سانتپترسبۆرگ- شاری شەوە سپییەکان
شاری سانپترسبۆرگ، لە سەردەمی قەیسەری رووسیا، پەترۆسی یەکەم لە ساڵی 1703 دەست بە دروستکردنی کراوە لەسەر دەریای نیڤا، لە کەندوای فینلەندا. بە یەکێک لە شوێنە گەشتیارییە بەناوبانگەکانی رووسیا و ئەوروپا دادەنرێت، بۆ ماوەی دوو سەدە پایتەختی وڵاتەکە بووە، پێشتر شارەکە ناوی پترۆگراد بووە، دواتر کراوەتە لینینگراد و لە 1991 ناوی سانپترسبۆرگی لێنراوە. لەم فیچەرەدا زانیاری زیاتر لەسەر باڵەخانە بەرز و جوان و مێژووی ئەو شارە وەردەگرین، کە بە دەرگەی رووسیا دادەنرێت بۆ ئەوروپا.
شارێکی جوان و بە هەیبەتە، شوێنە مێژوویی و گەشتیارییەکانی ناوبانگێکی زۆری لە هەموو دونیا پەیدا کردووە. ئەوە شاری سانت پترسبۆرگە.
تەنیا یەک ناوی نییە، دەرگەی ئەوروپا و رووسیایە، لانکەی شۆڕشە، هەروەها شاری سەر رووباری نێڤایە.
بۆ بی٧نینی ئەو شارە جیهانییە، رۆژانە سەدان هەزار گەشتیار سەردانی دەکەن. هۆکاری سەرەکی سەرنجڕاکێشی شارەکەش ئاوەدانی و باڵەخانە بەرز و جوانەکانە. کە بە مەککەی گەشتیاری جیهانی دادەنرێت.
دیمیتری ئیلیوشین، دانیشتوویەکی شارەکەیە دەڵێ "ئەو شتانەی کە پەترۆسی قەیسەر دەیویست لێرە دروستیان بکات، زۆربەیان دروستکراون، شارەکە لەلایەن وەستاکانی بیانی پلانی بۆ دانرا. ژیانی من لێرە زۆر خۆشە، ئەوە شاری منە".
ناوی شارەکە لە سێ وشە پێکدێ، سانت واتە ئازیز، پترس واتە هەوار، بۆرگ واتە شار. ئەو شارە لەسەر رووباری نێڤا دروستکراوە، کە دەرگەی دەریای باڵتیکە، لەبەر ئەوە چەندین رووبار و چەمی بچووک لەناو شارەکەدا هەن. کە دیمەنێکی جوانیان بە شارەکە بەخشیوە.
ئەوکاتەی کە قەیسەری گەورەی رووسیا پەترۆس لە سەدەی 18 بڕیار دەدات کە شارەکە بکاتە پایتەختی ئیمپراتۆرییەتی رووسیا، پلانی شارەکەش بە دەستی خۆی دادەنێ، ئاوەدانی و بیناسازییەکەی لە نوێوە دروستدەکاتەوە. نزیکەی 18 هەزار باڵەخانەی ئەو کاتە لەسەر لێواری رووبارەکە دروستکراون و ئێستاش ماون.
دوای شۆڕش، رووسیای سۆسیالیست دادەمەزرێ، بۆلشەڤیک، ناوەندی بەڕێوەبەرایەتی خۆی دەگوازێتەوە مۆسکۆ و ئیدی سانت پترسبۆرگ، چیدی وەکو پایتەخت نامێنێتەوە. دوای مردنی لینین ناوی لێدەنرێ لینینگراد، بەڵام دوای 70 ساڵ کە یەکێتی سۆڤیەت نامێنێ، ناوی سانت پترسبۆرگی لێدەنرێت.
ماریا کۆمارۆڤ، دانیشتوویەکی شارەکەیە و دەڵێ "ئەو شارە هەم رووسییە و هەم ئەوروپی، هەموو کاتێک ئێرە زۆر جوانە، هەرکەسێک داوای هاوکاری بکات، بەبێ دوو دڵێ هاوکاری دەکەین".
ئەو شارە چەند جوان و سەرنجڕاکێشە، هێندەش خەڵکێکی دڵنەرم و جوانی هەیە، دەمبەپێکەنین و دڵگەشن، هەرچوار وەرزی شاڵ شار جمەی دێت لە گەشتیار، بۆ دانیشتوانی شارەکە جێگەی دڵخۆشییە، ئەوان سەربڵند و دڵخۆشن، دە دەتوانن جوانی و خۆشی شارەکەیان بە خەڵکی جیهان پێشان بدەن.
بهشی بكه لە