جگەرخوێن

جگەرخوێن

لە ساڵی 1946 قامشلۆ پێشوازی لە نووسەر و شاعیری بەنێوبانگ جگەرخوێن كرد، لەکاتێکدا لە باکووری کوردستانەوە بەرەو رۆژئاوای کوردستان گەڕایەوە. سەرەتای ژیانی جگەرخوێن لە شاری عاموودا دەستیپێکرد، دواتر چووە شاری قامشلۆ و تاوەكو کۆتایی ژیانی لەو شارە مایەوە.

جگەرخوێنی شاعیر، لە ساڵی 1903 لە گوندی حەساری باکووری کوردستان لەدایکبووە، هەوراز و نشێوییەکی زۆری لە ژیانی خۆیدا بینوە، وەک دەڵێت "بەهۆی کەمی سەرچاوەکانی فێربوونی شیعر ئازاری زۆرم چەشت، تاوەکو بتوانم ببمە شاعیر، بەڵام بەردەوام بووم لە هەوڵەکانم تا ئەو کاتەی شیعرم نووسی و کتێبم بڵاوکردەوە، بۆیە نەوەی داهاتووی دوای من بەدەست نەبوونی سەرچاوەوە نا ناڵێنن".

جگەرخوێن گەشتی بۆ چەند وڵاتێکی ئەوروپی کردووە، خاوەن 8 دیوانی شیعر، هەندێک کتێبی چیرۆکی، کولتووریی و مێژووییە. پاش گەشتە دوورودرێژەکەی بۆ ئەوروپا، جارێکی دیکە گەڕایەوە شاری قامشلۆ.

هاونیشتمانیانی قامشلۆ چێژیان لە شێوازی داڕشتنەوەی شیعری جگەرخوێن بینیوە، بەو هێوەیەوە زۆرینەی خەڵکی ئەو شارە شیعرەکانیان لەبەرکردووە. رۆژی پێنجشەممە 22/10/2015 یادی 31 ساڵەی کۆچی دواییكردنی جگەرخوێن بوو.

جگەرخوێن بیروڕای سیایی لەبواری ئەدەب و نووسین دەربڕیوە، بەجۆرێك زۆر لە بەرهەمەکانی  رەنگدانەوەی ئەو بوارانە بوونە، یاخود لەسەر بیروبۆچوونی دۆسیەی کورد بوونە.

وەکو باسکراوە زۆرێک لە هۆنراوە و شعرەکانی جگەر خوێن هەتاوەکو ئێستا بڵاونەکراونەوە، بەڵام پیرەمێردێکی کورد هۆنراوەیەکی جگەرخوێن، کە تاوەکو ئێستا بڵاو نەکراوەتەوە لە رێگەی رووداو بۆ یەکەمجار بڵاودەکاتەوە. جگەر خوێن لەو هۆنراوەدا کە لەلایەن ئاغایەک مافی خواراوە، باسی حەقی خۆی دەکات و رەخنەی لێدەگرێت.

جگەرخوێن لە ساڵی 1903 لە باکووری کوردستان لە گوندی (حەسار)ی نزیک شاری مێردین لەدایکبووە، بەمنداڵی شوانی و گاوانی کردووە، لەبەرئەوەی نەداربووە و باوکی کۆچی دوایی کردووە، خوشکەکەی بەخێویکردووە و دواتر لەبەر ھەژاری بەناچاری گوندی حەساری جێهێشتووە و چووەتە رۆژئاوای كوردستان.