گەلی شێرانە

گەلی شێرانە

لە باشووری کوردستاندا سەدان شوێنی گەشتیاری هەن کە ساڵانە هەزاران گەشتیار بۆی دەچن، یەکێک لەو شوێنانە گەلی شێرانەیە،گەلی شێرانە دەکەوێتە ناوچەیەکی شاخاوی دێرەلووکی سەر بە قەزای ئامێدی، بە ئاڤا شینیش ناوبانگی دەرکردووە، ئاوێکی رەنگ شینی زۆر جوانە، لە گەرمترین وەرزەکانی ساڵدا پلەی گەرما لە گەلی شێرانە 20ە، کە گەشتیاران دەتوانن کاتێکی خۆش لەو فێنکاییە بەسەر ببەن، لەم فیچەرەدا دیمەنە سەرنجڕاکێشەکانی گەلی شێرانە یاخود ئاڤا شین دەبینن.

لە هەموو ناوچەکانی کوردستان سەدان شوێنی گەشتیاری و سەرنجڕاکێش هەن، تەواوی شوێنە گەشتیارییەکانیش سروشتین و هێچ شوێنێک یاخود تاڤگەو چەمی دەستکردی تێدا نییە، کاتێک گەشتیاران سەردانی ئەو شوێنانە کاتێکی خۆش بەسەردەبەن.

ئێرە گەلی شێرانەیە، شوێنێکی گەرشتیارییە سەرنجڕاکێشە، خاوەنی ناوچەیەکی شاخاوی سەرنجڕاکێش و ئاوێکی سازگارە، کە رەنگی ئاەوکەی سەرنجی تەواوی گەشتیاران رادەکێشێ.

کاتێک سەردانی ئەو گەلییە دەکەی، تەماشای هەر لایەک دەکەی دیمەنی هێندە جوان دەبینی کە جێگەی باوەڕ نین، دەتوانی چێژێکی تایبەت لەو ناوچە گەشتیارییە ببینی.

ئاوە سازگارەکەی گەلی شێرانە لە بەفراوی چاکانی ئەو ناوچەیە دێتە خواروە، لەگەڵ چەندین کانی ئاو، ئاوێکی ساف و ساردە، ناوچەکە بە دارستانی چڕ داپۆشراوە، کە لە گەرمترین وەرزەکانی ساڵدا پلەی گەرمی لە 20 پلە تێناپەڕاێ.

شڤان، نزیکەی ساڵێکە چێشتخانەیەکی لە گەلی شێرانە کردووەتەوە، ئەو رۆژانە خواردن و چای پێشکەش بە گەشتیاران دەکات، زۆر دڵخۆشە کە ئەو گەلییە بووەتە سەرچاوەی ئابووری بۆ گەنجانی گوندەکەیان.

گەلی شێرانە، دەکەوێتە ناحییەی دێرەلووکی سەربە قەزای ئامێدی لە پارێزگەی دهۆک، ئەگەر بتەوێ لە دهۆکەوە بە ئۆتۆمبێل سەردانی گەلی شێرانە بکەی، بە کەمتر لە 2 کاژێر دەگەیتە ئەم شوێنە، لەسەر رێگەدا بە هاوینە هەوارەکانی زاویتە و سەرسەنگ و سۆلاڤ دا تێدەپەڕی، پێش ئەوەی بگەیتە گەلی شێرانە، دەتوانی چێژ لەم هاوینە هەوارانە وەربگری.

ئەگەر بتەوێ بە نێو شاخەکەدا سەربکەوی، دەبێ بە پێ بڕۆی، بەڵام هەتا زیاتر بڕۆیتە قوڵایی شاخەکە دیمەنی سەرنجڕاکێشتر و کەشێکی فێنکتر دەبینی، سەرسام دەبیت بە رەنگی ئاوەکەی.

لەسەر رێگە چەندین خێزان و گرووپی گەشتیاران لە کەناری رووبارە دانیشتوون و خەریکی خواردن و خواردنەوەن لە هەوایەکی فێنک و خۆشدا. لەنێو ئاوە ساردەکەدا کاتێکی خۆش بە مەلەکردن بەسەر دەکەن.

سەلاح عەلی، لەگەڵ چەند خزم و هاوڕێیەکی لە ناوەڕاستی گەلی شێرانە، لە قەدپاڵی شاخێک و لەسەر رووبارەکە، خواردنیان داناوە و دەیەونەێ پشوو بدەن. ئەو یەکەمجارە سەردانی گەلی شێرانە دەکات.

غازی عەلی، خەڵکی ئامێدییە و ئەومڕۆ لەلایەن براکەوە بانگکراوە، بەهۆی ئەوەی تازە لە دەرەوەی وڵات گەڕاوەتەوە، ئەو 22 وڵات لە دونیادا گەڕاوە، شوێنی وەکو ئێرە خۆشی نەبینیوە، بەڵام ئێرە بێ خزمەتگوزارییە.

زۆربەی گەشتیاران کە دەگەنە ئێرە زیاتر ناڕۆن، لەبەر ئەوەی رێگەکە سەخت دەبێت و مەترسی کەوتنەخوارەوەی هەیە، بەڵام لێرە گەنجان زۆربەی کاتەکانیان بە مەلەکردن بەڕێدەکەن.

یاسر خیاس، گەنجێکی تەمەن 18 ساڵی گوندی هەریکا ئاغایە، لە دێرەلووک، ئەو هەموو رۆژانی پێنجشەممە و هەینی، کە ژمارەیەکی زۆر گەشتیار روو لە گەلی شێرانە دەکەن، دێتە ئێرە و چای دەفرۆشێ، رۆژانە بە چا فرۆشتن 45 هەزار دیناری دەستدەکەوێ.

تەواوی ئەو گەشتیارانەی سەردانی ئەو شوێنە گەشتیارییەیان کردووە، تاوەکو رۆژئاوابوون لەوێ دەمێننەوە، بەڵام کە شەودادێ، بەهۆی ساردی ناوچەکە دەگەڕێنەوە نزیک ئۆتۆمبێلەکانیان و لە ژێر کەپرەکان پشوو دەدەن.

بەشێک لە گەنجانیش بە هەڵپەڕکێی کوردی و گوێگرتن لە میوزیک گەشتەکەیان دەڕازێننەوە، پێش ئەوەی بگەڕێنەوە ماڵەکانیان.