سیاسەت بەناوی خەڵك!

18-01-2017
زریان رۆژهەڵاتی
نیشانەکردن پۆپۆلیزم كوردستان
A+ A-

لەوانەیە قسەكردن بەناوی "خەڵك" و "داواكاریی جەماوەر" رێگایەكی ئاسان بێت بۆ ئەوەی كەس یان لایەنێك پێگەی سیاسیی خۆی قایم بكات، بەڵام زیادەڕۆیی لەمەدا، شوێن بە عەقڵانییەتی سیا‌سی لێژ دەكات‌ و كاریگەرییەكی خراپ لەسەر كۆمەڵگە دادەنێ.

‌كوردستان لە شەڕێكی بێ ئاماندایە و هەڵەوگیری قەیرانێكی چەند سەرەی ئابووری - سیاسی بووە، ئەمەش رێك هەلومەرجی بۆ دەركەوتنی رەفتار و سیاسەتە پۆپۆلیستییەكان رەخساندووە‌.‌ هەڵبەت هەر ئەوە نییە، گەورەبوونی درز و كەلێنی ناعەدالەتی و گەندەڵی، بوونی كێشەی كولتووری و شوناس، كەمبوونەوەی متمانە بە دامودەزگا رەسمییەكانی حكومەتیش بوونەتە هۆی ئەوەی ئەمجۆرە سیاسەتانە گەشە بكەن. ئەو كاتەی ‌گەندەڵی و قەیران لە كۆمەڵگایەكی وەك هەرێمی كوردستاندا دەگاتە لوتكە، ویستی چارەسەری خێرا بۆ كێشەكان لەلای جەماوەر زیاتر دەبێت و ئەمەش بەستێنی گەشەكردن و دەركەوتنی پۆپۆلیزم و عەوامگەرایی دروست دەكات.

رەوتی گەشەكردنی پۆپۆلیزم لە كوردستان لەگەڵ باقی شوێنەكانی تری جیهان جیاوازیی هەیە. پۆپۆلیزمی نوێ‌ لە جیهاندا، لەگەڵ هاتنی خێرای ئابووری جیهانی، شەپۆلی كۆچ و تیرۆر و دروستبوونی هەڕەشە لەسەر شوناسی رەسەنی نەتەوەیی گەلان لە تەنیشت قەیرانی سیاسی و ئابووریدا پەیدا بووە، بەڵام ئەم رەوتە لە كوردستان، ئەولەویەتی بە پرسە ئابووری و سیاسییەكان داوە و بابەتەكانی وەك هەڕەشەی تیرۆر و گرفتەكانی شوناسی نەتەوەیی پشتگوێ‌ خستووە و دەشێ ئەم ئەنجامانەی لێبكەوێتەوە:

1- ناسەقامگیریی سیاسی

ئەو چارەسەرانەی پۆپۆلیستەكانی كوردستان دەیخەنە روو، زیاتر بەشێوەیەكی میدیاتیك و بە مەبەستی راكێشانی سۆزی خەڵك ئامادەكراون و پاشخانێكی عەقڵانیی بەهێزی لە پشت نییە. ئەمەش وادەكات كێشەی نێوان لایەنەكان درێژە بكێشێ و چارەسەری راستەقینەی بۆ نەدۆزرێتەوە و ناسەقامگیریی سیاسی بەردەوام بێت.

2- دروستكردنی كاریزما و رابەری بێ‌ ركابەری نوێ‌!

هەرچەندە لە روانگەی یەكەمدا جەماوەریبوون و قسەكردن بە ناوی خەڵك وەك شتی باش دێنە پێشچاو، بەڵام ئەزموونەكان دەریدەخەن كە ئەو سیستەمە حیزبی و دەوڵەتییانەی زۆرتر باسی جەماوەریبوون دەكەن، زیاتر مافەكانی خەڵك پێشێل دەكەن. لەمەشدا نموونەكانی یەكێتی سۆڤیەتی جاران و چین لەبەرچاون. لە كاتێكدا باسی مافی گەل و جەماوەر و رەتكردنەوەی دەسەڵاتی كەسەكان دەكرێت، وردە وردە ئەستێرە و كاریزمای نوێ بۆ رابەرایەتیكردنی خەڵك دروست دەكرێت. چونكە بەبێ بزوێنەرێكی رابەری، هیچ جەماوەرێك بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكان تەیار ناكرێت.

3- دووركەوتنەوە لە عەقڵانییەتی سیاسی

پۆپۆلیزم چەپ و راستی بۆ نییە و رەفتارێكە كە زیاتر لەوەی‌ رێگەچارەی عەقڵانی بۆ كێشەكان بدۆزێتەوە، ئیدیعای رێگەچارەی خێرا و ئاسان دەكات. جۆرێكی سیاسەتكردنە كە تێیدا‌ بە پشتبەستن بە ناڕەزایی و ترسی جەماوەر و كێشەكانی كۆمەڵگا، هەوڵی بەدیهێنانی ئامانجەكانی خۆی دەدات. بۆیە لێرەدا هەقە ئەو پرسیارە جەوهەرییە دووبارە بكرێتەوە كە ئایا دەشێ‌ سیاسییەكان بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەكانیان بە شێوەیەكی ماكیاڤیلییانە دەست بۆ هەموو ئامرازێك بەرن؟

4- پەراوێزخستنی نوخبە/ ئەلیتی سیاسی!

پۆپۆلیستەكان كەمتر گوێ بە دیدگای پسپۆڕان و نوخبەكانی كۆمەڵگا دەدەن و هەموو هەوڵەكانیان بۆ ئەوەیە قسەیەك بكەن، یان بابەتێك بورووژێنن كە مایەی دڵخۆشی و رەزامەندیی جەماوەر بێت. بۆیە زۆرجار لەچاو جەماوەردا،  وەك‌ فریادڕەسی كۆمەڵگا دەردەكەون! لەبەر ئەوە، رەزامەندییەكی كورتخایەنی جەماوەر دروستدەكەن، بەڵام لەوانەیە داهاتووەكەیشی وێران بكەن. تاقە رێگای بەرەنگاربوونەوەی شەپۆلی پۆپۆلیزم لە كوردستان ئەوەیە هەنگاوەكان بۆ چارەسەركردنی لاوازی و كەموكوڕییەكان خێراتر بكرێن و لە جیاتی یاریكردن بە هەست و سۆزی جەماوەر، رێگای سیاسەتێكی عەقڵانی بگیرێتەبەر.

لە كوردستان جیلێكی سیاسەتمەداری نوێ‌ پەیدابوون كە تازە پێیان ناوەتە دنیای سیاسەت و بەشێوەیەكی بێباكانە، لە میدیاوە دەست بۆ هەموو بابەتێك دەبەن. مەیلی زۆربەشیان بەرەو لای سیاسەتێكی پۆپۆلیستانە دەچێ‌! بە واتایەی دیكە زیاتر دەیانەوێت لاوازی و قەیرانەكان بۆ تەیاركردنی جەماوەر بەكاربهێنن. ئەمانە، زیاتر لە دامودەزگا جەماوەرییەكانی وەك میدیاوە روویان لە سیاسەت كردووە كە دەزگایەكی جەماوەری و پۆپۆلیستییە! ئەمجۆرە سیاسەتكردنە، قازانجی درێژخایەنی بۆ هیچ یەك لە ئەحزابی سیاسی نابێت و خەساری گەورە دروست دەكات. بارودۆخی هەرێمی كوردستان هاوشێوەی ئەو كەشتییەیە كە ئەگەر نوقم بوو، هەمووان تێدا دەچن نەك تەنیا گرووپ و لایەنێك!

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە