چوارشەمبا سۆر- جەژنی کوردانی ئێزدی

چوارشەمبا سۆر- جەژنی کوردانی ئێزدی

جەژنی چوارشەممەی سوور، یاخود جەژنی سەری ساڵی کوردانی ئێزدی، یەکێکە لە جەژنە دیارەکان، کە هەموو ساڵێک لە مانگی نیسان دەکرێت. ئەم جەژنە لە ماڵان و لە پەرستگەی لالش بە 

چەندین رێورەسم بەڕێوەدەچێت.

تایبەتمەندی جەژنەکە ئەوەیە کە دەکەوێتە یەکەم چوارشەممەی مانگی نیسان بە ساڵنامەی رۆژهەڵاتی، مانگی نیسان بەلای کوردانی ئێزدییەوە بووکی ساڵە. لەم جەژنەدا هێلکە رەنگدەکەن و کچ و 

کوڕ دەچنە دەشت و دەر و گوڵەکانی نیسان دەکەن و لە یەخەی یەکدی دەدەن.

خەزاڵ سلێمان، ژنێکی بەتەمەنی کوردی ئێزدییە، لەگەڵ کچەکەی لە ماڵەوە خەریکی رەنگکردنی هێلکەیە، گیای تاڵیشک لەگەڵ هێلە دەخاتە نێو مەنجەڵێک لەسەر ئاگر دایدەنێت، گیایەکە ناهێڵێ 

هێلکەکان بشکێن.

خەزاڵ دەڵێ "ئەمە جەژنی سەری ساڵی، ئێمە هێلکە دەخەینە سەر ئاگر لەگەڵ تالیشک، ئێمە لەم جەژنە جەژن پیرۆزدەکەین و تەواوی پەرستگە دەکەین، ئەو شتە هەر دەمێنێت".

دوای رەنگکردنی هێلکەکان پیاوەکان پەلکی هێلکەکان دەخەنە نیو زەوییەکانیان ۆب ئەوەی بەرەکەت بکەوێتە رزق و رۆزییان.

شێخ ئیسماعیل میرزۆ، شێخێکی کوردی ئێزدییە و پەلکی هێلکەکان دەخاتە نێو زەوییەکانی دەڵێ "بوونی ئێمە لەسەر ئەم دەخلانەیە، ئێمە پەلکی هێلکەکان دەهاوێینە نێو ئەم دەخلانە، بۆ ئەوەی 

خوای گەورە بە چاوی رەحم تەماشای ئێمە بکات و خێر و بەرەکەت بخاتە نێو ئەم دەخل و دانە".

ئاریان و سۆڵین، کچ و کوڕیکی کوردی ئێزدین، ئەوان دەچنە نیو زەوییەکان و کولیکە سوورەی نیسان لە یەخەی یەکدی دەدەن. ئەمەش نەریتێکە و لە باب و باپیرانەوە بۆیان بەجێماوە.

ئاریان نەوزاد دەڵێ "وەکو گەنجێکی ئێزدی زۆر دڵخۆشم، کە هەموو ساڵێک لە چوارشەممەی سەرەتای نیسان ئێمە دێین و ئەم کولیکانە دەکەین، کە مانای جەژنی ئێمە دەدات. ئەوە لە باب و 

باپیرانەوە بەجێماوەو لەلای ئێمە زۆر پیرۆزە".

سۆلین نەریمان، دەڵێ "جەژنی چوارشەممەی سوور لەلای ئێمە زۆر تایبەتە، من وەکو کچێکی ئێزدی بەردەوام دەبم لەسەر ئەم عادات و تەقالیدانە".

وەکو نەریتی خۆیان، بەشێک لە کولیکە سوورەکان و پەلکی هێڵکە رەنگاورەنگەکان لەگەل قوڕی ناو زەوییەکان بە بەردەگەی خۆیان هەڵدەواسن.

لە پەرستگەی لالش رێورەسمی چوارشەممەی سوور دەگێڕن، ئەوانیە کە تازە لە دەستی داعش رزگاربوونە بە ئاوی کنیا سپی کە کانییەکی پیرۆزە لە لالش هەڵدەقوڵێ پیرۆزدەکرێن.

چەندین چیرۆک لەسەر جەژنی چوارشەممەی سوور هەن، لەم جەژنەدا 366 چرا هەڵدەکرێن، وەکو ئەوەی کە ساڵنامەی رۆژهەڵاتی کە ساڵنامەی کوردانی ئێزدییە 366 رۆژە.

بابا جایش، زاناییەکی ئایینی کوردانی ئێزدییە و دەڵێ "سەری ساڵی ئێمە دەستپێکی بەهارە، بە کولیکەکانی نیسان دیارە، کە چۆن ژیان دەستپێدەکات. بە بیروباوەڕی ئێمە ئەم رۆژە دەستپێکی 

ژیان و دەستپێکی دروستبوونی دونیایە".