ئاوازی تەکبیری جەژن

ئاوازی تەکبیری جەژن
رەنگە کەم کەس هەبێت لەبارەی مێژووی دروستبوونی تەکبیری جەژن ئاشنا بێت، یاخود بزانێت ئەو ئاوازە لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە، بەڵام لەگەڵ هاتنی ئیسلام بۆ هەرێمی کوردستان، تەکبیر، وەکو پێداهەڵگوتن بە خودا گوتراوە.

تەکبیر زاراوەیەکی عەرەبییە، بۆ دەستەواژەی اللە أکبر (خودا گەورەترینە) بەکاردێت، بەتایبەتی لە جەژنی رەمەزان و جەژنی قوربان. زیاتر وەکو ئادابەکانی جەژن دەناسرێت.

زانا ئاینییەکان زۆریان لەبارەی مێژووی دروستبوونی تەکبیرەوە نووسیوە، بەڵام گەلێک بۆچوونی جیاواز لەسەر بەکارهێنانی یەکەم تەکبیر لە ئیسلامدا هەیە.

هەموو زانایانی ئاینی لەسەر ئەوە کۆکن، کە تەکبیر وەکو پەیامی پێکەوەژیان و نیشانەی رێزو تەباییی و خۆشییە، کە لە دوای ماندووبوونێکی زۆر لە پێناو رەزامەندی خودای پەروەردگار جێبەجێدەکرێت.

تەکبیر لە جەژنەکان بە ئەداو میلۆدییەکی تایبەت دەگوترێت، کە بەشێکی زۆر لە وڵاتانی ئیسلامی لەسەر یەک مەقامی تایبەت ئەم تەکبیرە پێشكەشدەکەن.

لە کوردستان حوجرەو تەکییەو مزگەوتەکان پڕبوونە لە دەف و گۆرانی تەسەوف و عیرفانییەت، ئەمەش وایکردووە بانگدان و تەکبیر ئاوێزانی میوزیک و گۆرانی ئاینی بکرێت.