو کڕیار سەردانی ئێرە دەکات.
لالۆ حەسەن، کڕیار دەڵێ "لای وەستا فەتاح پارچ(پارچ و بێڵ)م خاس کردووە، تەورزینم چاک کردووە، پاچەکۆڵە و.... . ئەمان سەنعەتکار بوون، کاریان باش بوو، ئیستەیش گەیشتووەتە دەستی ئەم لاوانه. کارەکەیان جوانە، پیشەی حەزرەتی داوود بووە و ئێستا له دەستی ئەماندایه".
ئەم پیشەیە لەسەر شانی بنەماڵەیەکی ئەم گوندە پشت بە پشت ماوەتەوەو تاوەکو ئێستا بەردەوامە.
ئێستا وەستا عابید، کە برازای وەستا فەتاحە، بەردەوامی بەم کارگەیە دەدات، چونکە لە منداڵییەوە لەبەردەستی ئەو فێری ئاسنگەری بووە.
وەستا عابید، دەیەوێ وەکو پیشەی بنەماڵە درێژە بەم کارە بدات و نایەڵێ پێشەکەیان لەنێو بچێت.
وەستا عابید، ئاسنگەر دەڵێ "قۆناخی ئاخری ئەم پیشه لە دەستی دووایین نەوەیه کە ئێمەین. من زۆرم پێخۆشه، کارێکی بەنرخه، حەیفە لەناو بچێت و نەمێنێت، ئەبێ پشتوانیی لێبکرێت. من جەوانێکم و وەکوو ئەرکی سەرشانمی دەزانم، پیشەی باوباپیرانمه و دەبێ زیندووی بهێڵم تا هەم کۆمەڵگا و هەم خۆمانیش کەڵکی لێ بگرین".
ئەم کوورەیە کۆنترین ناوچەی ئاسنگەری هەورامانە، تاوەکو ئێستاش بە سوتاندنی خەڵووز و کۆتەرەدار، بەردەوامی بە کارەکەی دەدات و کوورەکەی گەرمتر دەکات.
وەستا عابید، ئاسنگەر دەڵێ "تا ئەو ئاستەی کە ژیانمی پێ دەبەمە سەر لێی ڕازیم، ئێستە کەم یا زۆر، من ڕازیم بەم کارە، چ لە باری ماددییەوە و چ لەباری حەزم بۆ پیشەکە لێیڕازیم، تا بۆیشم بکرێت لەپای ئەم پیشەیەدا ئەوەستم و زەحمەتی لە گەڵ ئەکێشم و ڕەونەقی پێ دەدەم تا باشتر بچێتە بەرەوە".
ئەگەرچی بەرهەمی نوێ و تازە هاتوونەتە بازاڕەکانەوە، بەڵام بەهۆی داهێنانی تازەو نوێگەری لە کارەکەیدا وەستا عابید، بەردەوام کڕیاری هەیە.