گوندەکانی کوردستان-وەرتێ

گوندەکانی کوردستان-وەرتێ
وەرتێ ناوچەیەکی هەڵکەوتوو لە رووی جوگرافیاوە، هەربۆیەشە ئەو ناوچەیە زەمەنێکی زۆر پێگەی شۆڕشەکانی کورد بووەو تەنانەت بە کیمیابارانکردنیشی لەلایەن ئەو حکومەتانەی دژ بە کورد، نەتوانراوە کۆنترۆڵبکرێت.

لاپەڕەکانی مێژوو ئەوە رووندەکەنەوە کە سەردەمانێکی دوور و درێژە، مرۆڤ لە وەرتێ ژیاوەو تەنانەت یەکێک لە شاخەکانی ئەو ناوچەیە لە ناوی کاردۆخییەکانەوە وەرگیراوە.

"مێژووی خەڵکی وەرتێ دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی کاردۆخییەکان، لە پشت ئێمەشەوە چیایەک هەیە پێیدەڵێن کارۆخ، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی کاردۆخییەکان کە لەم  ناوچەیە نیشتەجێبوون، لەو کاتەوە ژیان لە وەرتێ بەردەوامە و نزیکەی 450 خێزان لە وەرتێ دەژین، کە ژامرەی دانیووتوانی نزیکەی 3000 کەسە".

کۆنی ژیان لە وەرتێ چەندین کولتووری تایبەت بە ناوچەکەی دروستکردوون، زەمەنێک لە یەکە کارگێڕییەکان لە ناوچە دوورەدەستەکان بوونی نەبووە، هاونیشتمانیانی ناوچەکە خاوەن مام مۆتک بوونە و کارووباری دێهات و خەڵکەکەی راییکردووە، کە تاوەکو ئێستاش ئەوان کەسێک بۆ راوێژپێکردن دەستنیشان دەکەن.

"کەسێک هەبوو بە ناوی مام مۆتک کەسێکی زۆر زانا و زیرەکبووە، خەڵک پرس و راوێژیان پێکردووە، ئەگەر هەر ئیشوکارێک کرابێ، خەڵک لێی کۆبووەتەوە، کە چۆن کارەکەیان بکەن، مام مۆتک چ رێیەکیان بۆ دادەنێت، هەر ئیشێک کرابێت، ئەو بۆی داناون، ئەموو شتێکی بە دیراسەت بووەم زۆر زیرەکانە کاری کردووە".

ناوچەکە خاوەن شوێنەوارگەلێکی پێکهاتوو لە قەڵا و ئەشکەوتەکانە، کە زەمەنێک ئەو شوێنانە پێگەی بەرگریکردن لە ناوچەکە بوونە.

"قەڵاتێمان هەیە، قەڵاتی ئاودەڵانی پێدەڵێن، یەکێکە لە قەڵاتە کۆن و بەناوبانگەکان، شوێنەکی مێژووییە و بەڕاستی تاوەکوک ئێستا نازانرێ دەگەڕێتەوە بۆ چەند ساڵ پێش ئێستا، یەعنی مێژووەکەی زۆر کۆنە، وە هاوینەهەواری مەکێمان هەیە، لەوێش هەمان شت شوێنەوار و قەڵای قەدیممان هەیە".

لە زۆربەی شۆڕشەکانی کوردستان، چیاو دۆڵەکانی وەرتێ پێگەی پێشمەرگەبووە، بۆیە رۆژانە ئەو ناوچانە بووەتە شوێنی بۆردوومانی فرۆکەکانی بەعس، ئەوکات لە بری ماڵ و خانوو ئەشکەوتەکان شوێنی ژیان خەڵکەکەی بووە. ئەوانە ئێستا بەساڵاچوونە و نزا بۆ نەوەکانیان دەکەن، بەخۆشی بژیێن.

"رۆژێ سێجار فرۆکە لێیدەداین، شەوێی لێئەداینەوە، ئەوەن بە دەستمابوو، پاشی کەرەمێ خوای هیچی دیکەن بەدەستەوە نەمابوو، ماڵاتیشن هەردەبوو بە شەوێ بڕواتە دەرێ، لەو فیلە گوندەی ئەبینی، بەخوای رۆژ هەبوو کەسی تێدا نەدەما، هەر دەربەدەربووینە".

کەم جۆرە چەک و تەمەنی هەن، کە لەسەر دانیشتوانی ئەوکاتی وەرتێ تاقینەکرابنەوە، تا دواجار لە 22ی ئایاری 1988 لەلایەن سێ فرۆکەی جەنگی بەعسەوە بە فڕێدانی 7 بۆمبی کیمیایی کیمیابارانکرا، تاوەکو ئێستاش شوێنەوارەکەی بەسەر خەڵکەوە ماوە.

"ئەو دنیایە راس بووە مژ، لاق و باسم زوورانەوە، زوورانەوە ئەمنیش خۆ گەیاندە ئاوێ بڕەکم خۆ شووشت بە ئاوێ، ئەلحەمدو لیللا خەڵکەکە سەلامەتبوو، خەڵکەکە، وەلا ئیدی هاتنەوە خورێ، ئەوجا چ بێنە خوارێ، ئەو خەڵکە بە مەدەنی و بە پێشمەرگەوە هەڵدەهاتن بۆ ناو ئاوێ و ئاگریان دەکردەوە، ئەغلەبی ئەو دار و بارە هیشکبوو".

وەرتێ خاوەن ژمارەیەکی زۆری شەهیدە، ئێستاش ژامرەیەکی زۆری خەڵکەکەی لە ریزەکانی پێشمەرگە درێژە بە خەباتی کۆنی خۆیان دەدەن.

"وەرتێ زیاتر لە 200 شەهیدی هەیە، ئێستاش کە رووبەڕووی سەرسەختترین دوژمن بووینەتەوە، کە ئەویش داعشە، 9 شەهیدمان بەخشیوە لەپێناوی خاکی پیرۆزی کوردستان، وە هەروەها ئێستاش، هەر لە حەمرین هەتاوەکو شنگال و مەخموور و زوممار زیاتر لە 600 پێشمەرگەمان لە بەرەکانی جەنگدان".

لە کۆنەوە سوود لە چڕی دارگوێزەکانی ئێرە وەرگیراوە، زەمەنێک گوندیان لە فرۆکەکان شاردووەتەوەو ئێستاش خەڵکەکەی سوود لە بەرەکەی وەردەگرن.

"بەشی زۆری سەوزاییەکانی دەوروبەری رووبار، گوێزە، بەشی هەرەزۆرییەکەی، ئەگەر سەیربکەی کە داخیلی وەرتێ دەبی هەتاوەکو کۆتاییەکەی لێواری رووبارەکەی هەمووی گوێزە".

وەرتێ لە مانگی تەمووزی 2008 بووەتە ناحییە و سەر بە قەزای روونادووزە، 17 گوند سەر بەوناحییەیەن، بە 182 کیلۆمەتر دەکەوێتە رۆژهەڵاتی هەولێر.

چڕی لە دارەکانی گوێز و بەڕوو، وایکردووە، بەشێکی زۆری ماڵەکانی وەرتێ دیاربن، بەڵام زۆربەی درەختەکانیش ساچمەی جەنگیان بەسەرەوەیە.